03/10/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
داوەریەك لەنێوان مامۆستا علی کەڵەك و پزیشکە بەڕێزەکاندا!.
باشتر وایە هەندێك لە دکتۆرە بەڕێزەکان لەجیاتی خۆ سەرقاڵ کردنیان بە مامۆستا علی کەڵەکەوە، کە بازاڕی نەهێشتون هەوڵی ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانە بدەن کە بەسەریاندا تێ دەپەڕێت بەبەردەوامی!.
دیارە زۆرجار پرسیارم لێکراوە سەبارەت بە مامۆستا علی کەڵەك ی بەڕێز، هەمیشە لە وەڵامدا وتومە مامۆستا علی مامۆستایەکی بەڕێزو خۆشەویستەو کارەکان و چارەسەرەکانی بە قورئان و سوننە دەکات زاهیرەن بە شایەتی ئەو مامۆستا بەڕێزانەی کە سەردانیان کردوە لە نزیکەوە، لەگەڵ ئەوەی تێبینیشم زۆرە لەسەر بەڕێزیان و لەبەرامبەریشدا ڕەخنەشی لێدەگیرێت لەسەر هەندێك کاری و کەسیش بێ کەم و کورتی نییە بێگومان و ووتەشم هەبووە لەسەر بەڕێزیان لەوبارەوە!.
ئەمەش فەزڵێکە خوای گەورە بەخشیویەتی بەو مامۆستا بەڕێزەو، واردیش بوە لە کون و نوێدا، کەوا کەسانێك بەبێ خوێندنی دیراسەی پزیشکی توانای ئەو کارانەیان هەیە، من بۆ خۆم دایکم خوێنەواری نییە بەڵام دوو جار لەسەر ئاستی سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەسی هێناوە لە بواری مامانی و منداڵ بوندا، وە دەتوانێت دەرزی لێ بدات و تەداوی بکات ، ئەمانە پەیوەست نین بەخوێنەواری یەوە لای من و بەشتێکی سەرەتای دەزانم و بەڵکو پەیوەستە بە هەوڵ و کۆششی تاکەوە لەو بوارەدا!.
سەبارەت بە مامۆستا علی کەڵەك هیوادارم ئەم پێشنیارەی برا بچوکیان لە گوێ بگرێت، کە پێم باش نییە بەڕێزیان بچێتە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ ئەوەی هێندە تەشهیری پێ نەکرێت، چونکە بەڕێزیان لەو ڕوبەڕوبونەوانەدا بەردەوام شکستیان خواردوەو توڕەیان کردوە!.
وە من دەزانم پزیشکە بەڕێزەکان بە هەوڵ و ماندووبون و شەو نخونی گەشتونەتە ئەو ئاستە بەرزە، بۆیە بەڕاستی ناحەقیان ناگرم کەوا ڕۆژانە بە چەند پزیشكێکی بەڕێز، نیو هێندەی مامۆستا علی سەردانیان ناکرێت لەلایەن نەخۆشەوە!.
بۆیە ئەم خاڵە کاریگەری سلبی لەسەر دڵی هەندێك لە پزیشکەکان دروست دەکات و ئیتر دەکەونە تۆمەت بەخشینەوە بەسەر مامۆستای بەڕێزدا.
جا بەڕاستی دەبوایە پزیشکە بەڕێزەکان دڵ خۆش بونایەو یارمەتی دەری ئەو مامۆستا بەڕێزە بونایەو هاوکاریان بکردایە لەو هەڵانەی بەسەریدا تێ دەپەڕێت،نەك پێی بوترێت دەجال!.
ئەگەر ئێوە پزیشکن و بەشێوەیەکی فەرمی گەشتونەتە ئەو پلە بەرزە، باشە بۆ تائێستا یەکێك لەو نەخۆشانەتان نەهێناوەتە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کە خوای گەورە شیفای داوە لای مامۆستا علی؟ ، بڵێن : فەرموو ئەوە ئیشە سەقەتەکەی جەنابت!.
ئایا ئەمە بەڵگەیەکی بەهێزو دادپەروەرانەتر نییە بۆ ئێوەی بەڕێز کە هەمیشە خۆتان بەخوێندەوارتر زانیوە لەو؟.
لەکاتێکدا مامۆستاو هاوڵاتیانی هەرێمیش بەدەیان بەڵگەو نەخۆشتان بۆ دێنن بەبێ توانج، کەوا لەکاتی نەشتەرگەریدا چەقۆو مقەست جێ ماوە لە ناو لاشەیدا ، یان توشی کارەسات بوە تا بڕینەوەی زۆربەی ئەندامەکانی لاشەی یان لەدەست دانی بینایی چاوەکانی کە ئێوە هۆکاری سەرەکی بون تیایدا، یان بڕواتان بێت ئەچیتە لای هەر دکتۆرەو دەرمانێكت بۆ دەنوسێت و، خەڵکیش کاتێك باسی دکتۆر دەکرێت، لەگەڵ ڕێزمدا بۆ زۆربەی دکتۆرە بەڕێزەکان کە زۆر بەخەمی فەقیرو هەژارانەوەن ، بەڵام هەندێکیان هێندەی داڵغەی لای گیرفانی نەخۆشە!، خەیاڵی لای چارەسەری نەخۆشەکە نییە، بەجۆرێك گەر نەخۆش بچێتە نەخۆشخانە حکومیەکان ، کاکی دکتۆر : ڕەوانەی عەیادەکەی خۆی دەکات و پێی دەڵێت لەوێ ئەشیای باشترمان لایە!.
لە کۆتایی دا دەڵێم:
ئایا تا ئێستا کێ لەبەردەستی ئەم پیاوەدا چاوی کوێر کراوە؟ یان دەرزی سەقەتی لێدراوە؟
ئایا ئێوە زیاتر هۆکاری بەتاڵ کردنی گیرفانی خەڵکی فەقیرو هەژارن یان مامۆستا علی کەڵەك؟
ئایا هۆکار چی یە خەڵکی باوەڕی بە ئێوە نەماوەو دەچنە لای مامۆستا علی بە بەردەوامی؟
ئایا بۆ نەخۆشەکانمان دەچنە هندستانێکی برسی بۆ چارەسەر؟
ئایا باشتر نییە بەخۆتاندا بچنەوەو هەڵەکانتان ڕاست بکەنەوەو ، لە هەوڵی ئەوەدا بن هێندەی چاوتان لای پارەی نەخۆش بێت، چاوتان لەسەر چارەسەری نەخۆش بێت یان لە جیاتی تۆمەتی نابەجێ لەسەر ئەو مامۆستا بەڕێزە، بۆ وەك بەڕێزیان ئەو هەموو بەڵگەیە دەخاتە ڕوو، ئێوەش بەبەڵگە وەڵامی بدەنەوە؟.
بڕواتان بێت: لەم چەند ساڵەی ڕابردو لە ئەوروپا گەڕامەوە توشی سەرما خوردەگی بوم، چومە نەخۆشخانەی علی کەمال کە خەفەر بو ئەو شەوە ، دکتۆرێك دانیشت بو بەبێ ئەوەی سەیرم بکات ، وتی ئەوە هیچ نییە پەتایەو بڵاو بۆتەوە و خێرا چەند پارچە حەبێکی نوسی لەگەڵ شروبدا، ئێوە باش بون پێی من خراپتربوم پێی ، ڕاستە شیفا لای خوایە، بەڵام دواتر بۆم ڕون بۆیەوە دەرمانی ئێرانی و وڵاتانی تر هەیەو،یەك پارچە حەبی ئێرانی هیندەی دەنکێکی وڵاتانی دەرەوە کار ناکات!، ئەگەر هۆکار نییە بۆ چارەسەر بۆ دەرخواردمانی دەدەن؟ ئەمە بێ لەوەی ژوورەکە لەبەر چەقە دوکەڵی جگەرەو بۆنی جگەرە چاو قوڕوگو گوێمی هێندەی تر ناڕەحەت کرد!.
جا هیوادارم کەوا هێندەی لەغەمی بەرژەوەندیەکانی خۆتاندان ، ئاگاتان لە ڕۆڵەی فەقیرو هەژاری ئەو میللەتە بێت، بەڵکو ئیتر ئەو خەڵکە بێتەوە بۆ لاتان و ئێوەش واز بێنن لە مامۆستا علی کەڵەك!.