14/10/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
د.بەشیر بڕی ئه‌و پارانه ئاشكرا ده‌كات كه به‌خشیوه‌تی لەماوەی چوار ساڵی كاری پەرلەمانتاری دا
(كاروچالاكییه‌كانم له 4 ساڵی په‌رله‌ماندا)
به‌ڕێزان...سه‌لامی خوای گه‌وره‌تان لێبێت.
له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی واده‌ی كۆتاییهاتنی خولی هه‌ڵبژاردنی سێ یه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌ست به‌كاربونی ئه‌ندامانی به‌ڕێزی خولی چواره‌م، به‌پێویستی ده‌زانم هه‌ندێ شت روون بكه‌مه‌وه‌و باسی كورته‌ی كار و چالاكییه‌كانم بكه‌م له‌ماوه‌ی رابردوودا، هه‌روه‌ها تیشك بخه‌مه سه‌ر چۆنیه‌تی خه‌رج كردنی موچه‌كه‌م.
ئامانج له‌م نوسینه ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر شتێكی باش و كارێكی چاكمان كردبێت، سوپاسی خوابكه‌ین و داوای لێبكه‌ین كه به‌فه‌زڵی خۆی قبوڵی بكات. وه ئه‌گه‌ر كارێكی ناڕه‌وا و نه‌شیاومان ئه‌نجام دابێت، ئه‌وه پێش هه‌موو شتێك داوای لێبوردن له خوای باڵاده‌ست بكه‌ین و پاشانیش له‌گشت دۆست و خۆشه‌ویستان.
هۆی ئه‌م نوسینه‌ش ئه‌وه‌یه كه ده‌مێكه زۆرێك له خوشك و برایان داوایان لێ كردوم كه كاره‌كانم له‌م 4 ساڵه‌دا بڵاو بكه‌مه‌وه، تاببێته به‌رچاو رونیه‌ك بۆ هه‌موو لایه‌ك، و كه‌سیش تفه‌نگ به‌تاریكییه‌وه نه‌نێت، به تایبه‌ت چۆنیێتی خه‌رج كردنی موچه‌كه‌م، ده‌نا ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو قسه‌و قسه‌لۆكانه كه له‌سه‌ر موچه‌ی په‌رمانتاری ده‌كرێت نه‌بوایه ئاماده نه‌بوم باس له‌م بابه‌ته بكه‌م، چونكه موسڵمان پێویسته ده‌ستی چه‌پی نه‌زانێت ده‌ستی راستی چی ده‌به‌خشێت (ان لا تعلم شماله ما تنفق یمینه)، له‌به‌ر ئه‌وه ئومێده‌وارم لێم نه‌كه‌نه هه‌ڵلا و بڵێن ریایی به به‌خشینه‌كه‌یه‌وه ده‌كات، هه‌ر وه‌ك كاتێ بڕێك پاره‌مان وه‌ك یارمه‌تی گه‌یانده ئاواره‌كانی سوریا و بێ ئاگاداری ئێمه وێنه‌یه‌كیان بڵاو كردبۆوه كه له كاتی دانی پاره‌كه گیرابوو، هه‌ندێ كه‌س باسی ئه‌وه‌یان كرد كه ئه‌مه ریكلامه ده‌یكه‌ین و ریاییه، بۆیه ده‌ڵێم ئه‌مانه‌شم نه‌ده‌نوسی، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك گومانی خراپ نه‌به‌ن و له‌سه‌ر داواكاری ئه‌م خۆشه‌ویست و دڵسۆزانه بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه. ده‌ست خۆشیش له هه‌ر به‌رێزێكی تر ده‌كه‌م كه پێش من ئه‌م كاره‌ی كردوه یا دوای من ده‌یكا.
• چونم بۆ په‌له‌مان:
به‌ڕێزان... وه‌ك چه‌ند جارێكی تریش رامگه‌یاندووه، كه ئه‌م پۆسته‌ی په‌رله‌مانتاری نه داواكاری من بوه، وه نه‌هه‌وڵیشم بۆ داوه، به‌ڵكو ته‌كلیفێكی قورس و ئه‌ركێكی گه‌وره بو بۆم.
وه چاویشم له موچه و ئیمتیازاته‌كه‌ش نه‌بووه، چونكه خوای گه‌وره پاش نیعمه‌تی ئیسلام و ئیمان نیعمه‌تی زۆری دونیاشی پێداوم پێش په‌رله‌مانتاری، بۆیه پێویستم به‌كاری په‌رله‌مانتاری نه‌بووه كه هه‌وڵی بۆ بده‌م و بۆی رابكه‌م.
به‌ڵام كه ئه‌م ته‌كلیفه‌مان قبوڵ كرد و شانی خۆمان دایه ژێری هه‌وڵماندا زیاتر له تاقه‌ت و توانای خۆمان كار بكه‌ین، وه چالاكی جۆراو جۆر ئه‌نجامبده‌ین و زۆرترین سود بگه‌یه‌نین به‌خه‌ڵك و وڵات.
• لیژنه‌ی نه‌زاهه:
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف بوم (كه دواتر باسی ده‌كه‌م) له لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ش (ده‌ستپاكی) ئه‌ندام بووم.
سه‌ره‌تا زۆر دڵخۆرش بوم به‌ئه‌ندامێتیم له‌م لیژنه‌یه، چونكه كاره‌كانی به‌دواداچوون بوو بۆ گشت دام و ده‌زگاو فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت، وه له‌م لیژنه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ به‌رێزان ئه‌ندامانی تر و سه‌رۆكه‌كه‌ی زۆر به‌شێوه‌یه‌كی رێك و پێك وه‌ك یه‌ك تیم كارمان ده‌كرد.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه زۆربه‌ی فڕاكسیۆنه‌كانی تیا‌بوو به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه، به‌دوادا چونمان بۆ هه‌ندێ شت كرد كه دۆسیه‌كانمان له‌به‌ر ده‌ست بوو، چه‌ندین گروپ و لیژنه‌ی (فرعی) دروست كرا بۆ به‌دواداچونی داواكارییه‌كانی هاوڵاتیان وڕاپۆرتی راگه‌یاندنه‌كان، به‌ڵام ورده ورده هه‌ستم ده‌كرد كه لیژنه‌كه وه‌كو پێویست كاره‌كانی ناڕوا به‌ڕێوه و یارمه‌تیش نادرێت، وه له لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه راپۆرته‌كانی چاودێری دارایی و راپۆرته‌كانی ترمان بۆ نایه‌ت، چه‌ندین جاریش داوامان كرد به‌ڵام بێ سوود بوو، له‌به‌ر ئه‌وه دوای نزیكه‌ی ساڵێك ده‌ستم له لیژنه‌ی نه‌زاهه كێشایه‌وه، و نه‌مویست له لیژنه‌یه‌ك دابم ته‌نها ناوی بێ ناوه‌ڕۆك بێت.
• چالاكیه‌كانمان له لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی:
له‌م لیژنه‌یه‌شدا له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندمان، به‌سه‌رۆكی لیژنه ده‌ستنیشان كرام، و له‌گه‌ڵ به‌رێزان 10 ئه‌ندامی تر له خوشك و برایان، كار و چالاكییه‌كی به‌رچاومان نواند، و به‌شاهیدی زۆربه‌ی ئه‌ندامان و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش به‌یه‌كێك له‌لیژنه چالاكه‌كان ده‌ژمێردرا.
• گرنگترین چالاكییه‌كانمان له‌م لیژنه‌یه‌دا:
1.دروست كردنی په‌یوه‌ندی به‌هێز له‌گه‌ڵ وه‌زارتی ئه‌وقاف و وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و داد و كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و شاره‌وانی و پلاندانان، هه‌روه‌ها له‌گه‌ل یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی و مامۆستایانی ئایینی و پیاوانی ئایینی مه‌سیحی و یه‌زیدی.
2.به‌دواداچوونی كاره‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه گشتییه‌كان و سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و تێبینه‌راتیه‌كانی ئه‌وقاف، له رێگای سه‌ردانی مه‌یدانی وه یا بانگهێشت كردنیان بۆ په‌رله‌مان.
3.چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سلفه‌ی عه‌قار به‌لادانی بڕی (فائده) كه (ربا) بوو، ئه‌ویش پاش چه‌ندین كۆبونه‌وه‌و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی و لیژنه‌ی فه‌تواو مامۆستایانی ئایینی و زانكۆ و پسپۆڕانی یاسایی و ئابووری.
4.پشتگیری كردن له چه‌ندین مامۆستای ئایینی كه نایاسایی و ناحه‌قی وكاری نابه‌جێیان به‌رامبه‌ر كرابوو، وه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف بۆیان.
5.پشتگیری كردنی قوتابیانی ده‌رچووی كۆلیژی شه‌ریعه(زانسته ئیسلامیه‌كان) و هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندنیان، له ئه‌نجامی هه‌وڵه‌كانمان ـ كه زۆر جار په‌یوه‌ندی كه‌سایه‌تی خۆمان به‌كار هێناوه ـ توانیمان ده‌یان قوتابی دابمه‌زرێنین ، و ده‌یانی تریش به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست(عقد) دابمه‌زرێنین، له وه‌زاره‌ته‌كانی ئه‌وقاف و دارایی و داد.
6.جه‌خت كردنه‌وه له‌سه‌ر گرنگیدان به وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئایینی له قوتابخانه‌كان، له رێگای سه‌ردانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌ڕێز وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتی یه‌كانی وه‌زاره‌ت، له ئه‌نجامدا به‌هه‌وڵێكی زۆر توانرا:
أ.زیاتر گرنگی به‌وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئایینی بدرێت له قوتابخانه‌كاندا.
ب.پاش ئه‌وه‌ی له هه‌ندێك قوتابخانه هه‌فتانه یه‌ك وانه‌ی ئایین ده‌خوێنرا، كرا به‌دوو كه به پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تیش هه‌ر دووه.
ج.سه‌رپه‌رشتیاری پسپۆڕی بۆ وانه‌ی ئایین دابنرێت، كه ئه‌مه یه‌كه‌م جاره ئه‌نجام ده‌درێت.
ْْ .مامۆستایانی وانه‌ی ئایین چه‌ندین خولی به‌هێزكردنیان بۆ بكرێته‌وه، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌كه‌مان.
ه.ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئایینی دابمه‌زرێت.
و.ئه‌نجامدانی چه‌ندین كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مامۆستایانی وانه‌ی ئایین و زمانی عه‌ره‌بی و شاره‌زایان و سه‌رپه‌رشتیاران، بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆگرام و مه‌نهه‌جی وانه‌ی ئایین، له پۆله‌كانی 1-12 بنه‌ڕه‌تی.
7.سه‌ردانی ئه‌زهه‌ری شه‌ریف له‌ووڵاتی میسر، به‌یاوه‌ری به‌رێز وه‌زیری ئه‌وقاف و وه‌فدێكی تایبه‌ت. له‌م سه‌ردانه‌دا توانیمان پڕۆتۆكۆڵی زانستی ئیمزا بكه‌ین له‌گه‌ڵ زانكۆی ئه‌زهه‌ر و راگرایه‌تی په‌یمانگاكان، كه ساڵانه وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف چه‌ندین قوتابی بۆ خوێندن ره‌وانه‌ی میسر بكات.
8.به‌دواداچوونی به‌رده‌وام بۆ ئه‌وبابه‌تانه‌ی كه له‌گۆڤار و رۆژنامه و بڵاوكراوه‌كاندا داده‌به‌زین، كه بێرێزی تیا‌بوو به‌رامبه‌ر پیرۆزییه‌كان، له ئه‌نجامدا چه‌ندین گۆڤار و رۆژنامه و كه‌سانی ئه‌نجامده‌ری بێرێزیه‌كان روبه‌ڕوی یاسا كرانه‌وه.
9.ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و رێگری كردن له كاری نابه‌جێ و ناشه‌رعی وه‌ك رێگری كردن له دروستكردنی كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی خواردنه‌وه كحولییه‌كان، و ئاگاداركردنه‌وه‌ی حكومه‌ت له هه‌ندێ شتی دژ به ئایینی ئیسلام و به‌ها پیرۆزه‌كان كه له قوتابخانه ته‌بشیرییه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت.
10.به‌دواداچوونی به‌رده‌وام بۆ كاروباری حه‌ج و عومره.
11.پێشوازی كردن له ده‌یان شاند و كه‌سایه‌تی و رێكخراوی بیانی و ناوخۆیی و گفتوگۆ كردن سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان و مافی مرۆڤ و ئافره‌ت و منداڵ .....هتد.
12.سه‌ردانی كردن و پێشوازیكردن له رێكخراوه‌كانی مرۆیی و خێرخوازی وه(رابگه و ندوه و نور الحكمه، و سه‌نته‌ره‌كانی له‌به‌ركردنی قورئان) و به‌دواداچوونی كاره‌كانیان.
13.ئه‌نجامدانی چه‌ندین كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ شاره‌زایان له بواری ئابوری بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی بۆڕسه‌ی كوردستان و مامه‌ڵه‌كردن به‌پشكه‌كان (اڵ‌سهم والسندات).
14.سه‌ردانی كردن و پێشوازیكردن له ستافی كه‌نیسه‌كان و بنكه‌ی لالش و دامه‌زراوه رۆشنبیرییه‌كانی مه‌سیحی و یه‌زیدی.
15. سه‌ردانی كردن و پێشوازیكردن له مامۆستایانی ئایینی زۆربه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كانی كوردستان، و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بابه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه.
16.داوای ئازادكردنی مامۆستایانی ئایینی و خه‌ڵكی گیراو، دوای رووداوی خۆپیشاندانه‌كه‌ی به‌رده‌می په‌رله‌مان و به‌ردباران كردنی، هه‌وڵدانی جدی و سه‌ردانی ئاسایشی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، كه له ئه‌نجامدا ئازادكران.
17.ئیدانه‌كردنی كاری نابه‌جێ و نایاسایی كه به‌رامبه‌ر هه‌ندێك مامۆستای ئایینی سلێمانی ئه‌نجامدرا.
18.ئه‌نجامدانی چه‌ندین سیمینار له سه‌ر بابه‌ته‌كانی:
أ.چاككردنی شێوازی گوتاری ئایینی.
ب.هه‌ست كردن به به‌رپرسیارێتی له‌كاری رۆژنامه‌وانیدا.
ج.سنوری ئازادی لای رۆشنبیران.
ْ .مافی ئافره‌ت و منداڵ له ئیسلامدا.
ه.نه‌هێشتنی توندوتیژی خێزانی.
و.لێك نزیك بونه‌وه‌ی مامۆستایانی ئایینی و نوسه‌ران.
ز.پاراستنی ژینگه وه‌ك ئه‌ركێكی ئایینی.
19.خه‌ڵات كردن و رێزلێنانی چه‌ندین مامۆستا و قوتابی و به‌شداربوانی سه‌نته‌ره‌كانی خوێندنه‌وه و له‌به‌ركردنی قورئانی پیرۆز.
20.پێشكه‌ش كردنی چه‌ندین پڕۆژه یاسا و ئاماده‌كردنی راپۆرت بۆ هه‌ندێكی تریان، به هه‌ما هه‌نگی له‌گه‌ل یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی وه‌ك:
أ.پڕۆژه یاسای رێپێدراوی شه‌رعی(المأژون الشرعی).
ب.پڕۆژه یاسای پاراستنی پیرۆزییه ئایینیه‌كان.
ج. پڕۆژه یاسای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای نه‌هێشتنی له‌شفرۆشی.
ْ . پڕۆژه یاسای هه‌مواركردنی یاسای كاروباری شارستانی ژماره(65)ی ساڵی 1972.
ه. پڕۆژه یاسای نه‌هێشتنی ماده هۆشبه‌ره‌كان.
و. پڕۆژه یاسای جه‌ژنی ئیزیدیه‌كان.
ز. پڕۆژه یاسای بودجه بۆ ساڵانی 2010 – 2011 – 2012 – 2013
20.هه‌وڵدانی به‌رده‌وام بۆ زیادكردنی موچه‌ی مامۆستایانی ئایینی كه له ئه‌نجامدا 20% یان بۆ زیادكرا.
21.به‌دواداچوونی كه‌رتی خوێندنی ئایینی له قوتابخانه‌كان و په‌یمانگاكانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، و پڕۆگرامی تواناسازی و چۆنیه‌تی سود لێوه‌رگرتنی. وه ئه‌نجامدانی چه‌ندین كۆبونه‌وه له‌گه‌ل به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خوێندنی ئایینی وخوێندنی باڵا وراگرایه‌تی په‌یمانگاكانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف.
22.ناردنی(2) نوێنه‌ری لیژنه‌كه‌مان ساڵانه بۆ سه‌فه‌ری حه‌ج به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی كار و باری حاجیان و خزمه‌تكردنیان و ئاماده‌كردنی راپۆرت، و ئاگاداركردنه‌وه‌ی حكومه‌ت له كه‌م و كوڕییه‌كان (وه ئه‌مه‌ش ته‌نها له خولی سێیه‌می په‌رله‌مان ئه‌نجامدرا).
23.كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری ،وه له‌گه‌ل به‌رێز دادوه‌ری دادگای نه‌هێشتنی توندوتیژی، به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه ئاگاداربوون له هۆیه‌كان و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی توندوتیژی و جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ی.
24.چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی بڕوانامه‌ی قوتابخانه ئایینیه‌كان، و بڕوانامه‌ی زانستی و هاوتاكردنیان به‌پێی یاسای په‌رله‌مان.
25.به‌دواداچونی جدی بۆ مولكه‌كانی وه‌قف وشێوازی گرێبه‌ست وبه‌كرێدانیان، وه داوا كردن له وه‌زاره‌ت وئه‌نجومه‌نی باڵای ئه‌وقاف كه زیاتر هه‌وڵبده‌ن بۆ گه‌ڕان به‌دوای مولكی وه‌قف له گشت ناوچه‌كانی كوردستان و دۆزینه‌وه‌یان.
ئه‌مه و چه‌ندین كار و چالاكی تر كه نامه‌وێت درێژه به‌نوسینه‌كه‌م بده‌م.
• چالاكییه‌كانمان له‌گه‌ڵ لیژنه‌كانی تری په‌رله‌مان:
جگه له لیژنه‌كانی ئه‌وقاف و نه‌زاهه، چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌شمان ئه‌نجامداوه یا به‌شداریمان كردووه له كۆبونه‌وه‌كانی لیژنه‌كانی تری وه‌ك (په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا)، ( داكۆكیكردن له‌مافه‌كانی ئافره‌تان)، (ته‌ندروستی و ژینگه)، ( كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی)، ( یاسایی)، (شاره‌وانییه‌كان) به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بابه‌تی هاوبه‌ش، چ ئایینی بێت وه‌یا كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌یا خزمه‌تگوزاریی گشتی.
• چالاكییه‌كانم وه‌ك ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان:
كاروچالاكییه‌كانم له په‌رله‌مان جۆراو جۆر بووه، ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی به لیژنه‌كان بووه له‌ناو لیژنه‌كان ئه‌نجامم داوه، به‌ڵام هه‌ندێ چالاكی گشتی له‌ده‌ره‌وه‌ی لیژنه‌ی ئه‌وقاف ئه‌نجامم داوه وه‌ك ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان. له‌مانه:
1.به‌دواداچوون و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی هاوڵاتیان به شێوه‌یه‌كی گشتی چ بابه‌تی ئایینی بێ یا كۆمه‌ڵایه‌تی، ئیداری، یاسایی، خزمه‌تگوزاریی...هتد.
2.سه‌ردانی زۆر له‌ناوچه‌كانی كوردستان وه‌ك: شقلاوه، سۆران، كۆیه، سلێمانی، دهۆك، زاخۆ، چه‌مچه‌ماڵ، به‌رده‌ره‌ش، قوشته‌په، عنكاوه، ئاكرێ، رانیه، وه زۆر له گوند‌و كۆمه‌ڵگاو دێهاته‌كان، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ شوێنی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم وه‌ك مه‌خمور و دیبگه.
وه به‌دواداچوونی باروگوزه‌رانی خه‌ڵك و نه‌خۆشخانه و قوتابخانه‌كان و ناوبازاڕ و فه‌رمانگه حكومییه‌كان له‌و شوێنانه‌دا، وه ئاماده‌كردنی راپۆرت به پێداویستی و كه‌م و كوڕییه‌كان و ئاڕاسته‌كردنی بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان.
3.به‌هاوكاری ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مانی شاری هه‌ولێر سه‌ردانی ئه‌م شوێنانه‌مان كردوه له‌هه‌ولێر:
ـ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری
ـ سه‌ردانی بازاڕی قه‌یسه‌ری و له‌نزیكه‌وه گوێگرتن له خه‌ڵك.
ـ سه‌ردانی گومرگی سه‌وزه‌و میوه(عه‌لوه).
ـ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كانی(دریم ستی) و (امپایر ستی) و ژماره‌یه‌ك له پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون.
ـ سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر(چه‌ندین جار).
ـ سه‌ردانی شاره‌وانی هه‌ولێر.
ـ سه‌ردانی وه‌زاره‌ته‌كانی شاره‌وانی و پلاندانان و گه‌یاندنی كه‌م و كوڕییه‌كان.
ـ سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری.
ـ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی دارایی(چه‌ندین جار).
ـ سه‌ردانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین.
ـ سه‌ردانی كۆلیژی زانسته ئیسلامییه‌كان.
ـ سه‌ردانی فه‌رمانگه‌كانی(ئاو و ئاوه‌ڕۆ ـ ره‌گه‌زنامه ـ په‌روه‌رده ـ پۆلیس ـ ئاسایش ـ زێره‌ڤانی) بۆ به‌دواداچوونی كێشه‌ی هاوڵاتیان.
ـ گونده‌كانی قه‌زای خه‌بات و كه‌ڵه‌ك.
4.ئاڕاسته‌كردنی چه‌ندین یاداشت و نوسراو بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیدار سه‌باره‌ت به:
ـ پێداچوونه‌وه به دۆسیه‌ی گیراوانی گرتووخانه‌كان، و ره‌چاوكردنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ.
ـ جێبه‌جێكردنی یاسا و رێنماییه‌كانی هاتوچۆ، نه‌هێشتنی ئۆتۆمبیلی جام ره‌ش، نه‌هێشتنی دیارده‌ی كردنه‌وه‌ی رێگا بۆ لێپرسراوان له چواڕیانه‌كاندا له‌كاتی هێمای سوردا.
ـ كه‌م كردنه‌وه‌ی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل بۆ كوردستان.
ـ ئه‌كتیڤ كردنی لیژنه‌كانی دڵنیایی جۆری و كوالیتی كۆنتڕۆڵ له حكومه‌ت.
ـ پێداچوونه‌وه به‌سه‌رجه‌م رێنماییه داراییه‌كان.
ـ مامه‌ڵه كردنی شایسته له‌گه‌ڵ قوتابیانی ده‌رچووی كولیژی زانسته ئیسلامییه‌كان.
ـ زیادكردنی بڕی سلفه‌ی عه‌قار و سلفه‌ی هاوسه‌رگیری.
ـ ئه‌نجامدانی چاكسازی له رێنماییه‌كان و ده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی.
ـ نه‌هێشتنی دیارده‌ی فه‌رمانبه‌ری بن دیوار) واته موچه به‌بێ به‌رامبه‌ر.
5.پێشوازی كردن و گفتوگۆكردن له‌گه‌ل ئه‌م فه‌رمانگانه و به‌دواداچونی كێشه‌كانیان:
ـ لیژنه‌ی به‌دواداچونی قایمقامیه‌تی هه‌ولێر.
ـ لیژنه‌ی كوالیتی كۆنتڕۆڵ و هاورده‌كردنی ده‌رمان.
ـ ب.گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی و دادوه‌ری تایبه‌ت.
ـ به‌ڕێوه‌به‌ره گشتی یه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده( سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی ئایین).
6.بانگهێشتی پارێزگاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و گه‌رمیان بۆ گوێبیست بوون له كار‌و پڕۆژه‌كانیان، و گه‌یاندنی داواكاری و گله‌ییه‌كانی خه‌ڵك له بواری خزمه‌تگوزارییه‌كان وگرنگیدان به مزگه‌وته‌كان پێداویستییه‌كانیان له بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان.
7.رێزلێنان و پێشكه‌ش كردنی خه‌ڵات و دیاری بۆ ژماره‌یه‌ك له قوتابیه یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی ئیسلامی و هه‌ندێك له فه‌رمانبه‌رانی لێهاتو و قوتابی بنكه‌كانی له‌به‌ركردنی قورئانی پیرۆز.
8. سه‌ردانی كردانی مه‌یدانی بۆ ژماره‌یه‌ك له قوتابخانه ئاماده‌ییه‌كانی كچان و په‌یمانگا و كۆلیژه‌كان، به‌مه‌به‌ستی ئاگاداركردنه‌وه‌ی مامۆستایان و توێژه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌مه‌ڕ هه‌ندێ دیارده‌ی نامۆ و ناشایسته كه له نێو قوتابیه كچه‌كاندا بڵاوده‌بێته‌وه، و ده‌بێته مایه‌ی لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك دیارده‌ی(ئیمۆ، خراپ به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت و مۆبایل و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان).
9.سه‌ردانی ئاواره‌كانی كه‌مپی كاوه له قوشته‌په، و هه‌وڵدان بۆ دابین كردنی پێداویستیه‌كانیان.
10.سه‌ردانی گرتوخانه‌ی گه‌وران و نه‌وجه‌وانان و ئافره‌تان له‌هه‌ولێر و گوێگرتن له گرفت و كێشه‌كانیان، و به‌دواداچونی گوزه‌رانیان.
11.پشتگیری كردن له داوا ره‌واكانی خه‌ڵك له هه‌موو كات و بۆنه‌یه‌كدا.
12.ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه‌ش بده‌م كه چه‌ندین جار گرفتی زۆرمان بۆ دروست ده‌بوو له ئه‌نجامی به‌دواداچونی كێشه‌كان به‌ڵام هه‌ر كۆڵمان نه‌دا.
• چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی موچه‌كه‌م:
أ/ سه‌ره‌تا كه باس له موچه‌ی په‌رله‌مانتار ده‌كرێت، دادپه‌روه‌ری وا ده‌خوازێت كه جیاوازی بكرێت له نێوان موچه‌ی په‌رله‌مانتاری كوردستان و په‌رله‌مانتاری عێراق، چونكه داهاتی په‌رله‌مانتاری عێراق زۆر زیاتره له هی كوردستان.
ب/ هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌مه روون بێت لای خه‌ڵك كه هه‌ندێ پله و پۆستی ئیداری هه‌یه ته‌نانه‌ت هه‌ندێ كار و كاسبیش هه‌یه داهاتیان زۆر له په‌رله‌مانتاری زیاتره.
ج/ كاری په‌رله‌مانتار ته‌نها بریتی نییه له ده‌ست هه‌ڵبرین له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان، وه‌ك هه‌ندێ كه‌س وای بۆ ده‌چێ، به‌ڵكو ناو هۆڵی په‌رله‌مان به‌شێكه له ئه‌رك و كاره‌كانی په‌رله‌مانتار. وه كاری زیاتری له ناو لیژنه و سه‌ردانیكردنی شوێنه‌كان و فه‌رمانگه‌كانه به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچون و چاودێری. به‌ڵام پێویسته ئه‌وه‌ش بگوترێت كه مه‌رج نیه هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ( له‌گه‌ڵ رێزم ) وه‌ك یه‌ك وابن له‌كاروچالاكییه‌كاندا.
د/ موچه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانی كوردستان 7 ملیۆن و نیو(دیناری عێراقی) یه پاش برینی 10% ی موچه‌كه بۆ سندوقی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ئه‌ویش به‌پێی بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان كه ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه. به‌ڵام هه‌ندێ پۆستی تر كه ئه‌م بڕیاره‌ی بڕِینی 10% ده‌یانگرێته‌وه پابه‌ند نه‌بون به بڕیاره‌كه.
ه/ له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی كه رێژه‌ی موچه‌كه‌ی به‌رزه، به‌ڵام بێ گومان خه‌رجی ئه‌ندام په‌رله‌مان زیاتره له‌خه‌رجی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی ئاسایی به‌هۆی سروشتی كاره‌كه‌یه‌وه.
و/ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا من خۆم وه‌ك ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان رێژه‌یه‌كی باشم ته‌رخانكردوه بۆ یارمه‌تی و هاوكاری خه‌ڵكی نه‌دار و كاری خێرخوازی، كه مانگانه ده‌گه‌یشته رێژه‌ی 30% جگه له بڕینی رێژه‌ی 10% كه.
به‌ڕاستی زۆر به‌لامه‌وه ناخۆشه و دڵگرانم به‌وه‌ی كه ئه‌م تفاصیل و ورده‌كارییانه‌ی خێر وهاوكارییه‌كانم باس ده‌كه‌م، به‌ڵام هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانی دۆست و جه‌ماوه‌ریش بزانن ئێمه موچه و ئیمتیازات ته‌نها به هی خۆمان نازانین (وفی أموالهم حق معلوم للسائل والمحروم).
• به‌شێك له‌و هاوكارییانه‌ی كه ئه‌نجامم داوه یا به‌رده‌وامم تیایا:
1.دانانی بڕی (10000)ده هه‌زار دۆلار له سندوقێك لای خۆم به‌مه‌به‌ستی پێدانی قه‌رز، به‌وكه‌سانه‌ی پێویستیان به‌قه‌رزه، به‌ڕێژه‌یه‌ك له(2500) دۆلار زیاتر نه‌بێت، وه مانگانه بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سندوقه‌كه تا كه‌سی تر سودی لێ ببینێت. ( به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێ دۆست و خۆشه‌ویست له واده‌ی خۆیدا نایگه‌ڕێننه‌وه، وه یا قیسته‌كان ناهێننه‌وه، كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی كاته‌كان سندوقه‌كه به‌تاڵ بێت).وه تا ئێستاش (42) كه‌س سودمه‌ندبون له‌م قه‌رزه، و (9) كه‌سی تریش ئێستا قه‌رزی لایه.
2.هاوكاری كردنی نه‌خۆش و كڕینی دا‌و ده‌رمان وه یا هاوكاری نه‌شته‌رگه‌ری، به بری زیاتر له (19)ملیۆن دینار.
3.هاوكاری كردنی(5) قوتابی بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی زانكۆ وه یا په‌یمانگا، به‌دابین كردنی قیستی ساڵانه‌یان كه تائێستا(9000)دۆلاریان بۆ دراوه، كه ده‌كاته نزیكه‌ی (11) ملیۆن دینار.
4.به‌شداریكردن له كڕینی خان‌و و دابین كردنی كه‌ل و په‌لی ناوماڵ بۆ (3) خێزانی نه‌دار وبێ سه‌رپه‌رشتیار، به‌بڕی(25)ملیۆن دینار.
5.پێدانی یارمه‌تی و هاوكاری به‌رده‌وام بۆ(6) خێزانی هه‌ژار به‌بڕی(75 -150)هه‌زار دینار مانگانه، كه تا ئێستا زیاتر له 15 ملیۆن دیناریان پێدراوه.
6.دابین كردنی دا‌و ده‌رمانی پێویست بۆ هه‌ندێ بنكه‌ی ته‌ندروستی ناو گرتوخانه‌كان، به بری (3) سێ ملیۆن دینار، (هه‌ندێ جاریش كۆمپانیایه‌كی ده‌رمان پێداویستییه‌كان دابین ده‌كات).
7.دابین كردنی چه‌ندین كه‌ل و په‌لی پێویست وه‌ك مێز و كورسی و ئامێری داتاشۆ و دۆڵاب و ....هتد بۆ په‌یمانگایه‌كی ئایینی، به‌بڕی نزیكه‌ی (3) سێ ملیۆن دینار.
8.دابین كردنی كتێبی مه‌نهه‌جی بۆ قوتابیانی بنكه‌یه‌كی فێركردن و له‌به‌ركردنی قورئان، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ندێ كاری ته‌عمیرات له بیناكه‌یان، به بری نزیكه‌ی (2) دوو ملیۆن دینار
9.دابین كردنی پاصی گواستنه‌وه‌ی قوتابیانی یه‌كێك له قوتابخانه‌كان بۆ ماوه‌ی(3)ساڵ، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ خێرخوازێكی تر. به بری 3.200.000 سێ ملیۆن و دووسه‌د هه‌زار دینار.
10.كڕینی جل و به‌رگ بۆ (30) قوتابی له قوتابخانه‌یه‌كی ئایینی، به بری (2.500.000) دوو ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دینار.
11.ناردنی (6) قوتابی یه‌كه‌مه‌كانی په‌یمانگای زانسته ئیسلامییه‌كان بۆ سه‌فه‌ری عومره(بۆ یه‌ك ساڵ)، به بری 5400 $، كه ده‌كاته نزیكه‌ی (6.500.000) شه‌ش ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دینار.
12.خه‌ڵاتكردنی چه‌ندین قوتابی یه‌كه‌م له ئاماده‌ییه‌كان و كۆلیژه‌كان، به بری (3.750.000) سێ ملیۆن وحه‌فت سه‌د وپه‌نجا هه‌زار دینار.
13.هاوكاری كردنی ئاواره‌كانی شاری (وان) له كه‌مپی كاوه له قوشته‌په، هه‌روه‌ها ئاواره‌كانی سوریا، به‌دابین كردنی بڕێكی باش له خوارده‌مه‌نی و جل و به‌رگ و كه‌ل و په‌لی ناوماڵ .(نزیكه‌ی 2 ملیۆن دینار)
14.یارمه‌تیدانی چه‌ندین گه‌نج بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیری به‌بڕی زیاتر له(10)ملیۆن دینار.
15. دابین كردنی ژماره‌یه‌ك كتێب ونامیلكه‌ی به سوود له بواری ته‌فسیر وفه‌رموده وفیقه وزانست وزانیارییه‌كان بۆ سێ كتێبخانه‌ی ناوچه جیاجیاكانی كوردستان، به بری (1.500.000) ملیۆنێك وپێنج سه‌د هه‌زار دینار.
به‌رێزان ئه‌مانه ئه‌و حاڵه‌تانه‌ن كه ئێستا له یادم ماون، (داوای لێبوردنیش ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ژماره‌كان به شێوازی (نزیكه‌ی) ئاماژه‌م پێداوه چونكه به تحدید له یادم نه‌ماوه)، ئه‌مه جگه له هاوكاری به‌رده‌وام كه رۆژانه خه‌ڵك رومان تێده‌كات، یان به ته‌له‌فۆن داوا ده‌كات، به‌تایبه‌تی خه‌ڵكی لێقه‌وماوی شاره‌كانی تر، وه یا ناوه ناوه هاوكاری به‌رنامه و دامه‌زراوه خێرخوازییه‌كان ده‌كه‌ین.
وه‌هه‌ر خۆشه‌ویستێك حه‌زبكا ورده‌كاری زیاتر وه‌یا ناوی كه‌سه‌كانی پێبده‌م، ئاماده‌م، به‌ڵام بمبورن كه ناتوانم هه‌موو حاڵه‌ته‌كان وه یا ناوه‌كان بڵاوبكه‌مه‌وه.
ئه‌مه ئه‌و كار و چالاكییانه بوون كه خوای گه‌وره توفیقی دام ئه‌نجامیان بده‌م، و به‌م ئه‌ندازه‌یه‌ی باسم كرد له موچه‌كه‌م به‌خشیومه، ئه‌گه‌ر پێتان باشه دوعای خێر و قبوڵم بۆ بكه‌ن ئه‌گه‌ریش كه‌م و كوڕی و هه‌ڵه‌ی تیایه، ئه‌وا داوای لێبوردن له خوای گه‌وره ده‌كه‌م، و ئێوه‌ش به‌گه‌وره‌یی و سنگ فراوانی خۆتان بمان بورن.
وه‌ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش رۆژێك له رۆژان دڵمان شكاند بێ وه‌یا نه‌مانتوانیبێت وه‌ك پێویست له خزمه‌تیدا بین و كاری بۆ بكه‌ین، گه‌ردنمان ئازاد بكات و بمانبورێت.
چونكه به‌دڵنییاییه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له توانادا هه‌بوه‌و هه‌ر كارێكی باش پێم زانیبێت و پێم كرابێت درێغیم نه‌كردووه له ئه‌نجامدانی، له‌وانه‌یه هه‌ندێ كه‌سی منصفیش شایه‌دیم بۆ ده‌ده‌ن. وه ان شاْ الله دوای كۆتاییهاتنی واده‌ی په‌رله‌مان به‌رده‌وام ده‌بین له كاری پیرۆزی بانگه‌وازی و داكۆكیكردن له مافه ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان.
ئیتر له‌گه‌ڵ رێز و تقدیرم بۆ هه‌موو لایه‌ك . و به‌هیوای ئه‌وه‌ی كه شتێك به‌ئێمه نه‌كرابێت به‌ڕێزان له خولی چواره‌م ئه‌نجامی بده‌ن و به‌رده‌وام بن له‌كاروانی خزمه‌ت كردن‌دا.
والسلام علیكم ورحمه الله وبركاته.
د.به‌شیر خه‌لیل حه‌دداد
په‌رله‌مانتار و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی خولی سێ یه‌می په‌رله‌مانی كوردستان
13/10/2013