جەعفەر ئیمێنكی: نەوشیروان مستەفا لە هەڤپەیڤینە نوێیەكەیدا یاری بە وشە كردووە
13/09/2013 نوسەر: bzavpress

جەعفەر ئیمێنكی: نەوشیروان مستەفا لە هەڤپەیڤینە نوێیەكەیدا یاری بە وشە كردووە


گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی لێدوانەكانی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەداتەوە‌و رایدەگەیەنێت كە نەوشیروان مستەفا لە هەڤپەیڤینە نوێیەكەیدا یاری بە وشە كردووە، "ئەگینا هەمان گوتاری پێشووتری بوو، بەڵام بە زمانێكی نەرمتر".

دكتۆر جەعفەر ئیمێنكی، ئەندام و گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشداریی بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفیزیۆنی (رووداو)ی كردو لەبارەی دوایین هەڤپەیڤینی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دوا.

ئیمێنكی رایگەیاند "ئەو پەیامەی نەوشیروان مستەفا پەیامێكی نوێ نییە و درەنگوەختە، هەمان گوتاری پێشووە بە زمانێكی نەرمتر، نەرمییەكەی لە جێگەی خۆیدایە، ئەگینا دووبارەكردنەوەی هەمان گوتاری رابردووە، كە پێشتر نەیتوانی بە خەڵكی بفرۆشێتەوە، هەمان فەشەلە، كە دەبو‌و پێشتر بهاتنایەتە ناو حكومەت، جاران كە ناوی حكومەت و دەسەڵات دەهات، پەرچەكرداری خراپیان دەبوو".

جەعفەر ئیمێنكی پێیوابوو ئەو لێداوانە تازەیەی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، كە گوتوویەتی دەسەڵات وەردەگرین، گەمەكردنە بە وشە و  گوتی "ئەو بەوشێوەیە باسی لە وەرگرتنی دەسەڵات كردووە، كە خۆی نەچێتە ناو دەسەڵات، بەڵكو خۆی هەموو دەسەڵات وەردەگرێت، یان كودەتا دەكات، ئێمە ناڵێین بەرێگای دیموكراسی مافیان نییە دەسەڵات وەربگرن، بەڵام خۆیان تاقیكردەوە و نەیانتوانی دەنگی خەڵك بەدەستبهێنن، ئێستاش دەرفەت لەبەردەمیان كراوەتەوە ‌و با خۆیان تاقیبكەنەوە، ئەگەر هەڵبژاردنیان بردەوە دەستیان خۆشبێت و با دەسەڵات وەربگرن".

گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕوای وایە "وەرگرتنی دەسەڵات موعجیزە نییە، تاوەكو نەوشیروان مستەفا بە شەو ‌و رۆژێك بتوانێ دەسەڵات وەربگرێ". گوتی "ئەوان بە مەنتیق دەستیان پێكرد، بەڵام بە رەفتاری نامەنتیقی درێژەیان دا بە هەڕەشەكردن و سڕینەوەی بەرامبەر‌و رەتكردنەوەی هەموو بەشداربوونێك".

ئاماژەی بەوەشكرد، "نەوشیروان مستەفا چاوەڕوانی ئەوەبوو پارتی و یەكێتی بسڕێتەوە، بەڵام نەیتوانی بۆیە بەو زمانە قسە دەكات، ئێمە دەستخۆشی لەو زمانە دەكەین".

جەعفەر ئیمێنكی پێیشیوایە گۆڕان زەرەرمەندبووە لەو سیاسەتەی پێشتر پەیڕەویكردووە، لەبەرئەوە پەنای بردووەتە بەر ئەو زمانەی، كە بە بڕاوی ئەو " گەمەكردنە بە وشە"‌و گوتی "ئێمە بڕوامان بە پێكەوە ژیانە، بەڵام گۆڕان لەو رۆژەی هاتووەتە مەیدان پەیڕەوی سیاسەتی سڕینەوەی پارتی و یەكێتی كردووە، ئەوەی ئێستا لە تەلەفیزیۆنی گۆڕان دەبینرێت هەمان شتە".

سەبارەت بە پاكێجەكانی ئۆپۆزیسیۆن كە نەوشیروان مستەفا بە پاكێجەكانی گۆڕان  بۆ چاكسازی ناوی بردن، ئیمێنكی رایگەیاند "هەوڵی زۆرماندا بۆ ئەوەی بتوانین گۆڕان پەشیمان بكەینەوە لەو رێگا هەڵەیەی گرتوویەتی، بەڵام بێسوود بوو، ئێمە چاوەڕوان بووین ئۆپۆزیسیۆن رەخنە لە دەسەڵات بگرێت، بەڵام هەڕەشەی سڕینەوەی لێ نەكات، ئەگینا بڕوامان هەیە لەگەڵ هەموو هێزێكی نیشتیمانی هەڵبكەین