بانگەشەی دیمکراتی خەڵکانێکی ئیسلامی،پێشکەوتنە یان گۆڕان؟سیاسەتە یان دۆڕان؟
06/11/2013 نوسەر: bzavpress

بانگەشەی دیمکراتی خەڵکانێکی ئیسلامی،پێشکەوتنە یان گۆڕان؟سیاسەتە یان دۆڕان؟


ئاشکرایە ئادەمیزاد بەدرێژایی مێژو لە پێشکەوتن وگۆڕان و بیرکردنەوەدا بوەو دەبێ،ئازادە لەچی و چۆن و چ کاتێک دەیەوێ بیربکاتەوە،نەمۆڵەتی کەسی دەوێ نەڕەزامەندی،نەبازگەی لەپێشە نەفیزەی لێ داوادەکرێ،بۆ کوێ دەڕواو چۆنی دەوێ و چ کات ئارەزودەکا،بەخۆڕای و بێ گێرەو کێشە،دەست بەجێ،دەچێتە شوێنی مەبەست و بیرکردنەوەی خۆی ئەنجام دەدا،تەنانەت پرس و ئاگاداری ئەو لاشەیەیشی ناوێ کەبیروهۆشەکەی تێدا جێگیرە،بەکورتی هیچ کەسێ ناتوانێ رێگە لەبیرکردنەوەی بگرێ و کۆت و زنجیری بکا،بۆیە زۆر گرنگەو پێویستە ئادەمیزاد لەم ژیانە کورتەی دونیایدا،ڕاست بێ لەگەڵ خۆی و خەڵک،هەربیرو باوەڕێکی هەبێ،ئازادانە بێ پێچ و پەناو شەرم،ڕاشکاوانە بێ چەواشەکاری و درۆ،بەڕونی و ڕاستگۆیانە بیخاتە ڕوو،بوێرانەو بەجورئەتیشەوە وەڵامی پرسیاری چۆنیەتی دورست بونی ژیان لەسەر ئەم سەرزەمینە؟؟بەو هەموو ئاڵۆزی و وردەکاریەی کەلە پەیکەرو ناوەڕۆک وپێکهاتەو ئەرک و فەرمانەکانی ئەندامەکانی لەشی ئادەمیزادو گیانەوەرانی تردا دەبینرێ بداتەوەو؟؟ڕایەکی ڕون و ڕۆشن و وەڵامێکی دورست و ئیقناع کەری هەبێ،لەسەر چۆنییەتی پەیدابوون و هاتنەکایەی ئەم جیهانە فراوانە سەرسوڕهێنەرە بێ سنورە پڕ نهێنیەی،کەبەو شێوە جوان و ڕێک و پێک و منزم و بەرنامە بۆ داڕێژراوە بەڕێوە دەچێ و،هەموو مرۆڤە ژیرو خاوەن بیرو هۆشەکانی سەرزەمینی سەرسام کردوەو،لەدەرئەنجامدا چەندەها بیروڕای جیاوازو سیستەمی حوکمڕانی جۆراو جۆری هێناوەتە کایەوە،ئێمەلێرەدا تەنها باس لەسیستەمی دیموکراسی و ئیسلامی دەکەین،ئاشکرایە پاش ڕوخانی خەلافەتی عوپمانی هیچ حکومەتێکی ئیسلامی تائێستا نەهاتۆتەکایەوە،بەڵام سیستەمی دیموکراتی،ئێستاکە لەزۆر وڵاتداپەیڕەو دەکرێ و،باوی هەیەو دونیاکە بۆتە دونیای دیموکراتی،بەداخەوە خەڵکانێکی ئیسلامی عەقیدە لەرزۆکی ئێمەیشی خستۆتە مەلەو،جاران بەشەرمەوەو،ئێستاش بەئاشکراترو بەشانازیەوە،بانگەشەی دیموکراتی دەکەن و سازو مەقامی ئەوان لێ دەدەن!!!خاوەنی ئەو هزرو بیرەش دیارە گوڵەبەڕۆژە ئاسا هەر ڕۆژەو ڕو لەسیستەمێکی حوکم ڕانی باوی خاوەن ڕەواجی ئەو سەردەم و ڕۆژگارە دەکەن کەتیایدا دەژین!هەتا یەکێتی سۆڤیەت هێزی هەبوو،شیوعیەت و شۆسیالستی دەنگ و باوی هەبوو،هاوبیرەکانیان بانگەشەی نزیکی ئیسلامیان لە شۆسیالیستیەوە دەکردو،کتێبی ئیسلام و شۆسیالیستی و شۆسیالستی ئیسلامیان دەنووسی،ئیستاش ئەمریکا دەسەڵاتی هەیەو،دیمکراتی ڕەواجی هەیە،ئەو جۆرە خەڵکەمان،بەبێ هیچ شەرم و ئابڕویەک،باس لەدیموکراتی ئیسلامی و ئیسلامی دیموکراتی دەکەن و!!دەیانەوێ ئیسلام وەک پاشکۆیەک هەمیشە شوێن زانست و بیردۆزە جیاوازە ناسەقامیگیرەکانی دونیا بخەن و،لەگەڵ ڕۆژگاردا بیگونجێنن و دونیای خۆیانی پێ مسۆگەرکەن!ئەوەتا وەک دەبینرێ بانگەشەی دیموکراتیان گوێ کەڕ دەکا!!!
سەرەتا کورتە باسێکی هەردوو سیستەمی ئیسلامی و دیموکراتی دەکەم و،لەباسی حوکم ڕانی ئیسلامەوە دەس پێدەکەم،کەلەسەر بناغەی باوەڕ بەخودا دادەمەزرێت و،هەموو ئەحکامەکان لەسەرچاوەی قورئان و سونەتەوە هەڵدەگۆزرین و،چی چاکەو چی خراپەو؟دەبێ فەرمانڕەوا کێ بێ و چۆن بێ و؟خەڵکی چۆن ڕەفتار بکەن و؟چۆن نوێژو ڕۆژو حەج و زەکات و جیهادو سەرجەم خواپەرستیەکان ئەنجام بدرێ و؟خێزان چۆن پێکەوە دەنرێ و چ ئافرەتێ مارەی دێ و؟چ ئافرەتێ مارەکردنی حەرامەو؟ئەو دوو ڕەگەزە هەرلایەکیان چ ماف و ئەرکێکیاین لەسەرەو؟کامیان خاوەنی بڕیارن و؟چ جیاوازیەک لەڕەگەزی نێرو مێدا هەیە؟لەمیرات و شایەتی دان و خۆداپۆشین و بەتەنها سەفرنەکردن و؟هەروەها ئەحکامی قەزاوەتی نێوان خەڵک،لەدەس بڕینی دز بەمەرج و کاتی شەرعی خۆی و قامچی لێدانی زیناکەرو شەراب خۆرو،و سەرجەم حوکمە شەرعیەکانی تر هەمووی خودا دیاری کردووەو بڕاندویەتیەوەو،هیچ شوراو پەرلەمان و کەس و زانایەک بەخەلیفەی موسڵمانانیشەوە ناتوانێ حوکمێکی شەرعی لەحەرامەوە بگۆڕێ بۆ حەڵاڵ یان بەپێچەوانەوە( وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَنْ يَكُونَ لَهُمْ الْخِيرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ وَمَنْ يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا مُبِينًا
کەواتە ئەو خەڵکانەمان کەخۆ بەپێشکەوتو خواز دەزانن و بەناوی ئیسلامەوە قسە دەکەن و،کێ بڕکێی دیموکراتی خوازەکان دەکەن و،دەڵێن ئێمە دیموکراتی ترین!دیموکراتی ئێمە تاسەر ئێسقانە!قسەکانیان هی گیرفانی خۆیانە!ئەوەش خەڵەفانە بەناوی پێشکەوتنەوە،ڕێبازی پێغەمبەر بگۆڕی و خۆت بەدیموکراتییەوە هەڵواسی و خۆت پێ براوە بێ،ئەگەر بەسیاسەتیشی دەزانن،ئەوە دۆڕانە نەک سیاسەت،سیاسەتی ئیسلامی پابەندییە بەشەریعەتی خوداوە،لەمامەڵەو هەڵسوکەوتدا لەگەڵ دۆست و دوژمن،نەک لادان و دین گۆڕین و چاولێکەری و شوێن قەرەباڵغی کەوتن!!!.
پاشان دێمەسەر سیستەمی دیموکراتی،سەرەتا وشەی دیموکراتی زاراوەیەکی زۆر کۆنەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانیەکان،لە دوو وشە پێک دێ(دیمۆس واتە گەل،قراتۆس واتە حوکم)چەند پێناسەیەکیش لەخۆ دەگرێت،لەهەمووی دیارترو گشت گیرتر ئەوەیە کە دەڵێ:(دیموکراتی حوکمی گەلە لەلاین گەلەوە لەپێناو گەل و بۆ گەل)،پێک دێت لەپێکهاتەی ئەو گەلە،بەهەموو چین و توێژو دیدو بیروڕا جیاوازەکانەوە کەبیری دیموکراتیان هەیەو بنەماکانیان قبوڵە،لەسەر ئەو بناغەیەش گەل نوێنەرەکانی خۆی بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرێ،حکومەتی گەل(دیموکراتی) دێتەکایەوە،لەڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە(ئەندام پەرلەمانەکان)،ئەو یاساو بڕیارانەی دەیانەوێ دەریدەکەن و،ئازادن چۆن بیردەکەنەوەو چۆن بەرنامەی ژیان و گوزەرانی خۆیان دادەنێن و،چی قەدەغە دەکەن و چی ڕێ پێ دەدەن،چەند و چی لەبەرنامە ئاسمانییەکان قبوڵ وپەسەند دەکەن،بەبێ هیچ سانسۆرو قەدەغەکاری و ڕەچاوکردنێکی شەریعەت و گوێدانە حەرام و حەڵاڵ،ڕای زۆرینەش یەکلا کەرەوەی هەمو داواکاری و ناکۆکییەکانە،کەواتە جەوهەرو گەورەترین شادەمارو سەرەکیترین پایەو بنەماو بەردی بناغەی ئەو بەرنامەو سیستەمە:ئەوەیە کەدەڵێ((گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵات و بڕیارەکانە))،دوای ئەو شادەمارەش ئازادی تاک و پاراستنی مافی مرۆڤ دێ و لەژێر ئەو چەترو ناوەدا یەکسانی ڕەگەزی نێرو مێ بەرجەستە دەبێ.
دوای ئەو کورتە باسەی ئیسلام و دیموکراتی بەڕونی دەردەکەوێ،ڕای زۆرینەی خەڵک و ئازادی ڕەها،کەدوو شادەمارو جەوهەری دیموکراسین،هەرلەڕێوە،بەدیاری کردنی ئەحکامی حەرام و حەڵاڵ لەلایەن خوداوە،هەڵدەوەشێتەوەو،بانگەشەی دیموکراتی ئەو خەڵکە بەناو ئیسلامیەی ئێمە پوچەڵ دەبێتەوە،بۆ ڕونکردنەوەی زیاتریش هەندێ،جیاوازی بنەڕەتی و جەوهەری تریش زەقدەکەمەوەو دەخەمە ڕوو،بەراوردو دادوەریەکەش بۆ خەڵکە شارەزاو دیندارو خاوەن ویژدانەکان بەجێ دەهێڵم بڕیاری خۆیان بدەن،من لێم تێک چوەو لەڕێ لام داوە؟؟؟یان قسەکانی من شەرعین و ئەوانەی بانگەشەی دیموکراتی دەکەن گۆڕاون؟دەیانەوێ دوو بەرنامەی لەبناغەو سەرچاوە جیاوازی دژ بەیەک،لەیەک کاتدا بەیەک دەس هەڵگرن!!!
*لەسیستەمی دیموکراتی گەڵ سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەکانەو پەرلەمان مافی یاسا دانانی هەیە،هەموو بابەتە مشت و مڕ لەسەرەکان بەشێوەیەکی ڕەها بەزۆرینەی دەنگ یەکلا دەکرێنەوە،هەردوو ڕەگەزی نێرو مێ یەکسانن و ئازادن لەهەڵسوکەوتەکانیاندا بەئەنجامدانی کاری سکسیشەوە((تەنها مەرجیش ڕەزامەندی تاکەکان و بالغ بون و پابەندییە بەڕێنماییەگشتیەکانەوە))،ئافرەت ئازادە هاوسەرگیری لەگەڵ کێدا دەکات،مرۆڤەکان ئازادن هەر ڕۆژەی لەسەر چ دینێک بن،مرۆڤەکان ئازادن گۆشتی سەگ و بەرازو پشیلەو مشک و هەر گیانەوەرو پەلەوەرێک بخۆن و هەرشەرابێک بخۆنەوە،مرۆڤەکان ئازادن چ پۆشاکێک وچۆن لەبەری دەکەن،ئافرەت ئازادە بەتەنها سەفەر بکات و بەتەنهاش لەگەڵ پیاوێکی نامەحرەم دوو بەدوو لەلێواری دەریایەک یان لەخانویەک پێکەوە بمێننەوە،ژن و پیاو وەک یەکن لەماف و ئەرکدا.
لەئیسلامدا:سنورو چواچێوەی ئەحکامە شەرعی و هێڵەگشتیەکان لەلایەن خوداوە دانراوە،موسڵمان تەنها دەتوانێ قسەلەسەر ئەو بابەت و باسانە بکات کەخودا لەقورئان یان لەڕێگەی پێغەمبەرەوە نەیبڕاندبێتەوە،مەسئەلە شەرعیەکان بەبەڵگەی شەرعی و پلەی بەهێزی بەڵگەکان یەکلادەکرێنەوە نەک زۆرینە،ئازادییەکان سنوردارە،تەنانەت لەنێوان ژن و مێردیشدا پیاو ناتوانێ بە ئارەزوی خۆی لەهەموو کات و بەچ شێوەیەک دەیەوێ ئارەزوی خۆی دامرکێنێ(وەک کاتی سوڕی مانگانەو پاش منداڵ بوون و حاڵەتی تریش)،لەشەرعی ئیسلامدا ئافرەت بۆی نیە هاوسەرگیری لەگەڵ کافرو بێ باوەڕ و جولەکەو گاوردا بکات و وەلی ئەمری خۆی بێت لەکاتی مارەبڕینیدا(هەڵبەتە بەڕەزامەندی خۆی کەبەمەرج گیراوە)،سەبارەت بەپیاویش ناتوانێ هاوسەرگیری لەگەڵ موشریک و بێ باوەڕدا بکات،بەڵام دەتوانی ئافرەتی گاورو جولەکە مارەبکات و وەلی ئەمری خۆیەتی لەژن مارەبڕینیدا،لەشەریعەتی ئیسلامدا مرۆڤەکان پێش قبوڵ کردنی ئیسلام ئازادن موسڵمان بن یان کافر،سەرپشکن لەوەی ئیسلام هەڵدەبژێرن یان هەردینێکیتر،بەڵام پاش وەرگرتنی ئیسلام بەویست و ڕەزامەندی خۆیان کەیەکێک لەمەرجەکانی ئەوەیە هەرکەسێ ئیسلامی قبوڵ کردو لەدین حاڵی بوو بۆی نیە لەدین هەڵگەڕێتەوە،گەر لەدین هەڵگەڕێتەوە و تۆبە نەکات،دوچاری سزا دەبێتەوە،لەئیسلامدا ناتوانی حەزت لەگۆشتی هەرگیاندارو پەلەوەرێک بوو بیخۆیت،دەبێ تەنها گۆشتی ئەوانە بخۆیت کەحەڵاڵەو،ئەو نۆشیدەنیانەش بخۆیتەوە کەسەرخۆشکەر نین،لەئیسلامدا دەبێ ئەو جێگانەی کەشەرعی خودا لەپیاوو ئافرەت بەعەورەت دیاری کردووە داپۆشراو بێت و،نابێ پۆشاکەکە تەنک و تەسک بێت و هەندی لەئەندامە سەرنج ڕاکیشەکانی ئافرەت و پیاوی تیا بەرجەستەبێ،ناشبێ پیاو ئاڵتون لە دەست بکات و،پۆشاکی ئاورێشمی بپۆشێ جگە لەهەندێ حاڵەتی تایبەت نەبێ،نابێ ئافرەت بەتەنهاو بەبێ مەحرەم سەفەر بکاو بەتەنها لەگەڵ پیاوێک لەخانویەک یان لەشوێنیکدا کەسی لێ نەبێت پێکەوە بن،لەئیسلامدا ژن و پیاو لەمیرات و شاهیدی دان و بون بەخەلیفەو پێش نوێژی کردنی نوێژی جەماعەت جیاوازیان هەیە،نەفەقەو خەرج لەسەر ڕەگەزی نێرەو،لەمیراتدا پیاو دوو بەرانبەری ئافرەت دەبات(لەهەندێ حاڵەت نەبێ)و،شایەتی دوو ئافرەت بەرانبەر یەک پیاوەو،هەندێ جیاوازی تریش
لەکۆتاییدا جارێکیتر دەڵێم،چۆن ناکرێ ئێمە لەیەک کاتدا موسڵمانیش و جولەکەش بین،کەچەندەها خاڵی هاوبەشی گرنگ لەنێوانماندا هەیە،وەک باوەڕ بەخوداو فریشتەکان و ڕۆژی دوای و چەندەهای تر،بەهەمان شێوە ناکرێ ئێمە ئیسلامی بین و دیموکراتیش،بەشانازیەوە ڕای دەگەیەنین بەرنامەکەمان گشتگیرو تێرو تەواوو بێکەم و کوڕیە،بۆهەمووکات و شوێن و میلەتێکە،لەلایەن خودای زاناو داناوە نێردراوە،نەزیادی هەیە لێی فەرامۆشکەین،نەکەمی هەیە بۆی قەرزکەین((الْيَوْمَ أَكْمَلْت لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْت عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيت لَكُمْ الْإِسْلَامَ دِينًا)بەوخەڵکە لادەرەش دەڵێین:لەژێرفشاری زۆرینەو کاریگەری بەرنامەکانیتر،نابێ شەرم بکەین لەڕاگەیاندنی ئیسلام وەکو خۆی،دینی خودا ئەمانەتە،ئەحکامەنەگۆڕەکانی سازشی لەسەر ناکرێ،گۆڕینی لەسەروی دەسەڵاتی ئێمەدایە.