برووسکەو ترووسکە، ئەو دیوانە شیعرییەی نەھێڵرا لەدایک ببێت
05/11/2013 نوسەر: bzavpress

برووسکەو ترووسکە، ئەو دیوانە شیعرییەی نەھێڵرا لەدایک ببێت




کاک بەھمەن ئیبراھیمی ھاوڕێی خۆشەویستم کە خاوەن قەڵەمێکی بە بڕشت و خاوەن توانایەکی بەھێزە لە ھۆنینەوەی شیعرو خستنە پێشچاوی خەم و ھەمی موسڵمانان، لەماوەی ڕابردوو ھەوڵێکی باشیدا بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم شیعرەکانی و، چاپکردنیان لە دوو توێی کتێبێکدا... ھەموو ئامادەکارییەکمان بۆ کردو، کاتی لەدایک بوونی ھات و، چووینە کتێبخانەی گشتی بۆ وەرگرتنی ژمارەی سپاردن بۆی، ھەرجارەو بە بیانوویەک دواخرا کە کەمتەرخەمی خۆشمانی تێدا بوو، کۆتا جار پێیان ڕاگەیاندین کە شیعرێکی تێدایە بۆ مامۆستا کرێکار نووسراوەو باسی ئەو دەکات، دەبێت ئەوەی تێدا نەبێت ئەگینا ژمارەی نادرێتێ، ئەومان لابرد، بەڵام ھەر دەیانوت دەبێ چاوی تری پێدا بخشێنینەوە، ئەمڕۆ (٢٠١٣/١١/٤) کە چووینەوە بۆ وەرگرتنی ژمارەی سپاردنەکە، ھەر لە ڕێــوە یەکێک لەو خوشکە بەڕێزانەی لەوێ بوو گوتی: مەبەستت برووسکەو ترووسکەیە.؟! وتمان بەڵێ.! گوتی: بەھیچ شێوەیەک ژمارەی نادرێتێ..! گوتمان بۆچی.؟! گوتی: لەبەر ئەوەی مەترسی و کاریگەری زۆری ھەیە بۆ سەر "ئەمنی قەومی".!
ئیتر زۆر بەلامانەوە سەخت و گران بوو، داخۆ ئەمنی قەومی کامە بێت.؟! وە بۆچی ئەوەندە ناسکە کە بە ھەستێکی پاکی شاعیرێک بێتە لەرزەو ڕمان..؟! ئایا لەم ووڵاتەدا تا ئێستا ھەر ئەمە بۆتە مایەی مەترسی بۆ ئەمنی قەومی کوردی.؟! خۆ ئێمە دەبابەو چەکی کۆمەڵکوژمان ئاودیوی ووڵاتی خۆمان نەکردووە تا قەومییەتییەکەی بخەینە مەترسییەوە...! چ سڕێکە گوڵم.؟!
بەو خوشکە بەڕێزەمان گوت: ڕۆژانە دەیان کتێب و دیوانی شیعری لەم وڵاتەدا چاپ دەکرێن و ھەر ئێوە ژمارەی سپاردنی دەدەنێ، کە سووکایەتی بە خواو بە پێغەمبەرو بە موقەدەساتی ئەم دینە دەکرێت، بۆچی ئەمە مەترسی بۆ سەر قەومییەتی کوردی نییە.؟! ھەر کتێبەکانی سەید قوتبی ڕەحمەتی و عبداللە عەززام و ئەبوو موحەممەدی مەقدیسی و شێخ عبدالقادر عبدالعزیزو دەیانی تر دەکرێنە کوردی، ئایا تا ئێستا ئەمنی قەومی لەبار چووە یا لافاو بردوویەتی، ئیتر ئەمە چ گەمەیەکە.؟! ئەو خوشکە بەڕێزە ووتی وەڵا ئێمە ئیتر بڵێین چی، ئێمەش بە تەعلیمات ئیش دەکەین..!
کاک بەھمەن ھیچی خراپی نەوتووەو خراپ گوتنیشی لێ ناوەشێتەوە، تەنھا دەیەوێت بە ڕووی ئەو سەدان شاعیرە دەم چەورکراوەدا بووەستێتەوە کە ڕۆژانە تیری بێ ویژدانی و بێ ئەدەبی خۆیان دەگرنە خوا، پێغەمبەر، ئیسلام، موسڵمانان..؟! کاک بەھمەن بەنیازە خۆی بکاتە قەڵغان و لەمپەر لە بەردەم تیری شاعیرانی ئەھلی کوفر... دەیەوێت – حەسسان ئاسا – بەرگری لە پێغەمبەرەکەی و لە موسڵمانان و گەنجە زیندانییەکانی ئیسلام بکات...
کاک بەھمەن گیان.! مژدەت لێ بێت ھەر پەرتووکێک سووتێنرابێت، یا ڕێگە لە چاپکردنی گیرابێت، یا سانسۆر خرابێتە بەردەمی، ئەوە ئەوەندەی تر لە ناخ و بیری خەڵکیدا دەوڵەمەندتر دەبێت... گرنگی پەیدا دەکات... خەڵکی بە تاسەوە بە پیرییەوە دەچن... دەپرسن ئەو کتێبە کامەیە کە ئاسایش و وەزارەتی ڕۆشنبیری و حکومەت ھەر بەریان پێدەگرت و کەچی ھەر لە دایکیش بوو و بەری خۆریشیان پێ نەگیرا..؟! بۆیە تۆش چاوەڕێی ئەوە بە کە خەڵکی و ھاوڕێیانی خۆت نوسخەی نێو کتێبخانەکەی خۆشتت ببەن لەبەر گرنگییەکەی..!
تێبینی: ئەوەی کە بە (کۆ) قسەم دەکرد، ھەر شێوازێکی نووسینی خۆم بوو، ئەگینا ھەر خۆم چووم بۆ کتێبخانەو گفتووگۆم لەگەڵ ئەو خانمە بەڕێزە کرد..!