وەستا حەسەن وەڵامی سەركەوتی كوبە دەداتەوە
10/11/2013 نوسەر: bzavpress

وەستا حەسەن وەڵامی سەركەوتی كوبە دەداتەوە



بەڕێوەبەری ئێستای ئاسایش وەڵامی بەڕێوەبەری ئاسایشلا پێشوو دەداتەوەو رایدەگەیەنێت لەدیدی ئۆپۆزیسیۆنەوە ڕەخنە دەگرێت، چونكە لە (95%)ی تاوانەكانمان ئاشكراكردووە لەكاتێكدا لەسەردەمی ئەودا سەدان تاوان ڕوویداوەو نەدۆزراوتەوە.

عەمید حەسەن نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، پێگەی مەڵبەندی سلێمانی وەڵامی قسەكانی بەڕێوەبەری‌ پێشووی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ سەركەوت حەسەن  ناسراو بە(سەركەوتی كوبە) دەداتەوەو رایگەیاندووە "لەدیدی ئۆپۆزیسیۆنەوە ڕەخنە دەگرێت، چونكە لە (95%)ی تاوانەكانمان ئاشكراكردووە لەكاتێكدا لەسەردەمی ئەودا سەدان تاوان ڕوویداوەو نەدۆزراوتەوە، هەروەها لەسەردەمی ئەو بەڕێزەدا سەدان تاوان دوای ئاشكراكردنی لەلایەن ئێمەوە ئینجا زانیوییەتی، بۆیە ڕەخنەكانی لەجێگەی خۆیدا نییە".

عەمید حەسەن نوری محەمەد ئەمین ناسراو بە(وەستا حەسەنی ئاسایش)، رایگەیاندووە "ململانێ‌ سیاسییەكان زۆر زەقن، كە بەداخەوە هەندێك برادەر پێشتر لەناو ئاسایشدابوون‌و ئێستا لەناو ئۆپۆزیسیۆندان پێویستە بەدیدی ئۆپۆزیسیۆنەوە نەڕوواننە ئاسایش، چونكە ئاسایش پارێزەری ژیان‌و گوزەرانی هەموو لایەكە، ئێستاش دەبێت ئەم دەزگایە بەهی خۆیان بزانن".

عەمید حەسەن نوری، رایگەیاندووە "ڕاستە ئێستا خۆم ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیم، بەڵام بەدیدی یەكێتی ناڕوانمە دەوروبەر، بەدەیان كەسمان بەتاوانی جیاجیا دەستگیركردووە كە یەكێتی بوون، واتە بەچاوێكی یەكێتیانەوە لەئاساشیدا مامەڵەمان نەكردووە، پێویستە بیرلەوەبكەنەوە ساڵانێك لەم بوار‌و دەزگایەدا كاریان كردووەو دەزانن ئەرك‌و گرنگی ئەم دەزگایە چەندە بۆئەزموونەكەمان‌و ئارامی‌و ئاسایشی شار".

لەبارەی ڕەخنەكانی بەڕێوەبەری‌ پێشووی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی، كە‌ پێشتر لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو "گەر دەسەڵات مەبەستی‌ بێت، ئەو كەسانە دەدۆزێتەوە كە تەقە لەخەڵك دەكەن‌و لەو سەردەمەی‌ من لەئاسایش بووم زۆرینەی‌ هەرە زۆری‌ ئەو كارانەی‌ لەسلێمانیدا ڕوویاندەدا ئەنجامدەرانیمان دەدۆزیەوە‌و سزامان دەدان"، بەڕێوەبەری ئێستای ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاندووە "هەر تاوانێك جیاوازە لەتاوانێكی دیكەو سروشت‌و مۆركی خۆی هەیە، كە لەماوەی دەستبەكاربوونمان كۆمەڵێك تاوان لەمشارەدا ڕوویداوە، بەڵام لە (95%)ی تاوانەكانمان دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانمان لەمیدیاكانەوە ئاشكراكردووە، بەڵام هەندێك تاوان دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی كاتی دەوێت نەك لێرە، بەڵكو لەوڵاتانی پێشكەوتووش زۆركات بۆ هەندێك تاوان دوای چەندین ساڵ ئینجا تاوانبارەكان دۆزراونەتەوە، لەسەردەمی ئەو بەڕێزەشدا سەدان‌و هەزاران تاوان ڕوویداوە‌و نەش دۆزراوتەوە كە حاڵەتێكی ئاساییەو سروشتییە، بۆیە دەبێت لەسروشتی كاری ئاسایش‌و تاوان‌و دۆزینەوەی تاوانباران بزانین".

وەستا حەسەن، رایگەیاندووە "ئەو برادەرە، ساڵانێك بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بووە، كە سەدان تاوان ڕوویداوەو نەتوانراوە بدۆزرێتەوە، بۆ دەبێت كە ئێستا چووەتە ناو لایەنێكی سیاسی‌و ئۆپۆزیسیۆنەوە بەو شێوەیە باس لەئاسایش بكات، ئەو دەزگایەی كەنانی لێخواردووەو هاوڕێی خۆی تێدایەو هاوڕێی لێی شەهیدبووە، باشیش دەزانێت كە خۆی لێرەبووە، ئێمە لەلێپرسراوی بەشی لێكۆڵینەوە‌و ڕامیاری بووین دەیان‌و سەدان‌و هەزاران ئەركی خۆم بەپێی یاسا لەئاشكراكردنی تاوان ئەنجامداوە، ئەو دوای ئاشكراكردنیان زانیویەتی چی ڕوویداوە، بۆیە ڕەخنەكانی لەجێگەی خۆیدا نییە، خۆشی باش دەزانێت كە وانییە، چونكە لەماوەی بەڕێوەبردنی ئاسایشدا لەلایەن خۆیەوە بەسەدان تاوان ئەنجامدراوە هەر نەدۆزراوەتەوە، گەر بیرۆكەیەكی باشتری هەیە دەرگامان كراوەیە بۆ ئەوەی گوێی لێبگرین".

هـــ . ح

س. شارپریس