ئەزمەی یەکێتی چیەو بەرەو کوێ،نەوشیروان مستەفاو گۆڕان چی بکەن؟
30/10/2013 نوسەر: bzavpress

ئەزمەی یەکێتی چیەو بەرەو کوێ،نەوشیروان مستەفاو گۆڕان چی بکەن؟





ڕابەری سیاسی حیزبێک،نەتەوەو نیشتیمانێک،لە پرۆسەیەکی بەرهەقی مێژوییدا دروست دەبێت، ئەوە مێژوە دەتوانێت کەسایەتییەکی وەک غاندی یان ماندێلاو ئاپۆ دروست بکات نەک خودی کەسەکان ئەگەر ماناکانی سەرۆکایەتیان تێدا نەبوبێت و چەکەرەی نەکردبێت وباڵای نەکردبێت وگەورە نەبوبێت، بۆ نموونە جەلال تالەبانی جگە لەوەی کە خۆی ماهیەتی سەرۆکایەتی تێدا بوە،جا ئێمە لە خیانەتەکانی ولە هەڵەکانی و خراپ تێگەیشتنەکانی دەگەڕێین،بەلام توانیویەتی ببێتە رابەری یەکێتی نیشتیمانی،بەڵام مەسعود بارزانی ماهیەتی سەرۆکایەتی تێدانییەو تەنها بۆماوەییەو کوڕی مەلا مستەفایە وەک شوێن گرەوە نەک خۆی لە پرۆسەیەکی مێژوییدا توانایی فکری و سیاسی خۆی ومێژووی روداوەکان دروستیان کردبێت،هەرلەبەرئەوەیشە ئەواساڵانێکە گوایە سەرۆکی هەرێمە بەڵام نەیتوانیوە هەنگاوێک وەک سەرۆکی هەرێم بنێت وبەناوی بنەماڵەیەکیشەوە سەرۆکایەتی پارتێکی کوێرو کەڕو نائەقلانی دەکات.
ڕێبەری سیاسی ئەو کەسەیە کە لە نەبوو شت دەخولقێنێت،خەتی سیاسی وفکری دەدات،سیاسەت دادەڕێژێت و وەک زانستێک تەعامولی لەگەڵدا دەکات ولەو پەڕی تەنگانەو شکستدا دەتوانێت خۆی وحیزبەکەی،خۆی و نەتەوەکەی دەرباز بکات و بیگەیەنێتە شوێنی مەبەست،شارەزا لە  مێژوو،لە زانستی سیاسەت،لە کون وکەلەبەرەکانی کۆمەڵگا،وەڵامدەرەوە بە سەرخان و ژیرخانی کۆمەڵگا،واتە دەشبێت کۆمەڵناسێکی زۆر باش بێت بەتایبەت ئەو کۆمەلگایەی خۆی تیێدا دەژی و پیویستیشە  بتوانێت پەیوەندیەسیاسیەکان،ئابوریەکان،دیبلۆماسیەکان ببینێت و چۆن لەگەڵ دنیایی دەوروبەردا سازی بدات و پێچەوانەی دەکاتەوە بە قازانجی بزوتنەوە وگەلەکەی.
یەکێتی نیشتیمانی تا بە ئێستا نەیتوانیوە یەک ڕابەری سیاسی  سەرشناس و بە ئۆتۆریتە دروست بکات، واتە جگە لە ئەزمەی ئیخلاقی سیاسی ئەزمەی سەرکردەی هەیە،جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بەرلەوەی یەکێتیش هەبێت ئەوان وەک دوو کەسایەتی کە ئەقڵی ڕێبەریکردنیان هەبوە  خۆیان هەبوون، واتە بەرهەمی پرۆسەی مێژووکردی یەکێتی نین ،ئەوان هێزیان داوە بەیەکێتی بەلام یەکێتی هێزی نەداوە بەوان،هەرئەوەیشە تا نەوشیروان مستەفا لەگەڵ تاڵەبانیدایە یەکێتی لەو پەڕی هیزدایە،کە تالەبانی تەنها دەکەوێت ناتوانێت کێشەکانی یەکێتی چارەسەربکات وهەموو کەڵەکە دەبێت و دەیداتە دەست ئایندە، ئاخرچ لە شاخ و چ لە شار وەختێک تاڵەبانی بەساڵان دەڕواتە دەرەوەی ولات، نەوشیروان مستەفا کە ئەقڵی سیاسی وڕێبەریکردنی هەیە دەتوانێت یەکێتی بگرێتە دەست و لە هەموو دوژمنەکانی بیپاریزێت ولە تەنگانەترین کاتدا کە سەردەمی ئەنفالە یەکێتی بە پێوە ڕادەگرێت و گروپی پارتی زانی دروست دەکات و بەرنامەی ڕاپەڕین دادەڕێژێت ولە تاریکترین کاتدا دەمێنێتەوە،ئەمە ڕێک دوای ساڵی هەزارو نۆسەدو هەشتاو حەوتە کە تالەبانی لە ئێرانەوە دێتە دەرەوەو تا دوای ڕاپەڕین کوردستان نابینێتەوە،کە نوتەکترین کات بووە بۆ یەکێتی،بەڵام نەوشیروان مستەفا بە پێوە ڕایدەگرێت و دەبیتە خوێن بۆ دەمارەکانی.
جگە لەگەنەخۆری وتالانچێتی وقاچاخچێتی بوونی سەرانی یەکێتی،من وایدەبینم یەکێتی ئەوکاتە دۆراندی وشکستی خوارد کە نەوشیروان مستەفا ڕۆیشت،نەک کۆمەڵێ هەڵوێست کە نەخوێنەوارەکانی یەکێتی ودەرەوەی یەکێتی باسیدەکەن،گڵۆڵەی یەکێتی ئەوکاتە کەوتە لێژی ولێرەوە تالەبانی تەنها کەوتەوەو ئەمیش یەکێتی بۆپیرۆز نەماوهەموو هەوڵی خستە کار بیکات بە قوربانی پۆست وپارەو  مانەوەی دەسەلاتی خۆیی و بنەمالەکەی،هەرواشی کردو باشی دەزانی کە یەکێتی بەرەو داڕزانی حەتمی دەڕوات وچارەیەکی تری نەماو خۆی فتوای کۆتایهاتنی یەکێتی دا.
هەرئەوەیشە وەختێک نەوشیروان مستەفا دەڕوات دەتوانێت لە نەبوو بزوتنەویەک بخولقێنیت، بەدەر لەوەی کە ناڕەزایەتیەکان وجودیان هەبوو خەلکی توڕە بوون لە دەسەلات ،کۆمەڵێک کارئەکتەر کاریان دژی دەسەلات کردبوو،زەمینەیەک بۆ هاتنی بزوتنەوەیەک دروستکرابوو،خەلکانێکی توڕە مێژویەکی دژایەتیکردنی یەکێتی وپارتیان خولقاندبوو،بەلام کەسیان نەیان توانیبوو ببنە ڕابەرێک و هەموو ئەمانە بقۆزنەوەو بیکەنە جولانەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی،بەڵام نەوشیروان مستەفا توانی،لەم بەرەوە یەکێتی هەرداڕزاو سات لە دوای سات بەرەو دوا ڕۆیشت،چونکە جگە لەتالەبانی یەک کەسی تێدا نەبوو کە ئەقڵیەتی ڕێبەرایەتی تێدا بێت ویەکێتی و نیشتیمان و نەتەوەی بۆ مەسەلە بێت، تاڵەبانی خۆیشی وەک لەسەرەوە ئیشارەم پێداوە یەکێتی بۆ مەوزوع نەماو دوای قازانجی پۆست و پارە کەوت بۆ خۆی و بنەمالەکەی،لێرەوەیە وەختێک تاڵەبانی کۆتایی دێت هەموو مندالەکانی هەتیودەکەون و لەبەردەم دەرگای یەکیتیدا دەگرین و لوتیانم دەسڕن، دەستەپاچەو زەلیل دێنە پێش چاو هەمویان بەردەبنە گیانی یەکترو ئۆباڵی نەزانی و ساویلکەیی وشکستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی خۆیان دەخنە پاڵ بزوتنەوەی گۆران ونەوشیروان مستەفا،لەکاتێکدا راستیەکەی ئەوەیە سەرانی ئەمڕۆی یەکێتی بەرلەوەی سیاسی بن بازرگانن،حیزبی زیندوی ئاست بەرزو سەردەمیانە ،نەک ئەمانە ناکات بە ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی،ئەوانە هەقیانە لە مەڵبەندەکاندا،لە کومیتەکاندا،وەک کادری سەرەتایی جێگا بگرن نەک وەک ئەم ناوە گەورە بەلام  لە ناوەرۆکدا پوچە" ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی"زۆربەیان کە قسە دەکەن  من گریانم دێت بۆ کاڵفامی و نزمی ئاستی ڕۆشنبیریان،کێشەی یەکێتی جگە لە دزی وتالانی و بێڕەوشتی دژی گەلەکەمان،خۆی لەگەڵ خۆیدا کێشەی هەیە،خۆی رابەری بە ئۆتۆریتەو سەرشناس و بەتواناو پڕی نیە لە بارەی مەعریفەی سیاسی و زانستی سیاسییەوە، هیچ کامیان نەیان توانیوەو ناتوانن ڕابەری هیچ حیزب و ڕێکخراوەیەک بن و خەتی سیاسی بدەنێ و بەڕێوەی بەرن،وەک چۆن فەرماندەی سەربازی هەیە،ئەگەر دووسەد کەسی بەیتێ باش دەتوانێت بەڕێوەیان بەرێت و شەڕیان  پێبکات،بەلام ئەگەر بیست هەزار سەربازی بەیتێ دەشڵەژێ وناتوانێ بەڕێوەیان بەرێت، رابەری سیاسیش وایە،ئەوانەی ئێستای یەکێتین ڕەنگە بتوانن هەزار کەس یان دوو هەزار کەس بەڕیێوە بەرن بەلام بۆ بەڕێوەبردنی حیزبێکی فراوان گاڵتەجاڕییە.
ئێستایش وەک دەبینین خەریکی گۆرنکارین لەهەندێ پۆستدا بەهەمان کەرەسەو دەم وچاوەکانی رابردو، بەهەمان ئەقڵی نەبووی کۆمەڵێک کە یەکێتیان خستۆتە سەر پلێت،ئەم هەوڵ وپێشنیارانەی یەکێتی هەر کەسیان کردبێتی تەنها گەمژەیەکەو هیچی تر،یەکێتی بەوە چاک نابێتەوە فلانە مەکتەب سیاسی لە وتە بێژی لابەیت و فلان بخەیتە جێگاکەی،ئەم سەرۆکی مەڵبەند لابەیت و ئەوی تریان بخەیتە جێگاکەی، هەمویان یەک ئەقڵیان هەیەو هەر ئەوانە لەو پۆستانەدا کە هەیانبوە یەکێتیان رسواکردوە، کەواتە بچنە هەرپۆستێکی تریش هەر وایلیدەکەن بە وجێگا گۆڕکێ بە هەممان دیدو بۆچون و ئەقڵ هەوڵێکی پوچە وگروپی مەکتەب سیاسی تەنها دەیانەوێت خەڵکەکەی خۆیان هەڵخەلەتێنن وهیچی ترو لێرەوە بچنەوە سەر هەمان سیاسەتی رابردوو،کە سیاسەتی یەکێتی دانە بەدەستی بنەماڵەی بارزانییەوە و وەرگرتنی هەقدەستەکانی خۆیانە بە ناوی شەراکەت و ڕێکەوتننامەی ستراتیژییەوە،دەلیلەکەی هەر ئەوەیە کە یەکەم پارەو پۆستیان دەبێت،دووەم حکومەت دەدەنە دەست پارتی وخۆیشیان پاشکۆو بێ کاریگەرو بێئیرادە چونکە ناتوانن نە حکومەتی بکەن،نە ڕابەریکردن و حیزب بەڕێوە بردن،هەموو ئەم چونە سەر بای بەڕەکۆنانە، دەلیلەکەی تەنها شان خاڵیکردنەوەیە لە بەڕێوەبردنداو بێتیوانایی ونەبوونی رابەرێکی جدی و کارامەیە کە بتوانێت هەموو یەکێتی کۆبکاتەوەو خەتی سیاسیان بداتێ.
بەپێی هەوالەکان یەکیتی وپارتی ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی وەک جاران ببنەوە بە شەریک و بەیەکەوە حکومەت دروست بکەنەوەو ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆران  بێبەش بکەن،من نازانم ئەمە چۆن دەکەوێتیەوە بەلام ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە،من هیوام وایە کە ئەوە بە ڕاست بگەڕێت و یەکێتی وپارتی خۆیان حکومەت دروست بکەن و گۆران بەشداری نەکات.
لە کوردستان حکومەت نییە،پەڕلەمان گاڵتەجاریەو ئاخوڕی سەرانی بازرگانی یەکێتی وپارتییە، بزوتنەوەی گۆران لە چوارساڵی ڕابردودا هیچی لە پەڕلەماندا پێنەکرا،نەلەبەر ئەوەی کە ناکارا بوو، لەبەر ئەوەی یەکێتی وپارتی بە زۆرینە هەموو شتێکیان بەقازانجی خۆیان تێپەڕاند،پەڕلەمان بە عەمەلی دوکانێکە بۆ فرۆشتنی کاڵەکانی یەکێتی وپارتی،جا لە ئۆپۆزسیۆن بوندا ئاوا بێت،ئایە بەشداریکردن لە حکومەتی لەم جۆرەدا نابێتە شەریکە گەندەڵی و دزی و تالانکاری؟با خۆیشی ئەم مەیلەی  نەبێت و هەموو هەوڵیشی تەرخان بکات بۆ چاکسازی لەو وەزارەتەی کە بەدەستیەوەیەتی،پێم وایە بەشداری کردنی بزوتنەوەی گۆڕان تەنها خۆ کوشتنەو خۆ ناشیرینکردنەو خۆی دەکاتە هاوکاروان وهاوڕێگای خەڵکانێک کە سالانێکە تالانچین و حکومەتی یاسایان ناوێت و ئارەزوی کۆمەڵگایەکی مەدەنیان نییەو هەمیشە بەناو حکومەت و بەناو یاساو بە ناو پەڕلەمانیان دەوێت و  کۆمەڵێک خێزانن سەریان کردوە بەیەکداو کۆمەڵگاو نیشتیمان دادۆشن  وخۆیان دەوڵەمەند دەکەن بە ناوی هەڵبژاردنی درۆینەو یاسای درۆینەو پەڕلەمانی درۆینەو حکومەتی درۆینە.
لێرەوەیە دەبێت گۆڕان لەوە تێبگات مانەوەی  وەک چوارساڵی  ڕابردو باشترە تا بەشداری کردن وچونە ناو ئەم دەعبایە کەناوی حکومەتە،دروستکردنی حکومەت لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە وەک جاران بە زەرەری خۆیان و قازانجی ئۆپۆزسیۆن و شەقام و دەنگە نارازیەکان و خودی بزوتنەوەی گۆڕانە،لێیان گەڕێن با ئەونەی تر خۆیان گەڕوگول بکەن،لێیان گەڕێن با ئەوەندەی تربدزن وئەونەی ترتاڵانی بکەن، حەیفە ئەم بزوتنەوەیە مەکەنە شەریکی ئەم باندە مافیایانە،مەیخەنە سەرڕێگایەک کە ئەمانەی پێدا دەڕوا، لە دنیادا نمونەمان زۆرە ئۆپۆزسیۆن هەیە دەیان ساڵ بە ئۆپۆزسیۆنی دەمێنێتەوەو خەباتی خۆی دەکات، ئێوە هێشتا چوارسالە هەن،دەکرێت تونترو سەردەمیانە ترو جدی تر لەسەر ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆتان بەردەوام بن،تا لە کۆتاییدا جامەکە پڕدەبیت و کۆمەڵگا بریار دەدات شان بەشانی ئێوە بیگۆڕێت.