ڕوون کردنەوەیک لەسەر بەڕێز مەلا عەلی کەلەک
03/10/2013 نوسەر: bzavpress

ڕوون کردنەوەیک لەسەر بەڕێز مەلا عەلی کەلەک

زۆر کەس پرسیاریان ئاراستەی من کردووە دەربارەی ئەو بەڕێزەو داوای ئەوە دەکەن ڕوون کردنەوە لەسەری بدەم ئایا کارەکانی دەیکات موافقی ئیسلامە یان نا!؟ پێم خۆشە وەڵامێکی کورت بنووسم و چەند ڕوون کردنەوەیک بخەمە بەرچاوتان بۆ ئەوەی لەو باسە چاو ڕۆشن بن و پرسیارەکانتان بێ وەڵام نەمێنێتەوە. خوشک و برا بەڕێزەکانم پێش هەموو شتێک حەز ئەکەم چەند خاڵێک باس بکەم تاوەکو وەڵامەکەم باشتر ڕوون بێتەوە بۆتان. یەکەم : مەسەلەی بە باش زانینی کەسێک و شەهادەت بۆدانی بەوەی ئەهلی دین و ئیستیقامەیە لە بانگەشەی خۆی وەرناگیرێ تەنانەت ئەگەر هاتو لە ئاسمان بفڕێ یان لەسەر ئاو بڕوا ئێمە ئەوە ناکەینە بەڵگەی باشی و بۆ خوا سوڵحاوی شەخس، بەڵکو سەیری قسەو کردەوەی دەکەین ئەگەر قسەو کردەوەی موافق بوو بە قورئان وسوننەت باشە ئەگەر موخالیف بوو خراپە! دووەم : چاک بوونی نەخۆشێک یان دوو یان سەد یان هەزاریش لای کەسێک چ مەلا بێت یان دکتۆر ئەوە نابێتە بەڵگەی ئەوەی ئەو مەلایە یان ئەو دکتۆرە لە خوا نزیکەو ئەهلی سەڵاح وخێرە ئەگەر هاتو بە قسە یان بە کردەوە بینیمان موخالەفەی شەرع ئەکات، بەڵکو دەگونجێ دکتۆرێکی مولحید کەسێکی نەخۆش سەردانی بکات وچاک بێتەوە بە هۆی دەرمان وعیلاجەکەی بۆی دەنوسێ! مەعلومە هەموو نەخۆشیەک دەرمانی هەیە هەر کەس ئەو دەرمانە بزانێ مانای ئەوە نیە ئیمان دارە بۆی هەیە کافریش بێت! سێهەم : ئەو مەسەلەیە تایبەت نیە بە بەڕێز مەلا عەلی لەڕاستی چەندین کەسی تر ئەو کارەی دەکەن من ناویان ناڵێم پێویست نیە! چوارەم : کەسی موسڵمان ناتوانێ لاری لەوە بکات کە قورئان بەسەرداخوێندنەوە شیفای تیایە، وە هەنگوین شیفای تیایە، وە ڕەشکە شیفای تیایە، هەروەها زەیتون و زەیتەکەی! پێنجەم : مەسەلەی جن و چوونە لەشی مرۆڤەوە ئەوە لای ئەهلی سوننەو جەماعەت بەشێکە لە بیرو باوەڕیان ئەوەی بڕوای پێ نەبێت لەسەر بیرو باوەڕی موعتەزیلەن کە کۆمەڵێکی گومڕاو سەر لێشێواون. شەشەم : مەسەلەی پارە وەرگرتن یان وەرنەگرتنی مەلایەک کە قورئان بەسەر نەخۆش بخوێنێتەوە بەڵگەی ڕاستی و دروستی پیشەکەی نیە هەروەک بەڵگەی لەخواترسان و ساڵحی نیە! زۆر کەس وادەزانن پارە وەرنەگرێ باشە وەری بگرێ خراپە! ئەوە هەڵەیە پارە وەرگرتن لەسەر ئەو کارە دروستە ئەگەر بە شێوەیەکی شەرعی بکرێت، وە وەرنەگرتنی پارە مانای ئەوە نیە بە شێوەی شەرعی ئەکرێ بەڵکو بۆ ئەوە کارەکە سەیر ئەکرێ بەو شێوە بوو لە شەرع ڕێگای پێ دراوە پارەش وەربگرێ شەرعیە. دیارە من لە شوێنی تری تایبەت ئەو خاڵانە ان شاء الله ڕوون ئەکەمەوەو بەڵگەکانی باس ئەکەم لە شەرحی کتابی (التوحید) بە پشتیوانی خوای بەرز.

ئێستا بێمە سەر ئەو قسانەی بەرامبەری بەڕێز مەلا عەلی هەمە: مەلا عەلی هەندێ بانگەشە ئەکات نادروستە وەک ئەوەی تەحەددا ئەکات ئەوەندە نەخۆشە بێنن بزان چاکیان دەکەم یان نا با بشڵێ (بە ئیزنی خوا) بەڵام ئەو جۆرە تەحەددایە زێدەڕۆیی تێدا! دەتوانێ بڵێ هەوڵ ئەدەم دەرمانیان بدەمێ یان قورئانیان لەسەر ئەخوێنم ودوعایان بۆ دەکەم بۆی هەیە چاک بن بۆی هەیە چاک نەبن! گەرەنتی دان یانیش تەحەددا کردن بەو شێوە دوورە لە مەنهەج و عەقیدەی ئەهلی سوننەو جەماعەت! ئەگەر ئەوە ببوایە زانایان و پێشەوایانی ئەهلی سووننە لە صەحابەکان رضي الله عنهم وە لە تابیعیەکان رحمهم الله ئەیان کرد، چونکە ئەوان زاناتر بوون وە لە خواترس تر بوون! شتێکی تر من لە یەکێک لە موقابەلەکانی ئەوەم لێ بیست کە پرسیاری لێ دەکرێ یانی تۆ شتێکی خاریقی عەدەت تیایە؟ لە وەڵام دەڵێ : بەڵێ! ئەوە کاتێک باسی ئەوە دەکا خێزانی نەخۆش بووە دەستی لەسەر سەری داناوە بۆ ئەوەی دوعا بخوێنێ یەکسەر چاک بۆتەوە خێزانی ووتوێتی دەستت گەرمە یان گەرمایی تێدایە! لەو کات بەرامبەرەکەی پرسیاری لێدەکا یانی تۆ شتێکی خاریقی عادەت تێدایە؟ دەڵێ : بەڵێ! من ئەگەر گومانی باشی پێ ببەم دەڵێم ئەوە یان زەللەی زمانە لە زمانی دەرچووە یان لە نەزانی خۆیەتی! ئەگینا ئەو جۆرە بانگەشەیە گەلێک دوورە لە عەقیدەی ئەهلی سوننەو جەماعەت کە ئەو خۆی بە ئەهلی سوننەو جەماعەت ئەزانێ و ئەو بانگەشە ئەکات الحمد لله! مەسەلەیەکی تر ئەوەیە لە هەندێ لەو ڤیدیۆیانەی بڵاو بۆتەوە شتی سەیری لێ ئەبینرێ لەوانە سەلیب ئەگرێ بەدەستەوە بە نەخۆشە گاورەکان ئەڵێ ئێمە فەرقمان نیە! هەموو براین ئەو جۆرە قسانە! کە ئەوە نیشانەی نەزانی و نەشارەزاییتی لە عەقیدەی ئەهلی سوننەو جەماعە! ئەوە لە حاڵەتی باش گومان بردنمان بێگومان! دەزانین ئەوەی سەلیب بپەرستێ قەت برا نیە لەگەڵ ئەوەی تەنها خوا ئەپەرستێ وە قەت ناتوانین بڵێین فەرقیان نیە! چۆن کافرو موشریک و موسڵمان فەرقی نیە؟! ئەوە لەگەڵ یەزیدیەکانیش دووبارە ئەکاتەوە! وە شتێکی تر لە ناو خەڵکدا وەستاوە ئەیەوێ دوعا بکات یەکسەر ئەچێتە سەجدە بۆ دوعا کردن! ئەوەش بیدعەیەو سەجدەی دوعامان نیە! بەڵکو سەجدەی تیلاوەمان هەیە سەجدەی شوکرمان هەیە سەجدەی سەهومان هەیە سەجدەی ناو نوێژمان هەیە لەو سەجدانە ئەکرێ دوعا بکرێ نەک سەجدەی تایبەت بەری بەس بۆ دووعا ئەوە بیدعەیە! مەسەلەیەکی تر بەکار هێنانی لێدان لە نەخۆش بە بیانوی ئەوەی جن لە لەشیەتی! ئەوەش هەڵەیە هەر چەند وارید بوبێ لە هەندێ زانا ئەوەیان کردبێ بەڵام باشترە لەسەر ئەوە بوەستین کە پێغەمبەر صلى الله علیه وعلى اله وسلم وە صەحابەکان کردوویانە زیادەکاری نەکەین، بەتایبەتی بۆی هەیە لێدان ببێتە هۆی ئەزێت دان وبریندار کردنی نەخۆشەکە هەندێ جار مردنی! وە شتێکی تر زۆر گرنگە ئەویش قسە کردن لەگەڵ جن و بڕوا پێ کردنی! ئەوە زۆر خەتەرە، بەڵێ دروستە قورئان بەسەر ئەو کەسە بخوێنیەوە وە دوعای بۆ بکەی مادام گومانی لێ دەکەی جن لە لەشیەتی بەڵام ناشتوانی جن لە لەش بوون بەسەریدا ساغ بکەیەوە بۆی هەیە جن لە لەشی نەبێ نەخۆشی تری جەستەیی هەبێ! جن بۆ ئێمە عالەمێکی غەیبن ئێمە نایان بینین کەوابوو ناشتوانین بڕوایان پێ بکەین بەتایبەتی دەزانین شەیتان گەورە ترین دوژمنی مرۆڤە بۆی هەیە درۆ بکات بۆ فریو دانی خەڵک! لەبەر ئەوە دوعا بخوێنە بەسەر نەخۆش یان قورئانی بەسەردا بخوێنە بەڵام سوالفە مەکە لەگەڵ جن و بڕوای پێ مەکە! وە شتێکی تری نەشیاوی ئەو بەڕێزە مەلا عەلی ئەو ئوسلوبە توندەی لەو موقابەلەی لەگەڵ ئەو دکتۆرە لە بەرنامەی تەلەفیزیۆنی ... کە بەداخەوە ئوسلوبێکی ناشیرنی بەکار هێنا لە موناقەشە کردن وە تۆمەتی ناڕەوای دایە پاڵ مامۆستایانی ئیسلام و زۆربەیانی بە عەلمانی وەسف کرد کە ئەوە بۆنی تەکفیر کردنی لێ دێت!!! نازانم پاڵنەری ئەو تۆمەتانە چ بوون بەڵام ئەوە ناڕەواییە سەدی هەشتای مەلایان وا بە جوملە تۆمەت بار بکەی بە عەلمانی بوون یان بە خۆ فرۆشتن بە دەسەڵات! ئەو جۆرە تۆمەتانە دووبارە نەزانی و نەشارەزایی مەلا عەليمان بۆ دەر ئەخات لە عەقیدەو مەنهەجی ئەهلی سوننەو جەماعە ت! لە کۆتایی : بۆشاهێدی دانی حەق من وا ئەبینم مەلا عەلی لە هەندێ شوێنی تر قسەی حەق ئەکاو تەوازوع ئەنوێنێ وەک ئەوەی دەڵێ من هیچ نیم وهیچم پێ ناکرێ بەس خوا شیفا ئەنێرێ ئەو قورئانە گەورەیە. وە من جارێکیان نامەیەکم لە فەیس بووک بۆ ڕەوانە کرد هەندێ لەو خاڵانەی ڕەخنەم هەبوو لێی بۆم نوسی وووتیشم بتوانم سەردانت ئەکەم ئەوەبوو وەڵامی بۆ نوسیم و بەڕێزەوە دانی نا بەوەی من ڕاست ئەکەم لەو ڕەخنانەم ووتیشی کەی هاتی لە خزمەتم بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەمتوانیوە سەردانی بکەم و ڕوو بەڕوو قسەی لەگەڵ بکەم ان شاء الله ئەوە لەکاتی تر ڕووئەدات و بەخۆشحاڵیەوە سەردانی ئەکەم و لە نزیکەوە ڕەخنەکانی خۆمی پێ ڕادەگەینم. پوختەی قسەکانم : ئەو کارەی مەلا عەلی دەیکات لە ئەسڵدا شەرعیە کەس ناتوانی لاری بکات لەوە. بەڵام ڕەخنەمان هەیە لە هەندێ کاری و هەندێ ووتەی هەندێ لە ڕەخنەکانیشم باس کرد. خوای بەرز هەموومان هیدایەت بدات بۆ حەق و لەسەری سابتمان بکات.