كۆمه‌ڵه‌ی ئۆتیزمی هه‌ولێر ماوه‌ی یاسایی به‌سه‌ر‌چووه‌ و شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه‌
03/11/2013 نوسەر: bzavpress

كۆمه‌ڵه‌ی ئۆتیزمی هه‌ولێر ماوه‌ی یاسایی به‌سه‌ر‌چووه‌ و شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه‌



به‌رپرسی پێشووی راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵەكەنهێنی وازهێناكه‌ی ئاشكرا ده‌كات

دوای پێنج مانگ و نیو له‌ وازهێناكه‌ی، فه‌ره‌یدون بێوار به‌رپرسی پێشووی راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵه‌ی ئۆتیزمی هه‌ولێر، نهێنی وازهێنانه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌مانگی پێنجه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه‌و ئێستایش ماوه‌ی یاسایی به‌سه‌رچووه‌.
به‌گوێره‌ی ده‌قی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی ناوبراو، كه‌ وێنەیەكی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن نێراوە و به‌رواری 12/5/2013ی ئه‌مساڵی پێوه‌یه‌،نابراو ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌ كۆی 7 كه‌س له‌ ده‌سته‌ی كارگێری و یه‌ده‌گ، 4 كه‌سیان وازیانهێناوه‌، واته‌ له‌نیوه‌ زیاتر وازیان هێناوه‌، بۆیه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵه‌ له‌و به‌رواره‌وه‌ به‌هه‌ڵوه‌شاوه‌ هه‌ژمار ده‌كرێ و داوای كردووه‌ به‌ستنی كۆنگره‌ پێشبخرێ و منحه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ رابگیرێت.
هۆكاری وازهێنانه‌كه‌شی گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی ململانێی شه‌خسی و نه‌شاره‌زایی ستافه‌كه‌ و خۆخه‌ریك كردن به‌ شتی لاوه‌كییه‌وه‌.
ئه‌وه‌ش روونكراوته‌وه‌ كه‌ 22/10ی ئه‌مساڵ ماوه‌ی یاسایی ده‌سته‌ی كارگێڕی ته‌واو دەبێت، بۆیه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و كاته‌بێ،ئه‌وا ماوه‌ی یاسایی كۆمه‌ڵه‌ی ئۆتیزمی هه‌ولێر به‌سه‌رچووه‌.

ده‌قی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌

بۆ بەرێز/ كۆمەڵەی ئۆتیزمی هەولێر
بابەت: دەست لەكاركێشانەوە
 هەر دوای كۆنگرەی دوو لە 15/9/2011، كێشەوگرفت و كوتلەكاریی لەناو دەستەی كارگێڕی كۆمەڵە لەهەولێر سەریهەڵدا، هەر بۆ ئەو مەبەستە پرۆژەیەكم دایە كۆمەڵە بۆ چارەسەری كێشەكان و ستراتیژییەتی كاركردن، بەس بەداخەوە كاریی پێنەكرا، تاوای لێهات كێشەكان قوڵبوونەوە، دوای چەندین كۆبونەوەو دانیشتن لەگەڵ بەرپرسی بەشی كۆمەڵەكان لەوەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای هەولێر سەرۆكی پێشوو لادراو سەرۆكی نوێ دانرا، گەیشتینە رێكەوتنێك، بەڵام بەداخەوە بەهۆی كەمئەزموونی لەكاریی رێكخراوەیی و پێك ناكۆك و نەگوونجانی ستافی دەستەی كارگێڕی، كێشەكان هەر بەر دەوام بوون و لەجیاتی كاریی جدی و ستراتیژی بۆ مناڵەكان خەریكی كاریی لاوەكی و رواڵەتی بووین. من پێموایە لە ئاست گەورەیی خەمی مناڵانی ئۆتیزم دا نەبووینە، بۆیە دەست لەكار كێشانەوەی خۆم رادەیەگەیەنم و لەمڕۆوە چیتر پەیوەندیم بە كۆمەڵەوە نەماوە، لەبەر ئەوەی
1:پێموایە كۆمەڵە لەرێڕەوی راستەقینەی خۆی لایداوە، لەلایەك دەستە پابەندی خاڵ و بڕیارەكانی كۆبوونەوەی دەستەی كارگێڕی نابێ، لەلایەكی تریشەوە لەجیاتی خزمەتكردن و كاریی ستراتیژیی بە كاری لاوەكییەوە خەریكین و، نەمانتوانیوە پرۆژەی گرنگ لەبواری پەروەردە و تەندروستی و.... ئامادە بكەین و خولی راهێنان بۆ دایك و باوكان بكەینەوەو تەنسیق لەگەڵ رێكخراوەكانی بیانی بكەین و، شاندی بیانی بهێنینە هەرێم، لەمڕوەوە هەماهەنگی و راوێژ لەگەڵ لقەكانی كۆمەڵەدا نییە، ئەویش بەهۆی كەمئەزموونی دەستەی كارگێڕی لەكاریی رێكخراوەیی و قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكان، كە كۆمەڵە و مناڵەكانمان بوونەتە قوربانی ململانێی شەخسی. بۆیە دڵنیاتان دەكەمەوە كەهەتاسەر ماڵباتی تووشبووانی ئۆتیزم لەم دۆخە بێدەنگ نابن.
2: دەستەی كارگێڕی ژمارەیان (5) كەسە لەگەڵ (2) یەدەگ، بەهۆی كێشەناوخۆییەكانەوە، لەكۆی پێنج كەسەكە سێ كەسمان دەستمان لەكاركێشاوەتەوە، هەروەها لەكۆی دوو یەدەگ یەكە كەس دەستی لەكاركێشاوەتەوە، واتە (50+1) نیوەی زیاتر دەستی لەكاركێشاوتەوە، بۆیە من پێموایە لەم ساتە وەختەوە كۆمەڵە بە هەڵوەشاوە هەژمار دەكرێت و شەرعییەتی نەماوە، داوا دەكەم كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵە پێشبخرێت، كەخۆی لە 22/9/2013ی ئەمساڵ كۆتایی دێت و شەرعیەتی نامێنێ.
3: داوا لەلایەنی پەیوەندیدار دەكەم منحەی ئۆفیسی هەولێر رابگرێت تا كۆنگرە دەبەسترێت كە بڕەكەی 2 ملیۆن دینارە.
 4: من ئەندامی لیژنەی كڕیار بوومە، بەڵام هەتا ئێستا تۆماریی داراییم واژوو نەكردووە و وردبینیم تێدا نەكردووە، چونكە هەستمكردووە خەلەلی فەننی تێدایە، بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنم كە من بەرپرسیار نیم لەهەر كەم و كوڕییەك كە لەتۆمارەكانی دارایی دا هەبێت.
 5: كۆنۆسی كۆبوونەوەی مانگەكانی 3و4و5 لەگەڵ چالاكییەكانی مانگەكانی تائێستا ئامادە نەكراوون و من واژوو لەسەریان نەكردووە.
 6: داوا لە لقەكانی سلێمانی و دهۆكیی كۆمەڵەی ئۆتیزم دەكەم لەمڕوەوە هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەبن و رێگە نەدرێ كۆمەڵەی ئۆتیزم بەرەو ئاراستەیەكی نارێك دا هەنگاو بنێت.
لەگەڵ رێزمدا...
فەرەیدون بێوار

ئەندامی دەستەی كارگێڕی و بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان هەولێر، 12/5/2013