20/09/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
پەیامێك بۆ مامۆستایانی ئاینی
ئەڵبەت من لە ئاستی ئێوەدا خۆم بە سوختە دەزانم و هەردەم بە ئەژنۆوە ئامادەی خوێندنی عەوامیلەکانم و دەستی دەست بە قورئانتان بە گەرمی دەگوشم.
وەك قوتابیەکی خۆتان تەنها چەند دێڕێك بە بیرتان دەهێنمەوە.
مامۆستایانی بەڕێز لە خزمەتی زۆربەتاندا بووم و لە نزیکەوە دەمناسن، هەر لە حوجرە، ناو بارەگای یەکیەتی زانایان، بۆنەو موناسەبە دینیەکان، هەڵوێست و کارە شەرعیەکان.
بەڕێزەکانم، تاقە چینێك لەم کۆمەڵگەدا کە زۆر ستەمی لێکرابێت ئێوەن، هەیە هەر ١٢ عیلمەکەی خوێندووەو ئێستە لەماڵدایەو بە هەزاران مزگەوت لەم کوردستانەدا هەیە بەبێ مەلا!، موچەی سەماکارێك دوو هێندەو نیوی موچەکەی ئیوەیە! وەك مزراح دەتان سوڕێننەوە بۆ بەردەم ئەوقاف و هەر ڕۆژەو تاقیکردنەوەیەك بە بیانویەك، شەهادەکانی ئێوە بەردەوام جێگەی پرسیارەو بێ شەهادەکانی ئەوان نا پرسیار، موستەشارەکان دەرماڵەو نەسریەیان هەیە ئێوەش بە کەمترین موچەوە لە خزمەت هەموو کەسان، ئەوان هەرگیز ڕاستیان لەگەڵ ئێوە نەکردووە! دەڵێن سیاسەت لە دین جیا بکرێتەوەو مزگەوت نابێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار بهێنرێت، بینیمان ئاڵای حیزبەکان بەسەر منارەکانی مزگەوتەوە خۆشتان دەزانن چەند فشاری سیاسیتان لەسەرە، مزگەوت و زانست و تواناکانتان خەڵکی عەوام چاوی لێیەتی، ئایەتەکانی حوکم و عەدالەت بە گوێی خەڵکیدا بدەن، فەرموودەو هەڵوێستە سیاسیەکانی پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت بۆ خەڵکی ڕوون بکەنەوە، ئیمامی ئەحمەدو ئیبن و تەیمیەو سەید قوطب بە خەڵکی بناسێنن، خەڵکی عەوام بێ ئاگایە ئێوە بە ئاگان بەرانبەر قورئان، خەڵکی ئیمانی بە ڕازقی خوای گەورە لاوازە! ئێوە ئایەتی وَفِي (السَّمَاءِ رِزْقُكُمْ وَمَا تُوعَدُونَ) دەخوێننەوە، خەڵکی لە دەستەڵات دەترسێ ئێوە لە حکومەتی بەعس نەدەترسان، ئێوە بۆ بوون بە چینێکی وەلا نراو! کەی ڕەوایە ئێوە شارەزای قورئان بن و کەسانێك باسی ئیسلامتان بۆ بکەن کە بێ ئاگان لە شەرع و قورئان، ستەمی ئەم کۆمەڵگەیە زۆرینەی لە ئەستۆی ئێوەدایە! ئێوە بێ دەنگ بن بەرانبەر موچەیەکی کەم بۆ لۆمەی خەڵکی بکرێت بۆ موچەیەکی زۆر، کاتی ئەوە هاتووە ئیمامی ئەحمەدو ئیبن و تەیمییە ئاسا بەرانبەری دەستەڵات ببنەوە، ئێوە بەخۆتان تەزحیە بدەن گومانتان لەوە نەبێت یەکەم خواو دووهەم کۆمەڵگە لە پشتان دەبێت، جاڕی دینداری و ئازادی بە ئاشکرا بدەن، (لا اکراه فی الدین) بۆ خەڵکی ڕوون بکەنەوە بە مەنتیقەوە لەگەڵ (وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا) بۆ خەڵکی باس بکەن، (إن الحكم إلا لله أمر ألا تعبدوا إلا إياه) بۆ دەستەڵاتدارەکان باس بکەن و سنوری خوا هێڵی سوری بۆ بکێشن و سنوری ئەوانیش دیاری بکەن، بە نا ڕوونی مەڵێن هەرکەس چاکە دەنگ بەوە بدەن چاکەکانیش بۆ خەڵکی ئاشکرا بکەن، ئەگەر چاکەکانیش بە گشتی دیار نەبن خۆ خراپەکان حاشا هەڵنەگرن، دز لە ئیسلامدا دەستی دەبڕدریت لە کوردستاندا دەستە پاکەکان دەبڕن! زینا کەر لە ئیسلامدا ساڵێك دوور دەخرێتەوە پاکەکانی ئێمە لە ووڵات وەدەر دەنرێن، ئێوە ستەم لەکەس ناکەن بۆ بهێڵن ستەمتان لێ بکرێت.