گرنگی و گەورەیی ڕۆژووگرتن لە ڕۆژی عەرەفەدا
09/10/2013 نوسەر: bzavpress

گرنگی و گەورەیی ڕۆژووگرتن لە ڕۆژی عەرەفەدا



 

لە میھرو بەزەیی خوای گەورەیە کۆمەڵێک وێستگەو دەروازەی بۆ مرۆڤە سەر کەش و سنوور بەزێنەکان داناوە تا بگەڕێنەوە بۆ لای بەزەیی و ڕوحمی خواو کۆتایی بە سەرکەشيی و سنوورشکێنی خۆیان بھێنن... یەکێک لەو وێستگە دەگمەن و پڕ خێرانەی کە لە بەردەمماندایەو بەرەو ڕووی ھەنگاو ھ
ەڵدەھێنینەوە، عەرەفەی جەژنی پیرۆزی قوربان و ڕۆژوو گرتنە تێیدا... خوای گەورە بە نسیبی ھەموومانی بکات و بەر فەزڵ و ڕێزی ئەو ڕۆژە بکەوین..! ئامین
ڕۆژی عەرەفە لەگەڵ ھەشت ڕۆژی سەرەتای مانگی (زی الحجە) دەکاتە نۆ ڕۆژ، کە لە کوردەواریدا بە (نۆمینەی حاجیان) ناسێنراوە، ئەگەر کەسێک توانای ھەبێت ھەر نۆ ڕۆژەکە بە ڕۆژوو بێت، ئەوە کارێکی گەورەو باشی ئەنجامداوە، ئەگینا گرتنی ڕۆژووی عەرەفە بۆ خۆی یەکێکە لە ئەجر و پاداشتە گەورەکان کە بۆی دەنووسرێت..! بەڵام ئەنجامدانی کردەوەی باشی تری وەکو پەیڕەو کردنی سوننەت و نوێژو قورئان خوێندن و زیکر و سەردانی نەخۆش و...ھتد لە ھەشت ڕۆژەکەی تردا بۆ کەسێک کە توانای ڕۆژووگرتنی نەبێت، یا ئەو کەسەش کە بە ڕۆژووە ئەجرو پاداشتێکی گەورەی ھەیە...
تەنانەت ئیبنو عەبباس دەفەرمووێت: ئەو دە شەوەی کە خوای گەورە لە سەرەتای سوورەتی (الفجر)ەوە سوێندی پێ دەخوات، ھەر ئەم دە شەو و ڕۆژەی سەرەتای مانکی زیلحجەیە..! بەڵام ڕای بەھێزتر ئەوەیە کە ئەو دە شەوە کە خوا سوێندی پێ دەخوات شەوی قەدرە لە کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا...
بە ھەر حاڵ ئەگەر ئەو دە شەوەی کە خوا سوێندی پێ دەخوات، سەرەتای مانگی زیلحجەش نەبێت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە لە گەورەیی و ڕێزی ئەم کەم بکاتەوە، چونکە ئەم دە ڕۆژەش لە چەندین فەرموودەی ێەحیحی پێغەمبەری خوادا جەختی لەسەر کراوەتەوەو ھاوەڵان و تابیعین (خوایان لێ ڕازی بێت) بە گرنگییەوە بایەخیان پێداوەو کاری باشیان تێدا ئەنجام داوە..
لە باسی فەزڵ و گەورەیی، وە جێگەو مەکانی ئەم ڕۆژووی عەرەفەدایە، لە فەرموودەدا ھاتووە کە: قەتادە (خوا لێی ڕازی بێت) دەگێڕێتەوەو دەڵێ: پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) فەرمووی: (یوم عرفة یکفر سنتین ماضیة ومستقبلە وصوم عاشوراء یکفر سنة ماضیة) رواە الجماعە الا البخاری والترمذی.. واتە: ڕۆژوو گرتنی عەرەفە گوناھی دوو ساڵ دەسڕێتەوە، ساڵێک پێشتر و ساڵێک دواتر، ڕۆژوو گرتنی عاشوراش ھی ساڵی ڕابردوو... ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە کۆمەڵێک – ھەرزە بیر – وا بیر بکەنەوە مادام گوناھی ساڵی داھاتوویان شۆردراوەتەوە، ئیتر دەست بدەنە گوناە و جل و بەرگ و خواردنی خۆیان بە گوناە بڕازێننەوە.. بێگومان کاری وا گەورەترینی گوناھەکانەو خۆ بە گەورە زانینێکی لە ڕادەبەدەرە لە بەردەم گەورەیی و ڕوحمی خوادا (خوا پەنامان بدات)...! چونکە ئەگەر مرۆڤ ھەموو تەمەنی سەری لە سوجدەدا بێت بۆ خوای میھرەبان، ھێشتا نەیتوانیوە ھەق و مافی دەمارێکی جەستەی بدات.!! چ جای ئەوە ھەر لە ئێستاوە – بەبێ شەرمی و بێ چاو و ڕوویی خۆی – نیەتی گوناە کردن بێنێت و دڵی بەو ڕۆژە ڕۆژووە وشکەی خۆی خۆش بێت.!
ھەر لە قەدر و بە گرنگ گرتنی ئەم ڕۆژەیە، حەفسەخانی دایکمان (خوا لە خۆیی و بابی ڕازی بێت) فەرموودەیەک دەگێڕێتەوەو دەفەرمووێت: (أربع لم یکن یدعھن رسول اللّە صلی اللّە علیە و سلم: "صیام عاشورا والعشرو ثلاثة أیام من کل شھر و الرکعتین قبل الغداە". رواە أحمد والنسائی... واتە: چوار جۆر پەرستن ھەیە کە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بەردەوام – بەبێ پچڕان و واز ھێنان – پێیانەوە پابەند بووە، وە ھەموو کات ئەنجامی دەدان: ڕۆژووی عاشوورا، نۆمینەی حاجیان (دە ڕۆژی سەرەتای زی الحجە)، سێ ڕۆژ لە ھەموو مانگێک بە ڕۆژوو بوون، دوو ڕکات نوێژی سوننەت پێش نوێژی بەیانی.!
لە سەیدنا ئەبوو ھوڕەیرەوە ھاتووە و دەڵێت: پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) ڕۆژوو گرتنی ڕۆژی عەرەفەی بۆ حاجی قەدەغە کردبوو، (ئەحمەد، ئەبوو داود، نەسائی، ئیبنوماجە)... ئەم نەھی کردنەی سەیدنا موحەممەدی ڕابەرمان تەنھا بۆ حاجیانە، چونکە لەو ڕۆژەدا حاجیان لە کێوی عەرەفاتن..!
لەئوم فەزڵەوە ھاتووە: ڕۆژی عەرەفە گومانمان لە بەڕۆژوو بوونی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) ھەبوو، منیش قاپێک شیرم بۆ نارد، ئەویش خواردییەوە، لە کاتێکدا وتاری ئەدا لە عەرەفە. (موسلیم و بوخاری).!
لە فەرموودەکەی ئوم فەزڵی بەڕێزەوە ئەوە دەخوێنرێتەوە کە سەیدنا موحەممەدی ڕابەرمان چونکە لەو ڕۆژەدا – کە ڕۆژی عەرەفەیە – بە ڕۆژوو نەبووە، چونکە لە کێوی عەرەفەدا بووەو، پێشتریش لە فەرموودەکەی سەیدنا ئەبوو ھوڕەیرەوە زانیمان کە سەیدنا موحەممەد ڕۆژووگرتنی عەرەفەی بۆ حاجی قەدەغە کردبوو.!

بەڕێزان: ئەم ڕۆژە دەبێت زۆر بە گرنگییەوە لێی بڕوانرێت، وە ئەو ھۆکارانەی کە دەبنە مایەی بەتاڵ بوونەوەی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان و شەشەڵان و ڕۆژووی سوننەتی دیکە، ھەر ھەمان ھۆکاریشن کە دەبنە مایەی بەتاڵ بوونەوەی ڕۆژووی ئەم ڕۆژە.! دەبێت موسڵمانان – نێر و مێ – بەوپەڕی دڵ و قەناعەتەوە ئاگایان لەم ڕۆژەیان بێت و نزیکی قەدەغەکراوەکانی خوا نەکەونەوە، چونکە دەست کەوتنی وەھا ڕۆژێک و نووسین و بەدەست ھێنانی پاداشتەکەی بەڕاستی زۆر زۆر مەحاڵەو دووبارە بوونەوەی گرانە.! بەتایبەت کە ڕۆژی عەرەفەی جەژنی قوربان خەڵکی بە تێکڕا – گەنج و پیر، ژن و پیاو، دەوڵەمەند و ھەژار – ڕوو دەکەنە بازاڕەکان بۆ دەخستنی پێداویستییەکانیان.! دەبێت خۆمان لە تێکەڵاویی و ڕووانینی حەرام و سەوداو مامەڵەی حەرام و، گران فرۆشی بپارێزێن، تا بەڵکو خوای گەورە پاداشتی ئەم ڕۆژەمان بە نسیب بکات و بە سەربەرزی بگەڕێینەوە حزووری خۆیی و پێغەمبەرە بە ڕەوشتەکەی و بە دەست ماچ کردنێکی پێغەمبەرەکەی بەھرەوەرمان بکات و بینایی بۆ چاوەکانمان بگەڕێتەوە