له مەڕ زەرورەتی دیموکراسی‌
24/09/2013 نوسەر: bzavpress

له مەڕ زەرورەتی دیموکراسی‌


دیموکراسی‌ :لە بژاردەیەکی‌ سیاسیەوە بۆ ئەرکێکی‌ ئیسلامی‌

دیموکراسی هەر وەک هەندئ بیرمەند ڕونیان کردۆتەوە لە ئەمڕۆدا بابەتێ نیە بۆ مێژوو ، بەڵکو پێش هەرشتێ زەرورەتێکە لە زەروراتەکانی سەردەم . واتە پایەیەکی پێویستە بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە .
ئەو مرۆڤەی‌ کە تەنها تاکێک نەماوە لە (رەعیەت)ێکدا ، بەڵکو هاوڵاتیەکە کەلەڕێ ی کۆمەڵێ مافی دیموکراسیەوە ناوەرۆکی خۆی تەواو دەکات ، کەلەپێش هەموویانەوە مافی هەڵبژاردنی فەرمانڕەواکان و چاودێری کردن و بەرکەنارکردنیان دێت .

سەرەڕای مافی ئازادی ، ئازادی رادەربرین و کۆبوونەوەو ، دروستکردنی حیزب و سەندیکاو کۆمەڵەکان ، فێربوون و کارکردن ، مافی یەکسانی و دەرفەتی وەک یەکی سیاسی و ئابوری .

کەواتە میکانیزمەکانی دیموکراسی و ئیشکردن بەو میکانیزمانە ئەو چوارچێوە زەرورەیە کەبێ ئەو تاک ناتوانێ مومارەسەی‌ مافی هاوڵاتێتی خۆی بکات ، هەروەها فەرمانڕواکانیش ئەو شەرعیەتیان نابێت کە پاساوی فەرمانڕەواتیەکەیان بدەنەوە.

ئەمڕۆ هیچ جێگرەوەیەک لە بواری‌ سیاسیدا بۆ شەرعیەتی دیموکراسی بوونی‌ نیە ، شەرعیەتی شۆرشگێرانە کە هەمیشە بەبیانوی‌ لەپێشتربوونی هەندێ ئامانجی تر دیموکراسیەتی دوادەخست ، شکستی خواردووە ئەمرۆ دیموکراسیەت بۆتە مافێک کە کەس مافی ئەوە نیە دوای‌ بخات و هەڵپەسێرێ ، یاخود لەژێر چاودێری خۆیدا دایبنێ شەرعیەتی‌ ئاینی‌ و ئاسمانیش لە کایەی‌ سیاسەتدا مێژو تێیپەڕاندوە . نابێ ئەمڕۆ هیچ ئامانجێکی دەوڵەت لەسەرو مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتی یەوە بێت ، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت هەموو ئامانجەکانی تر لەمانەوە سەرچاوەیان گرتبێت و ، خزمەتی ئەمان بکەن .

شەرعیەتی مێژوویش کە ئەم فەرمانڕەوا یاخود ئەو (ادعا)ی بکات ، لەم سەردەمەدا توانای‌ ئەوەی‌ نیە خۆی پاساوی خۆی بداتەوە ، تاکەشتێ کە یارمەتی بدات بۆ پاساو دانەوەی‌ خۆی ، چوونە ژێر شەرعیەتی دیموکراسی و خۆگونجاندنە لەگەڵ بنەماکانی . ئەمە تاکە دەرفەتێکە بتوانێ لەئێستادا مانای‌ پێ بدات ، یاخود دەرفەتێکی لەبەردەمدا بکاتەوە بۆ بەردەوام بوون .

دیموکراسی بۆ ئیدارەکردنی کۆمەڵگا هاوچەرخەکان گرنگە ، چونکە کۆمەڵگا بریتی یە لە کۆمەڵی لە پەیوەندی و بەرژوەندی و تاقم و توێژ و ململانێ و کێ بڕکێ .

دیموکراسیەت شێوازێکی ئاشتیخوازانەی‌ ئیجابیە بۆ ڕێکخستنی عەقڵانیانەی‌ پەیوەندیەکانی ناو کۆمەڵ و ململانێ ی نێوان مونافیسەکان بۆ ڕێگرتن لەوەی‌ بەشێوەی‌ خوێناوی‌ بتەقنەوەو ، ببنە مایەی‌ وێرانی و قەیرانی قووڵ لە کۆمەڵدا .

دیموکراسیەت لەم دیدەوە بریتی یە لەچوارچێوەیەکی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی ناو کۆمەڵگا و ، ڕێک و پێککردنی پەیوەندییەکان بە قازانجی پێشکەوتنی گەل و ، بەهرەمەندبوونی هاووڵاتی بە مافەکانی ، لەراستیشدا یەکێ لە گرنگترین قەیرانەکانی کۆمەڵگاکانی ئێمە بوونی ناکۆکی و ململانێ ی جۆراوجۆرو ، نەبوونی رۆشنبیری بەیەکەوە ژیانی ئاشتیخوازانەو دیالۆگە ، بۆ چارەسەری‌ ئەو کێشانەو ، ئاراستەکردنی ئەو ململانێیانە بەشێوەیەکی تەریب و ڕێکخستنیان لەچوارچێوەیەکی عەقڵانی وادا ، کە ببنە مایەی‌ زیندوێتی کۆمەڵ نەک دووچار کردنی بەکێشەو لەدەستدانی وزەو تواناکانی‌ جگە لەمە دیموکراسی لە وڵاتانی ئیسلامی و وڵاتی ئێمەشدا لە چەندین ڕووی ترەوە گرنگە لەوانەش : -
1. گەورەترین مەترسی مێژوویی و کۆسپی سەرەڕێ ی پێشکەوتنی سیاسی و ئابووری‌ و کۆمەڵایەتی لەم وڵاتانەدا سنەمکاری‌ (استبداد)ە ، لەو سۆنگەشەوە کە دیموکراسی (بدیل)ی (استبداد)و (دکتاتۆریەت) و (تاکڕەوی) یە ، مەسەلەی‌ دیموکراتیزەکردنی دەسەڵات مەرجێکی بنەڕەتی یە بۆ رزگاربوونی ئەم کۆمەڵگایانە لەو بازنە داخراواوەی‌ تێی کەوتوون و ئەو قەیرانانەی‌ بەدەستیەوە دەناڵێنن .
2. چونکە بەبێ میکانیزمەکان و رۆشنبیری دیموکراسی(شورا)وەک چەمک و بەهایەکی رەسەنی فەرهەنگی ئیسلامی هەروەک رابردوو لە شێوەی‌ بەهایەکی ئەخلاقی و بە هەڵواسراوی‌ و کارپێنەکراوی‌ دەمێنێتەوە . ڕۆڵی خۆی لە چارەسەری‌ کێشەکاندا ناگێڕێت لەو سۆنگەوە ئەگەر شورا بە گێڕانەوەی‌ پرسی‌ دەسەڵات بۆ خەڵک لێکبدەینەوە لە دەرەوەی‌ میکانیزمەکانی‌ دیموکراسی‌ شانسی‌ پیادەبوونی‌ لە بەردەمدا نیە .
3. هیچ ئەزمونێکی ئیسلامی هاوچەرخ لە دەرەوەی‌(تبنی) کردنی (خیار)ی دیموکراسی بەو ناوەرۆکەی‌ کە باسمان کرد ناتوانێ نموونەیەکی زیندوو سەرنج راکێش پێشکەش بکات و توانای‌ پێشبڕکێ ی هەبێ لەسەر ئاستی جیهانیداو دەرگا لەبەردەم گۆرانێکی چۆنایەتیدا بکاتەوەو توانای‌ ئەوەی‌ هەبێت وەڵامی پێویست بە خواست و خەونەکانی گەلێکی موسوڵمان بداتەوەو دوارۆژێکی رووناک و پڕ دەستکەوت و چاوەراونی بکات .
4. لەبەر ئەوەی‌ لە ئەمڕۆدا دیموکراسی داواکاریەکی جیهانی یەو ، یەکێکە لە سیماکانی ژیانی سەردەم لەم وڵاتانەشدا زۆربەی‌ هێزو تەوژمە سیاسی و فکریەکان بانگەشەی‌ بۆ دەکەن . واتە تارادەیەکی زۆر کۆدەنگیەکی میللی لەسەرە ، تەنانەت دەسەڵاتە نا دیموکراسیەکانیش هەوڵدەدەن لەڕێ دەمامکی دیموکراسیەوە سیمای‌ دزێوی خۆیان بشارنەوە .ئەمەش وا دەکات نا دیموکراسی‌ بوون دەسەڵات و وڵاتان دووچاری‌ گۆشەگیری‌ و نامۆیی‌ و هەندئ جاریش ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دۆخە نێودەوڵەتیەکەدا بکاتەوە .
5. لەبەر ئەوەی‌ لەڕووی عەمەلیەوە تاکو ئێستا (بدیل)ێکی تر نیەجێگای‌ میکانیزم و ڕێ و شوێنەکانی دیموکراسی بگرێتەوەو ، ڕێگا بگرێ لەوەی‌ دەوڵەتی هاوچەرخ ببێتە هەرەشە بۆسەر ژیان و مرۆڤ و کۆمەڵگاو سنور بۆ دەسەڵاًتی‌ دەسەڵاتداران دابنێت و ئاشتی‌ کۆمەڵایەتی‌ بپارێزێت .

لەبەر هەموو ئەمانەو بە واقیعی کردنی خەونی هەڵسانەوەو گێڕانەوەی‌ کەرامەت و ماف و گەورەیی بۆ مرۆڤی موسوڵمان و سەرجەم هاوڵاتیان و گەلانی ناوچەکە ، دیموکراسی تەنها (خیار)ێک نیە لەبەردەمماندا ، بەڵکو بەناوەرۆکە بەهایی و ژیاری و ئەخلاقی یەکەی ، لەسەرۆ ئەوەشەوە جگە لەوەی‌ مافێکی گەلانی موسوڵمانانەو زەوتکردنی تاوانە ، داواو ئەرکێکی ڕەسەنی ئیسلامیشە .

چوار چێوە فکرییەکانی (تڕێیل) کردنی
دیموکراسی لە هوشیاری‌ ئیسلامی هاوچەرخدا

سەرەتا دەمەوێت بڵێم دیموکراسی لەو سۆنگەوە کە بەرهەمی خەباتێکی دورو درێژی گەلانە دژ بە زۆرداری و ستەمکاری‌ و دەسەڵاتی ڕەهاو لە پێناو ئازادی‌ و دادپەروەری‌ سیاسی داو لە چەندین وڵاتیشدا وەک مۆدێلێک بۆ حوکم کردن ئەزمونکراوەو سەرکەوتوو بووە ، بەسە بۆ ئەوەی‌ کۆمەڵگا موسوڵمان نشینەکان پەی بە یاخی گەورەی ئەو بەرن و ، ژیان و سیستمی سیاسی خۆیانی لەسەر بینا بکەنەوە چونکە هەروەک زانای‌ شەهید مامۆستا ناسری سوبحانی لە وتەیەکدا دەڵێت ، ڕێگای‌ گەیشتن بەراستی وەحی و ئەزموونکردن و گەرانی مرۆڤەکان .
دیموکراسیش لەڕێگای‌ هەول و کۆششی مرۆڤەکان خۆیان و ، تاقیکردنەوەو سەرکەوتوو بونیەوە ، سودی لێوەردەگیرێت و پیادەکرێت و ، ژیانی سیاسی و مەدەنی بەگشتی پێ دەوڵەمەند دەکرێن و ڕێکدەخرێت. لە ڕوویەکی ترەوە هەر وەک گەورە بیرمەندی ئێرانی هاوچەرخ دکتۆر سروش بۆی‌ چووە ،
ئێمە تەنها بەهایەکی خولگەیی وەکو دادپەروەریمان لە ئیسلامدا بەسە بۆ (تڕێیل) کردنی دیموکراسی و ڕواندنی لە ژینگەی‌ کلتوری‌ و هوشیاری‌ تاکەکەسی و گشتی موسڵماناندا . چونکە دیموکراسی لەچوارچێوەی‌ دەوڵەتی نوێدا پیادە کردنی ڕووە سیاسیەکەی‌ دادپەرووریەو زۆر زەحمەتە لە دەرەوەی‌ دەستەبەری‌ و بەهاو چوار چێوەکانی ئەوەوە ، هاوڵاتیان لەڕووی سیاسی یەوە هەست بە بەشداری‌ و کەرامەتی تەواوو ، دادپەروەری سیاسی و ڕوونی بکەن .
بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێمە وەک کەسانێک کەلە بواری‌ فکری‌ ئیسلامی دا خوێندنەوەمان هەیە ، دەتوانین پرسی دیموکراسی و بە کلتوری‌ کردنی لە چەندین چوارچێوەو بنەمای‌ تری‌ فکری‌ ئیسلامی دا بخەینە ڕوو ، لەوانەش : -
1. لە ئێستادا نیمچە کۆدەنگییەک لەنێوان زۆربەی‌ زاناو بیرمەندە ئیسلامیەکاندا هەیە ، کە شتێ بەناوی‌ سیستمی سیاسی ئیسلامی (ملزم) لەڕووی ئاینی یەوە بوونی نی یە . بەڵکو ئەوەی‌ لەم ڕووەوە لە ئارادایە ، بریتی یە لە کۆمەڵێ بەهاو بنەماو ئەخلاقیاتی سیاسی ، لەوێنەی‌ دادپەروەری و ستەم دژی و ، هەژار پەروەری‌ و ، شوراو ، کەرامەتپارێزی و (اێلاح)و ...هتد . پێغەمبەر(د.خ) کاتێک کۆچی دوایی کرد ، هیچ راسپاردەیەکی لەدوا بەجێ نەما ، باس لە چۆنیەتی‌ دیاری کردنی دەسەڵاتدارو جێگرەوەی‌ خۆی بکات فەرمانڕەوا یاخود ئاماژە بەوە بکات چۆن دەگات بە دەسەڵات و ، ماوەی‌ مانەوەی‌ لە دەسەڵاتدا چەندە و دەسەڵاتەکانی چین و ، پەیوەندی بەدام و دەزگاکانی ترەوە چی یە ؟ ئۆرگانەکانی سیستمی سیاسی لەچی پێکدێت و ، سروشتی پەیوەندی نێوانیان چۆنەو ، ڕۆڵی خەڵک لەم نێوەندەدا چی یە . بەڵکو هەموو ئەمانەی‌ بۆ موسڵمانانی دوای‌ خۆی و گەشەکردنی کۆمەڵگاکان و سیستمە سیاسیەکان بە جێهێشت . بەم جۆرەش هەموو ئەو فۆرمانەی‌ حوکمڕانی‌ موسوڵمانان لەمێژوودا بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکانیان بەرهەمیان هێناوە ، یاخود بەکاریان هێناوەو وەریان گرتووە ، لەچوارچێوەی‌ ئەزموونی مێژووی ئەوان و کەلە پورەکەیاندا مامەڵەی‌ لەگەڵ دەکرێن و هیچ (الزام)ێکی ئاینی بۆ ئێمەی‌ موسڵمان تێدا نی یە . پوختەی‌ مەبەستی لێرەدا ئەوەیە دەوڵەت و سیستمی سیاسی دەرکەوتەی‌ مێژووین و کوڕی ئەم سەر زەمینەن و پێداویستی خۆرێکخستن و بەدیهێناون و پیرۆزی‌ و ڕەگ و ڕیشەیەکی‌ ئاسمانیان نیە .
2. یەکێ لە بنەما فکری و وێناکردنە ئیسلامیانەی‌ تر کە دەتوانێت دیموکراسی لەخۆبگرێت ، بریتی یە لەداڕێنی پیرۆزی لە غەیری خودا . د.عبدالکریم سروش لەم ڕووەوە دەڵێت یەکێ لە مەزنترین شتەکانی ئیسلام ئەوەیە کە لەم ئاینەدا جگە لە خودا کەس خودا نیە . واتە کەس پیرۆز نیە بە گوێرەی‌ جیهانبینی ئیسلامی کە لە دەقی دامەزرێنەری‌ ئیسلامدا ، واتە لە قورئاندا مەترەحە ، نەک فەرمانڕەواو کاربەدەست و کەسایەتیە سیاسی یەکان ، بەڵکو هیچ کەسایەتی و پێشەواو رابەرێکی ئاینیش پیرۆز نیە . تەنانەت خودی پێغەمبەریش(د.خ) تەنها لەو بازنەدا بە مەعسوم و پارێزراو لە هەڵەدا دادەنرێت ، کە پەیوەستە بە گەیاندن و راگەیاندنی وەحی و پەیامی خوداوە ، دەنا بڕیار و داوەریەکانی‌ لە دەرەوەی‌ ئەو بازنەداو ، بە سیفەتی دادوەرو سەرکردەیەکی سەربازی‌ و سیاسی و مرۆڤێک ، بە ئیجتیهاد لە قەڵەم دەدرێن ، کات و شوێن و بوون و نەبوونی بەرژەوەندی بەشدار دەبن لە وەرگرتن و مامەڵە لەگەڵ کردن و تێپەراندنیان.
3. فقهی سیاسی ئیسلامی بە جۆرێ لە جۆرەکان بیرۆکەی‌ ڕێکەوتن و گرێبەست (عقد)ی وەک شێوازو میکانیزمێک بۆ دەستەبەرکردنی ڕەوایەتی سیاسی و ، پێسپاردنی دەسەڵات بە فەرمانڕەواکان ناسیوە . راستە ئەم بیرۆکە گرنگە لەمێژووی ئیسلامی دا بەو جۆرە گەشەی‌ نەکرد کە دواتر لە چاخی هەڵسانەوەی‌ خۆرئاواداو لای‌ کەسانی وەکو لۆک و رۆسۆ دەبینین . بەڵکو مەسەلەکە لە مێژووی ئیسلامی دا ، بەتایبەتیش لە دوای‌ هاتنە سەر دەسەڵاتی‌ ئەمەویەکانەوە کرا بە مەسەلەیەکی تیۆری و ، دواتریش لە سەردەمی پاشەکشەی‌ ژیاری‌ و هەژموونی ئەدەبیاتی سوڵتانی و تیۆریزەکردن بۆ واقعێکی ستەمکار ، لەناوەرۆکی خۆی بەتاڵ کرایەوە ، بەڵام سەرەڕای ئەوە خودی سەرهەڵدانی ئەو بیرۆکە لەمێژووی ئیسلامی دا گرنگەو چوارچێوەیەکی گونجاوی‌ لەخۆگرتنی دیموکراسی و بەهاو دەستەبەرەکانیەتی ، لەو سۆنگەوە بیرۆکەی‌ (عقد) بەشێکی‌ گرنگی‌ ژێرخانی فکری‌ و فەلسەفی مۆدێلی لیبراڵ دیموکراسی نوێ پێکدەهێنێت .
4. بەگوێرەی‌ ئەو ڕێسا ئوێولی یە بەناوبانگەی کە دەڵێت (العبرە بالمقاێد و المعانی ولیس بالڕلفاڤ والمبانی) واتە گرنگ مەبەست و واتاکانە ، نەک بێژەو دارشتە کڵێشەکان ، وە بە وردبوونەوە لە ئەو وەزیفەو ئامانجانەی‌ دیموکراسی لە واقیعی کۆمەڵگا هاوچەرخەکاندا دەبینێت و بەدیدەهێنێ . ئێمەی‌ موسوڵمان نابێت لە ئاست پێناسە ئەکادیمیە وشکەکان و ، زاراوەو هەندێک شتێ تری‌ لەم جۆرەدا بووەستین و داوەری بکەین . چونکە لەو کاتەدا دەبینە ڕوکەش و ڕواڵەت و پەرست و ، عەقڵمان لەکار دەکەوێت و ، بەکەڵکی ئەوە نامێنین باس لە بوونی ناسنامەی‌ ژیاری‌ و ، دیالۆگ و، هەڵسانەوەو ، ڕێزی شارستانی و ، گەشە پێدان بکەین . بەڵام لە ئێستادا دەبێت هەروەک لە ئاست زۆربەی‌ هەرە زۆری‌ هێزە ئیسلامیەکاندا دەبینین ، هەستیاری‌ بەرامبەر زاراوەش تێپەڕێنرێت. چونکە ئەگەر هێزو پارتێکی سیاسی تاکو ئێستاش لە قۆناغی سەرلێکردنەوەدا بێت لە هەمبەر بەرکارهێنانی زاراوەی‌ دیموکراسی دا مایەی‌ سەرسوڕمانە. چونکە تەوژمی گۆرانکاریەکان و ئەو لێپرسراوێتی یانەش کەڕووی لە ئیسلامی یەکانی ناوچەکە کردووە ، بە جۆرێک گەورەو بەهێزن ، ئەم جۆرە بیرکردنەوانە بەرگەیان ناگرن . ئێستا سەردەمی ئەوە نەماوە بوترێت(دیموکراسی)یەکسانە بە (شورا) چونکە شورا تەنها بنەماو بەهایەکە ، نەک میکانزم و دەستەبەرو دامەزراوەو فۆڕم و چوارچێوە ئەو زمان و بیرکردنەوە سیاسی یە هی نیوەی‌ دووەمی سەدەی‌ نۆزدەو سەرەتای سەدەی‌ بیستەم بوو ، بۆ دروستکردنی جۆرێ لە سازان لەنێوان سوننەت و مۆدێرنە لە واقیع و هوشیاری‌ موسوڵماناندا . لەکاتێکدا ئیسلامیەکان لە ئێستادا لە چەندین وڵاتدا لەپێگەی‌ دەسەڵاتەوە ، دەبێت بیسەلمێنن ، ئەوەی‌ لە پەیوەندی بە دیموکراتیزە کردنی دەسەڵاتەوە بە عەلمانی و سیکولارەکانی پێش خۆیان و ، تەنانەت ئەوانەی‌ ئێستاش نەکراوەو ناکرێت بەوان دەکرێت و ، دەتوانن ئیسلامی بووتەکەیان بکەنە ئامێزێکی تری‌ لەخۆگۆتنی دیموکراسی و گونجاندنی لەگەڵ شوناسی ژیاری‌ و فەرهەنگی ناوچەکەدا . پێشم وایە لە بازنەی‌ ئیسلامیەکاندا ئەوەندەی‌ بە کردەوە چوارچێوە لەقاڵبدراوە فکری یەکان تێکدەشکێنرێت ، بەو ئەندازە بە مشت و مڕی فکری و تیۆری‌ ئەو ئەرکە ئەنجام نادرێن . لە ئێستاشدا لە هەندێ کات و شوێندا ئەوەی‌ دەیبینین پشتراستی ئەو بۆچوونە دەکاتەوە .
5. بوونی ڕێسایەکی ئوسوڵی کەدەڵێت (حیپما وجدت المێلحە فپم شرع الیه) واتە بەرژوەندی لەهەر کوێ بوو بەدی کرا ، شەرعی خواش لەوێیە . لە مەسەلەیەکی نا پیرۆزو گۆراو و ئینسانی وەکو دەوڵەت و سیستمی سیاسیشدا ، دیموکراسی هەر وەک مێژوو سەلماندی بەرژەوەندی راستەقینەی‌ کۆمەڵگا موسوڵمان نشینەکانی تێدایە ، بەجۆرێک هەروەک دکتۆر قەرەزاوی‌ لە وتەیەکیدا دەڵێت لەهەر شوێنێک ستەمکاری‌ و تاکڕەوی سیاسی هەبوو بێن . ئیسلام سەرکوت کراو و پەراوێز خراوبووە و ، کۆمەڵگا ملی بەرەو گەندەڵی سیاسی و ئابووری‌ و ئەخلاقی ناوە . ئەو ئیسلامەی‌ لە سایەی‌ ستەمکاری‌ و تاکڕەویشدا ئامادەیی‌ هەیەو ، هەندێ جاریش بانگەشەی بۆ دەکرێت ، ڕۆڵێ پاساودەری‌ سیاسی پێ دەبینرێ و ، لە روحە عەدالەتخوازەکەی‌ بەتاڵ دەکرێتەوەو ، بە پێچەوانەی‌ پەیامی ئەو لە ژیاندا سودی لێ وەردەگرێت . هەڵبەت ئاسایی کە لە هەندێ کات و شوێن و وڵاتدا ، ئەم کارە لەسایەی‌ دەسەڵاتێکی خۆ پێناسە کەر بەئیسلامی و نوێنەری‌ ئایدۆلۆژای نوێ ی ئیسلامی دا ڕووبدات . چونکە لە دەرەوەی‌ دەستەبەریەکانی دیموکراسی و خاوەندارێتی راستەقینەی‌ خەڵک بۆ دەسەڵات و سەرچاوەی‌ ڕەوایەتی سیاسی ، ئیسلامی بوون ڕێگر نابێت لەسەرهەڵدانی تاکڕەوی و ، گەندەڵی و ستەمکاری‌ . هەروەک بە کردەوە لە چەند نموونەیەکی نوێدا بینیمان ، لەبەر ئەوەی‌ هەروەک (ئالان تۆرین)ی گەورە تیۆریستی فەرەنسی بۆی چووە ، دەوڵەتی نوێ وەک وەحش وایەو ئەگەر بە میکانیزمەکانی دیموکراسی پێوەند نەکرێت ، دەبێتە هەرەشە بۆ سەر مرۆڤ و ژیان و کۆمەڵگە .

هەر ئەمەش بوو وای‌ لە کەسایەتی یەکی وەکو پێشەوا (عومەری کوڕی خەتاب) دووەم جێنشینی راشیدین ، کرد لە جەنگی عێراق و بەرامبەر بەڵگە هێنانەوەی‌ هەندێ جەنگاوەر بە رەفتاری‌ پێغەمبەر لە خەیبەردا ، کە زەوییەکانی بەسەر جەنگاوەراندا دابەشکردبوو ، بۆ ئەوەی‌ عومەریش هەمان کار سەبارەت بە زەوییەکانی عێراق دووبارە بکاتەوەو بەسەر جەنگاوەراندا دابەشی بکات ، ئەم کەسایەتیە مەزنە عەقڵکراوەی مێژووی ئیسلامی ڕووبەڕووی ئەو کەسانە وتی : ئەگەر ئێستا ئەم زەویانە بەسەر ئێوەدا دابەش بکەم ئەی‌ نەوەکانی داهاتوو چی بکەن ؟ بۆیە کاری‌ واناکەم ، سەبارەت بە ڕەفتاری‌ پێغەمبەریش (د.خ) لەخەیبەردا ووتی‌ : ئەوەی‌ ئەو کاتە ئەو لە خەیبەردا کردی بەرژوەندی موسوڵمانان لەو کاتەدا لەوەدا بوو ، ئەوەی‌ ئێستاش من دەیکەم لە ئێستادا بەرژوەندییان لەمەدایە .