15/09/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
سۆسیالیستیش ده‌بێته هێزی سه‌ره‌كی
سۆسیالیستیش ده‌بێته هێزی سه‌ره‌كی
په‌رله‌مانی داهاتوو حزبی بچووك وه‌رناگرێت
به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌واوی حزبه سه‌ره‌كی و گه‌وره‌كان لیستی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه، پێناچێت په‌رله‌مانی داهاتوو جێی حزبه بچوكه‌كان بێته‌وه، پێشبنیش ده‌كرێت له‌ناو ئه‌واندا ته‌نها سۆسیالیست بچێته په‌رله‌مانه‌وه‌و هاوشێوه‌ی حزبه سه‌ره‌كییه‌كان كورسی هه‌بێت، ئه‌ندامێكی باڵای ئه‌و حزبه‌ش رایگه‌یاند كه سۆسیالیست زیاد له‌پێویست ده‌نگ ده‌هێنێت.
هه‌ڵبژاردنێكی جیاواز
هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره، جیاوازه له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی كه پێشووتر ئه‌نجامدراون، بۆ یه‌كه‌مینجاره له‌هه‌رێمی كوردستاندا حزبه‌كان پشت له‌هاوپه‌یمانێتی بكه‌ن و سه‌ربه‌خۆیانه به‌شداری بكه‌ن، به‌جۆرێك له‌كۆی 31 لیست و قه‌واره‌ی به‌شدار له‌هه‌ڵبژاردندا، 29 لیست سه‌ربه‌خۆیه‌و ته‌نها دوو هاوپه‌یمانێتی هه‌یه كه ئه‌وانیش سه‌نگ و قورساییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه.
حزبه بچوكه‌كان، له‌په‌رله‌مان جێیان نابێته‌وه
به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هاوپه‌یمانی وه‌لا نراوه، حزبه بچوكه‌كان بوونه‌ته قوربانی و زیانێكی گه‌وره‌یان به‌رده‌كه‌وێت، چونكه له‌پێشوتردا ئه‌وان خۆیان به‌حزبه گه‌وره‌كانه‌وه هه‌ڵواسیبوو و به‌و هۆیه‌شه‌وه چه‌ند كورسیه‌كانیان پێده‌درا.
له‌هه‌ڵبژاردنی پێشوودا حزبی زه‌حمه‌تكێشان "باڵی قادر عه‌زیز" ته‌نها چه‌ند كه‌سێك له‌ده‌وری مابوونه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی لههاوپهیمانێتیدا بوو توانی كورسییه‌ك وه‌ربگرێت، له‌كاتێكدا ئه‌و حزبه‌ی لێی جیابووه‌وه زۆرینه‌بوون و نه‌یتوانی ته‌نها كورسییه‌كیش به‌ده‌ستبهێنن.
پێشبینی ده‌كرێت هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره، زیانێكی گه‌وره له حزبه بچوكه‌كان بدات و له‌په‌رله‌مان نه‌یانهێڵێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌رهاد مه‌لا صاڵح ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ده‌ڵێت "ئه‌و حزبانه‌ی كه خاوه‌نی سهنگو قورسایین لهكوردستانداو كورسی پهرلهمانیو شه‌رعییه‌تی ئه‌و خه‌ڵكه‌یان به‌ده‌سته، نوێنه‌رانی ئۆپۆزسیۆن و دوو حزبه باڵادهستهكهن هه‌م له‌به‌غدادو هه‌م له‌هه‌رێم".
سۆسیالیست ده‌بێته هێزی سه‌ره‌كی
ئه‌گه‌رچی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌پێشوودا هێزێكی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ری ناو گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بوو، به‌ڵام به‌تێپه‌ڕبوونی كات و به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی دوچاری هاتن، قه‌باره‌ی بچوك بووه‌وه‌و وه‌ك پێویست رۆڵی نه‌ما، هه‌ربۆیه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا په‌نای بردووته به‌ر هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و بۆ ئه‌وه‌ش سوودی به‌خۆی گه‌یاندووه.
به‌پێی پێشبینییه‌كان، حزبی سۆسیالیست پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی حزبه بچوكه‌كانی تری كوردستان، توانای هه‌یه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌نگی باش كۆبكاته‌وه‌و خۆی بگه‌یه‌نێته په‌رله‌مان، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی ناوبراو ده‌ڵێت "ئێمه دڵنیایین %100 ده‌نگه‌كانمان زیادی كردووه، به‌ئاسانی ده‌گه‌ینه په‌رله‌مان و ئه‌گه‌ریش ژماره‌ی كورسیه‌كانمان زیاد نه‌كه‌ین كه‌می ناكه‌ینه‌وه".
به‌بڕوای عه‌بدوڵڵای حاجی مه‌حمود چه‌ند هۆكارێك هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سۆسیالیست له‌په‌رله‌مان بمێنێته‌وه‌و سه‌نگ و قورسایی بمێنێت، یه‌كێك له‌وانه هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌یان له‌مه‌ڕ ئه‌و قه‌یران و ته‌نگه‌ژانه‌ی له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا به‌سه‌ر كوردا هاتووه، كه به‌رای زۆرێك هه‌ڵوێستی سۆسیالیست هه‌ڵوێستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بووه.
ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی سۆسیالیست پێیوایه كه حزبه‌كه‌یان پێگه‌و جه‌ماوه‌ری خۆی هه‌یه‌و ژماره‌یه‌كی زۆر هاوڵاتیان ده‌نگی پێ ئه‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی خه‌باتی دورودرێژی له بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كورد‌و رابردوویه‌كی پاك كه حزبه‌كه هه‌یه‌تی.
ئه‌ركی حزبه بچوكه‌كان پاش هه‌ڵبژاردن
له‌هه‌رێمی كوردستاندا زیاتر له 30 حزبی بچوك هه‌یه كه زۆرینه‌یان رۆڵ و كاریگه‌رییان نییه‌و ته‌نها له‌لایه‌ن حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه به‌كاردێن بۆ مه‌رامی سیاسی.
به‌رای چاودێران، پاش هه‌ڵبژاردن ئه‌م حزبانه ته‌نها له‌لایه‌ن حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه به‌كاردێن و ده‌بنه ده‌سته‌مۆی ئه‌وان.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی قادر عه‌زیز سكرتێری حزبی ئاینده ده‌ڵێت "هه‌ر كاتێك ته‌نگژه‌یه‌كی سیاسی بێته‌ئاراوه، پارتی‌و یه‌كێتی حزبه‌كان كۆده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وای نیشانده‌ن كه كۆده‌نگییه‌ك هه‌یه دژ به‌و قه‌یرانه، ئه‌مه‌ش به‌رده‌وامه، به‌تایبه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حزبه‌كان له‌كاتی قه‌یراندا، ئه‌و حزبانه كۆده‌كه‌نه‌وه‌و به‌لاغیان پێدهردهكهن".
به‌و پێیه‌ش بێت، مانه‌وه‌ی حزبه بچوكه‌كان به‌وجۆره زیانێكی گه‌وره له‌داهاتی وڵات ئه‌دات، چونكه به‌كارهێنانیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بێ به‌رامبه‌ر نابێت و پێویسته به‌شێكی بودجه بۆ ئه‌وان ته‌رخانبكرێت كه له‌مه‌شدا هاونیشتمانیان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌من.