پاش ئەوەی رۆژنامەی چاودێری لە ژمارە 437ی خۆی لە بابەتێكدا دەنوسێت :
یەكێك لەتەقەكەرەكانی بەردەم مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
لەسلێمانی، دانی بەوەداناوە كە لەئاسایشی پارتی مووچە وەردەگرێت،
ئاسایشی سلێمانی روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە.
روونكردنەوەی ئاسایش:
لە ژمارە 437ی ڕۆژی 16/9/2013 هەفتەنامەی چاودێر بابەتێكی
بڵاوكردۆتەوە بەناوی یەكێك لە تەقەكەرەكانی بەردەم مەڵبەندی یەكی ڕێكخستنی
سلێمانی ( ی.ن.ك) وە ، بەوەی كەدانی ناوە بەوەدا كە لەئاسایشی پارتی
دیموكراتی كوردستان موچەی هەیە ، بەباشمان زانی ئەو بابەتە ڕاست بكەینەوە
كەئەو ڕوداوە بەم شێوەیەی خوارەوەیە: -
شەوی 7/8 ی 9 / 2013 لەنزیك
مەڵبەند ی یەكی ڕێكخستنی سلێمانی ( ی.ن.ك) سێ كەس كەسەرخۆش بوون وەچەكی
جۆری دەمانچەیان پێ بووە، لەكاتێكدا ئاسایش ئاگادار دەكرێتەوە داوایان
لێدەكەن كە خۆیان بناسێنن، بەڵام یەكێكیان دەست دەداتە دەمانچەكەی و لەو
كاتەدا ئاسایشەكان دەیانەوێت چەكەكەی لێ وەربگرن، بەڵام ئەوكەسە كەپێشتر
میلی دەمانچەكەی هێنابووە و فیشەكی لەپێشەوە بووە بۆیە لەوكاتەدا خۆی
ڕادەپسكێنێ و فیشەكێك دەتەقێنێت و بەرقاچی كارمەندێكی ئاسایشی سلێمانی
دەكەوێت بەناوی ڕەوەند عبدالكریم وە قاچی بریندار دەبێت، لەو كاتەدا ئەو
كەسانە لەناو قەرەباڵغیەكەدا خۆیان وندەكەن، بەڵام ئاسایشی سلێمانی
دەستبەجێ ئۆتۆمبێلەكە دەست بەسەر دەكەن و لەدوای پشكنینی ئۆتۆمبێلەكە تەنها
یەك ناسنامەی باری شارستانی و مۆڵەتێكی شۆفێری و ساڵانەیەكی ئۆتۆمبێلەكەی
تێدابووە، دوای دەستكەوتنی ناوی شۆفێرەكە بەماوەیەكی كەم لە بازگەی تاسڵوجە
كەسی تەقەكەر دەستگیر دەكرێت و بەپێی تایبەت مەندی و بەپێی یاسا ڕادەستی
پۆلیسی ڕزگاری دەكرێت و لەو ڕوداوەدا تەنها یەك كەس دەستگیر دەكرێت، وە
ئاگاداری هەموو لایەك دەكەینەوە كە هیچ ئەفسەرێك یاخود كارمەندێكی دەزگای
ئاسایشی هەرێم بەهیچ جۆرێك لێدوانی لەبارەی ئەو ڕوداوەوە نەداوە، وەهەر
زانیارییەك بەپێچەوانەی ئەم ڕونكردنەوەیەی ئێمەوە بێت دوورە لەڕاستییەوە و
دەزگاكەمان بەرپرس نییە لێی.
لەگەڵ ڕێزدا.
بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی