کۆمەڵگای ئەمریکی و کاریگەری ئاین لە وڵاتە یەکگرتوەکان
20/06/2013 نوسەر: bzavpress

کۆمەڵگای ئەمریکی و کاریگەری ئاین لە وڵاتە یەکگرتوەکان

 

خۆێندنەوەیەکی کۆمەڵناسی (سۆسیۆلۆژی) بۆ رەوشی ئایینی له‌و وڵاتەدا..
                         

ئەمریکا یەکێکە لە وڵاتە زەبەلاحەکان لە رووی سەربازی و ئابوریی و تەکنەلۆژیاوە کە دەتوانین بڵێین ئێستا هاوشێوەی نیە لەسەر زەویدا و توانیویەتی هەیمەنەت و دەسەڵاتی خۆی بەسەر زۆربەی زۆری جیهاندا بسەپێنێت.
هۆکاری ئەم گەشەسەندنەی ئەمەریکا ئەگەڕێتەوە بۆ پابەند بونیان بە ئاینەوە، کۆمەڵگای ئەمەریکی کۆمەڵگایەکی دینداری مەسیحی راستڕەوی توندڕەوە، هەرجۆرە پارت و رێکخراوێك دابمەزرێت دەبێت بنەماو پایەکانی لەسەر ئاینی مەسیحی وە بەتایبەت مەزهەبی پرۆتستانت بێت.
لە (٧٠٪)ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لەسەر مەزهەبی پرۆتستانتن و لە (٣٠٪)ی لەسەر مەزهەبی کاتۆلیکن، لەمێژووی ئەو وڵاتەدا یەکجار سەرۆک کۆمارەکەی کاتۆلیک بووە، ئەویش لە رووداوێکی نادیاردا کوژرا.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کۆمەڵگایە کە مەسیحی توندڕەون پەیوەندیەکی زۆر باشیان لەگەڵ جولەکەکانی جیهاندا هەیە بەتایبەتی لەگەڵ زایۆنیستەکاندا. لەمێژووی دروستبوونی پرۆتستانتەوە نێوانی جولەکە و مەسیحی ئاشتەواییەکی تێکەوتووە، بەڵام بەدرێژایی مێژوو ئەم رەوشە وا نابینرێت.
ئەم بابەتە هەوڵ دەدات لێوردبوونەوەیەک لەهەمانکاتدا شیکارییەک لەسەربارودۆخی دروستبوونی ئاین لەناو ئەو کۆمەڵگایەداو ئەو پەیوەندیە تەماویەی کە جولەکەو مەسیحیەکانی ئەمەریکای بەیەکەوە بەستۆتەوە. هەوڵئەدەم بەشێویەکی تەندروستانە وەڵامی ئەو پرسیارانە دەستەبەر بکەین و زە مینەی ئەمەریکا بە ئێوەی خوێنەر بناسێنم تا بتوانین لەکاتی مامەڵەکردن لەڕووی سیاسی و هەروەها کاتێک کە هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە دەستپێدەکات زوو بتوانین خوێندنەوەمان بۆ رەوشەکە هەبێت، تەندروستانەو بە تایبەتیش ئیسلامیانە هەموو رەهەندەکان و جەمسەرە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بخوێنینەوە.
لە نێوان ئەو دوو ئاینەدا مەسیحی و یەهودی زۆرێك لە دەرئەنجامەکانی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام مێژوو ئەم راستیە ئاشکرا دەکات، لەمێژووی یەهودیەکاندا کاتێك لەدەسەڵات و توانایاندا هەبووە مەسیحیەکانیان چەوساندۆتەوە، بە پێچەوانەوە مەسیحیەکانیش «مەحاکمی تەفتیشیان» بۆ دروست کردون بە ناوی «هەرتەقەوە»..
هۆکاری ئەم ناکۆکیەی نێوان هەردوو ئاینەكه‌ تەنها جیاوازی بیروباوەڕیان نیە، بەڵکو پێیان وایە کە عیسای مەسیح بە دەستی یەهودیەکان لە خاچ دراوە، کەواتە کێشەکە خوێنە..!
بەڵام ئێمەی موسڵمان بڕوامان وایە کە لە خاچ نەدراوە، بەڵکو ئەوەی لە خاچ دراوە کەسێکی تر بوە لەسەر شێوەی پێغەمبەر عیسای کوڕی مەریم - سەلامی خوای لێبێت - خوای گەورە لە قورئاندا ئەو بەسەرهاتەمان بۆ باس دەکات دەفەرموێت: (وَمَا قَتَلُوهُ وَمَا صَلَبُوهُ وَلَكِنْ شُبِّهَ لَهُمْ) النساء: 157 لە گەڵ ئەوەی کە ئەم رقو بوخزەیان لە دڵ گرتوە بەرانبەر بە جولەکە لە کتێبی خۆیاندا یەهود بە گەلێکی مەلعون ناودەبات و کارەساتی لە خاچدانی مەسیح دەخەنە سەر ئەوان، لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا – رەزامەندی خوای لەسەربێت- کە چوونە ناو قودس مەرجی مەسیحیەکان ئەوە بوو کە دەبێت یەهود لەوشارەدا نەمێنن!.
مێژووی هەردووکیان دیارە و ناسراوە کە چەندە دوژمنی یەكتری بوون، خوای پەروەردگارمان لە قورئاندا زیاتر رووی ماڵی هەردوو خەڵکی ناو ئاینەکەمان بۆ دەکات ئەوانمان پێ دەناسێنێت دەفەرموێت: (وَقَالَتِ الْيَهُودُ لَيْسَتِ النَّصَارَى عَلَى شَيْءٍ وَقَالَتِ النَّصَارَى لَيْسَتِ الْيَهُودُ عَلَى شَيْءٍ) البقرة: 113، واتا جوله‌که‌ ده‌ڵێن: گاوره‌کان له‌سه‌ر هیچ بنه‌ماو راستیه‌ك نین، گاوره‌کانیش ده‌ڵێن جووله‌که‌ له‌سه‌ر هیچ بنه‌ماو راستیه‌ك نین..
بەڵام لەدوای گۆڕانکاری ناو ئاینی مەسیحی لە رێگای جولەکەوە ئەم هاوکێشەیە گۆڕانکاری بەسەردا هات، ئێستا دەبینی کە مەسیحیەکان چۆن لە هەوڵی ئەوەدان کە دەوڵەتی زایۆنیستی جولەکە لە خاکی فەڵەستین دابمەزرێنن، بەڵکو جەختیشی لەسەر دەکەنەوە، کێشەکەشیان بە کێشەیەکی رەوا دەناسێنن..!
دەپرسین نهێنی ئەم نێوانە چیە و کێ ئەم مەتەڵەمان بۆ ئاشکرا دەکات و جەمسەرەکانی لێك ئەداتەوە؟
بێگومان.. مێژوو.
کەواتە تەنها کلیلی دەرگای مێژوو کە ئێستا لە بەردەستماندایە دەتوانین ئەو دەرگا داخراوانەی لە رووماندا پێبکەینەوە.. دەبێت سەرلە نوێ خوێندنەوەیەکی واقعی بۆ رووداوەکان و پاشان راڤەکردنیان سەر لە نوێ و تابتوانین رووداوەکانی ئێستای پێبناسین.
مێژووی چەوسانەوەی جولەکە لە ئەوروپادا بوون بە مەسیحیان بە دوورووی (مونافیقانە)..
جولەکە بە درێژای مێژووی خۆی لە ئەوروپادا لەژێر ئەشکەنجەو ئازاری مەسیحیەکاندا بووە؛ دەوڵەتی رۆمانی بتپەرستی_ شاری قودسی خستە ژێر فەرمانڕەوای خۆی لە ساڵی (٧٠)ی ز، کەواتە سەربڕین و لە ناو بردنی جولەکەکان لە شاری قودسدا، بە سەرکردایەتی سەرکردەی رۆمانی ناسراو (تیتوس)، لە ساڵی (١٣٢)ی ز، هەمان کارەسات بە خراپتر لەسەریان دووبارەبوویەوە بە سەرکردایەتی سەرکردەی رۆمانی (ئیلیاهەدریان).. پاشان لەدوای ئەوەی دەوڵەتی رۆمانی کە بووە گاور؛ قەیسەری قوستەنتینیە لە ساڵی(٣٢٤)ی ز، بووە مەسیحی بە ئاشکرا و دەوڵەتەکەی بە ئاشکرا کردە گاور، ئیتر هەموو ئەوروپا بوونە مەسیحی و ئەو گۆڕانکاریە گەورەیە روویدا، دیسان سەر لە نوێ (ئیستبداد) و کارەساتی گەورە یەك لەدوای یەك بۆ جولەکە دەستی پێکردوە، بەبێ رەچاوی بچوك و گەورە هەمویان سەر دەبڕان، چونکە لە ئاینی مەسیحدا ئەوان بە مەلعون ناسێنرابوون، بە بکوژی مەسیحیان دەزانن - سەلامی خوای لێبێت-، ئەم رەوشە بەردەوام بوو هەندێك جار کارەساتەکان لەسەریان زۆر تر دەبوو ماوەی وا هەبوو لەسەریان کەمتر دەبووەوە، بەڵام مەسیحیەکان هەمیشە جولەکەیان بە کافر زانیوەو خۆشیان لێنەهاتوە.
ئەوەی کە جێگای ئاماژە پێکردنە لێرەدا ئەوەیە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە رووئەدات لە ساڵی (١٢٩٠)ی ز، لە رێگای ئیمپراتۆرو پاشای بەریتانی بەناوی (ئیدواردی یەکەم) کە ئازاری جولەکەکان دەست پێدەکاتەوە، فەرمانی فەرمی دەردەکات کە نابێت هیچ جولەکەیەك لە خاکی بەریتانیادا بمێنێت هەموو جولەکەکان دەردەکات ئەوەیشی ناڕوات دەیکوژێت، زۆریك لە جولەکە رویان کردە فەره‌نسا..
لە ساڵی (١٣٠٦)ی ز، بە شانزە ساڵ لەدوای ئەو کارەساتەی کە پاشای بەریتانیا بەسەر جولەکەی دەهێنێت، ئینجا پاشای فەرەنسا بە ناوی (فلیپ).. سێ پشك دەخاتە بەردەم یەهودیەکان:
یەکەم: بە مەسیحبوونیان.
دووەم: رۆشتن لە خاکی فەره‌نساو هەموو ئەروپادا بە گشتی.
سێیەم: کوشتنیان لە ماوەیەکی کەمدا.
جولەکە بوون بە دوو بەشەوە؛ لەم بارو رەوشەدا کۆمەڵێکیان چوونە ناو خاکی ئەندەلوس و رێزیان لێگیراو بە زاناو حاخامەکانیان پلەو پایەی دینداری خۆیان پێبەخشرایەوە؛ هەندێکی تریان چونە ناو دەوڵەتی عوسمانی، چونکە لای موسڵمانان ئازادی ئاینی و بیرو باوەڕ هەبووە ئیسلام مافی هەموو ئاینەکانی داوە _ لە قورئاندا بە یاسا دەستنیشانی کردوە تەنانەت کەمینەکانی تریش بیروباوەڕی خۆیان مومارەسە کردوە، لێرەدا بۆیە من پێم وایە هەمیشە ئیسلام لە دیموکراسی و لیبراڵ و هەموو ئەو بیرانەی کە ئێستا هەندێك لە ئیسلامیەکان زۆر بێشەرمانە بانگەشەی بۆ دەکەن باشترە، لە کاتێکدا ئیسلام لەوان بەهێز ترە لە رووی تیۆری و مەیدانیشەوە.
بەشی دوەمی جولەکەکان بوونە مەسیحی بە دووروویی؛ بەڵام لە ناخدا هەر جولەکەبوون، ئەمەش لە رێگای حاخامێکی فەرەنسی ئەم رێگا چارەیە بۆ دۆزینەوە کە بەنهێنی ببنە مەسیحی و داوایشی لێکردن کە بچنە ناو کڵێساکانیان و زۆربەی دەسەڵاتی ناو کڵێسا بۆ خۆیان بە دەست بهێنن، بە درێژای مێژووی چەند سەد ساڵ بوونە ئوممەتی گاور لە ناو کڵێساو پۆستە حوکومیەکانی ئەو سەردەمدا جێگە پێی خۆیان قایم کرد، لە ئەورپا بە گشتی و فەرەنسا بە تایبەتی!
لەدوای ئەو چەند ساڵە یەهودی مەسیحیبوەکان پلانێکیان گێڕا، کە توانیان پارسەنگی ئەوروپا ژێرو ژوور بکەن لە بەرژەوەندی خۆیان بیگوزەرێنن، بە ناوی ریفۆرمی ئاین و هاتنی مەزهەبێکی نوێ.
جولەکەو مەزهەبێکی نوێ لە ناو مەسیحیەکاندا (پرۆتستانت)..
یەهودیەکان لە سەدەی شانزدەهەمدا ستراتیژیەتێکی زۆر گەورەیان گرته‌بەر، کە هەنگاوێکی زۆر ئازایانە بوو، کە گەورەترین و ترسناکترین (خەتەر) بوو بۆ شانۆی ئەوروپاو بگرە هەموو جیهانیش، ئەویش تحریف و دەستکاری کردنی ئاینی مەسیحی بەتەواوەتی، لە بەرژەوەندی جولەکە بوو کە خزمەت بە پرۆژەی جولەکە بکات، بەناوی گاورە نوێکان، ئەمیش لە دروستکردنی مەزهەبێکی نوێ بە ناوی پرۆتستانت خۆی نواند و بەو واجیهەیە لە زەمینەکەدا خۆی ناساند.
یەکێك لە قەشە ئەڵمانیەکان بەناوی «مارتن لۆسەر» بە پاڵپشتی جولەکەو کاریگەریی بیرو هزری ئەوان توانی شۆڕشێك بەرپا بکات دژی کڵێسای کاتۆلیکی؛ دەسەڵاتی تەواوی هەبوو بەسەر هەموو ئەورپادا، گەورەترین دروشمی شۆڕشەکە بەناوی چاکسازی بوو.. لە پرۆتستانت وەرگیراوە لە ماناو چەمکی چاکسازی (ئیسڵاح)، چونکە ئەو کۆمەڵە دەیانویست بزوتنەوەیەکی گۆڕانکاری دروستبکەن لە ناو ئەو ئاینە کە لەسەربنەمای کاتۆلیکی دامەزراوە، ئەو قەشە یەهودیانەی کە پێشتر بە نهێنی ببون بەمەسیحی بەڵام لە ناخدا هەر جولەکە بوون، پاشان هەموو پشتگیری بەرنامەو ریفۆرمەکەی مارتن لۆسەریان کرد.
مارتن لۆسەر- لە کتێبێکی مەنەفێست کراوە بە ناوی» مەسیح بە یەهودی لە دایكبووە» لە کاتێکدا مارتن لۆسەر هیچ پەیوەندی بە جولەکەوە نیە، بەڵام ئەمە مەبەستی جولەکە بوو کە خەڵکی هیچ سەرنجێك و هەستێکی گوماناوی دروست نەبێت لە لایەن شۆڕشەکەوە، چونکە بە سروشتی ئەوروپا خۆشیان لە جولەکە نەدەهاتو بە مەلعون تەماشا دەکران، بەڵام مارتن لۆسەر هەموو وتەو کارەکانی خۆشەویستی پەخش دەکرد بۆ جولەکە و هانی خەڵکی ئەدات کە رێز لە جولەکە بگرن!
یەکێك لەو گۆڕانکاریانە کە لە ناو ئاینی مەسیحیدا کرد.. ئەوە بوو چەمك و مانای (روح و قودوس)ی بە تەواوەتی گۆڕی، لە بنەرەتدا هەموو بیروباوەڕی مەسیحی کاتۆلیکی لەسەر ئەم باوەڕە دامەزراوە کە عیسا دەگەرێتەوە، بەڵام ئەو وایکرد کە مەبەست بە گەڕانەوەی پیرۆزی «سفری تەکوینی تەوارتە»، وا نیشانی دا کە ئینجیل دەستکاری کراوە هەموو دەستنوسی خەڵکییە پێویستە هیچ کارێکی پێنەکرێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ ئینجیلی کۆن واتا تەورات شەریعەتی لێوە وەربگیرێت، هەموو هەوڵێك بخرێتە گەڕ بۆ دامەزارندنی دەوڵەتێکی جولکە لە خاکێکدا، بۆ ئەوەی عیسای کوڕی مەریەم بێتەوە خوارەوە.
ئیتر بۆ یەکەم جار لێرەوە ناوی دروستبوونی وڵات هاتە ناو ئەدەبیاتی جولەکەو مەسیحییەکانەوە، لێرەوە رێزی جولەکە بۆ ئەوە نیە کە خەڵکێکی خۆشەویستن، نەخێر- بەڵکو بۆ ئەوەیە پرۆتستانت بیروباوەڕی وا دامەزراندوە هەتا دەوڵەتی جولەکە دانەمەزرێنن.. ئەوا عیسای کوڕی مەریم نایەتەوە خوارەوە لە ئاسمان، ئەم بیروباوەڕە لە رێگای جولەکە بە مسیحی کراوەکان هاتەوە ناو ئەم ئاینە نوێیەی مارتن لۆسەر و پێیوایە کە جولەکە کوڕانی خوان! مارتن لۆسەر دەڵێت: ئێمەی گاور وەك چۆن سەگ لە قاپی خاوەنەکە دەخوات دەبێت لە بەرانبەر جولەکەدا هەست بەوە بکەن کە ئەوان سەروەرو گەورەی ئێمەن.!
بەم وتە و وشانەی کاریگەرییی زۆری لەماوەی چەند سەدەیەکدا لەسەر خەڵکی ئەوروپا بەجێهێشت، بەڵکو هەتاکو ئەم سەردەمەی ئێستایشمان هەر کاریگەرییی ماوەو بەردەوامە.
حاخامەکانی جولەکەکانی ناو گاورەکان و هزری یەهودی..
لەدوای ئەوەی کە مارتن لۆسەر پیرۆزی دا بە ئاینی جولەکەو پلەو پایەیانی بەرز کردەوە لە هەموو ئەروپادا، پاشان دوو هزری گەورەی بڵاو کردەوە لە ناو ئەوروپادا وەك سیاسەت و ستراتیژیش کەوتنە کارکردن لەسەری، ئەم ستراتیژیە تایبەتە تەنها بە پرۆتستانت.
بیرو هزری یەکەم: بریتیە لەوەی کە ئینجیل هیچ کاری پێناکرێت و شەریعەتی لێوەرناگیرێت لەبەر ئەوەی مرۆڤ نوسیویەتیەوە، مرۆڤەکانیش دیارن کە بریتین لە چەند پیاویکی دینداری ناو مەسیحیەکان (لوقا، یوحەنا، مارکۆس (مرقس)، متا)، پاشان ئەوەیشی کردە بیانوی تەواوەتی کە ئەم ئاینە دەستکاری کراوە، دەبێت تەنها تەورات بە کاربهێنین کە وا ناویان بە ئنجیلی کۆن واتا تەورات، لە راستیدا تەوراتیش بە هەمان شێوە دەستکاری کراوە، چونکە جولەکەکان خۆیان تەوارت وەك سەرچاوەی تەشریع بەکار ناهێننەوە، بەڵکو پێیان وایە کە «تیلموت» کتێبی دووهەمیانە سەرچاوەی سەرەکیانە، بەم بیرەیش وای کرد کە توانی گاوری نوێ دروست بکات بەرنامەیان لەسەر تەورات بۆ دابمەزرێنێت کە ئاینی جولەکەیە.
دووهەمیش لەسەرەوە هەر ئاماژەیەکی کورتم پێداوە، بریتیە لە دامەزارندنی دەوڵەتی یەهود، پرۆتستانت بڕوای وا دامەزراندوە کە هاوکاری جولەکە بکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان لە خاکێکدا بۆ ئەوەی بە زووترین کات مەسیح بگەرێتەوە سەر زەوەی، مەسیحیش یەهود لە ناو دەبات، ئیتر بۆ دوا جار هەموو جیهان دەکەوێتە ژێر رکێفی خۆیان، ئەمە بیرو باوەڕیانە ناتوانن لێی لابدەن، هەرکەسیش بە گوێرەی ئەم بیرو باوەڕەی نەڕۆشت و رەخنەی گرت ئەوا رەخنەی لە خوا گرتوە، یاخود ئەوا دژی (ڕەبە) واتا پەروەردگار.!
رەتکردنەوەی کاتۆلیکەکان و بەرنگار بووەنەوەیان لە دابەش کردنی ئەوروپا..
کەنیسەی کاتۆلیك بە هەمووشێوەیەك رەتی ئەم بیروباوەڕی کردوە، ئەم بیرو بۆچونەی مارتن لۆسەر بەتەواوەتی دژی کڵێساو پاپا بوو، بووە هۆکاری ئەوەی کە شەڕ راستەوخۆ کەوتە نێوان مارتن لۆسەرو پاپا، ئەودەمە ئەوروپا دابەش بوون بە دووبەش، یاخود بەدوو هۆزی مەزهەبگەرایی لە ناو مەسیحیەتدا؛ هۆزی یەکەم هەواداری پاپا بوون.. ئەودەمە پاپا لە فەره‌نسا دادەنیشت، فەره‌نسا سەرپەرشتی ئەم مەزهەبی کاتۆلیکانەی دەکرد زۆرترین خەڵك بوون لە ئەورپادا خاوەنی دەسەڵاتی تەواوەتیش بوون لە رووی سەربازی و ئابورییەوە، وڵاتانی ئیسپان و ئیتاڵیا هەموویان لەگەڵ کاتۆلیکەکان بوون، هۆزی دووەم پێچەوانەکەی پاپا بوون دژی وەستانەوە لە دوو رووەوە.. لە رووی سەربازی و سیاسی، دوو دەوڵەتی گەورەی دوونیا پشتگیری مارتن لۆسەریان کرد ئەڵمانیاو بەریتانیا بەتەواوەتی چونە ناو بیرو باوەڕی لۆسەرەوە، لە ساڵی (١٥٣٨)ی ز، هەرهەموو ئیمپراتۆری ئینگلتەرا رایگەیاند کە ئیتر هەموویان سەر بە مەزهەبی پرۆتستانتن و هیچ پەیوەندیان بە کاتۆلیکەوە نەماوەو خۆیان جیاکردوە، بەڵکو ئینگلتەرە ئەو دەرگا داخراوەی کردەوە بە رووی هەموو جولەکەی دونیادا کە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتە کە لەسەردەمی «ئیدواردی یەکەم» هەموویان دەرکردبوو لە ساڵی (١٢٩٠)ی ز، ئیتر لەودەمەوە ئینگلیز بوون بە پشتیوانی جولەکە لە دونیادا، خۆشیان بوونە هێزێکی گەورەی پرۆتستانی.
ئاشکرا بوونی پیلانی جولەکە..
دوای ئەوەی مارتن لۆسەر هەستی کرد بەوەی کە ئەمە پلانێکی زۆر شەڕانی جولەکە بوو؛ هەرچی مەدح و پشتیوانی جولەکەی کرد بوو پەشیمان بوویەوە لە ساڵی (١٥٤٤)ی ز، کتێبێکی نووسی بە ناوی (ئەوەی کە پەیوەستە بە درۆکانی جولەکەوە)، بەڵام هیچ ئەرزشێکی نەبوو، چونکە بە تەواوەتی لە ناو شارو جێگاکانی ئەوروپادا ئەم بیرە بڵاو بووبوەوە، ئیتر لە سەر ئەم مەزهەبە چەندها پەرتوك و خەڵکی خاوەن بیرو هۆش و پاشان چەندین فەیلەسوف و زانا ئەم ئاینە تازەیان وەرگرت و بونە مەزهەبی پرۆتستانتی، چونکە رێگای زانست و کردنەوەی رەخنە بۆ ئەوان کرایەوە هەموو بە ئاسانی وەریانگرتو قسەکانی مارتن لۆسەر هیچ ئەرزشی نەماو، تەنانەت خەڵکانێکی دانشمەند هاتن بە تەواوەتی پەرەیاندا بەم مەزهەبە، لەوانەو ناسراوترینیان» ئیسحاق نیوتن» زانایەکی بەناوبانگی ئینگلیز بوو لە ساڵی (١٦٤٢-١٧٢٧)ی ز ژیاوە، پاشان چەند پەرتوکێکی نوێی دانا کە پەیڕەوانی پرۆتستانتی زۆر بە پیرۆز تەماشای دەکەن نمونەی وەك (تێبینی لەسەر تەنەبوئاتی دانیاڵ و دیدو بۆچونی قەشە یوحەنا)و (گەڕانەوەی جولەکە بۆ خاك و نیشتیمانیان)، هەروەها فەیلەسوفی بەناوباگی ئەڵمانی (کانت) دەڵێت: «جولەکە فەڵەستینین لە ناوماندا دەژین هەر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتیان».
لێرەدا پێویستە شیکاریەکی تر بکەمەوە بۆ خوێنەر..
پێدەچێت خەڵکانێك بپرسن، لە کاتێکدا کڵێسا لەوپەڕی دەسەڵات و توانای خۆیدا بووە چۆن ئەم هەیمەنەتە لەدەست دەدات؟
تەنها بە قسەی قەشەیەك کاریگەریییەکی ئەوتۆ دروست دەبێت؟
یاخود ئەم شۆڕشی ریفۆرمخوازە پێشتر زەمینەی بۆ سازێنراوە؟
لە وەڵامدا بۆ ئەوەی زەمینەکە بناسێنم ئەوە دەخەمەوە بیری خوێنەر لەسەردەمی ئەکلیریۆس دا پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاوبویەوە، کە ساڵی (١٠٠٠)ی ز، دونیا کۆتای دێت ئیتر قیامەتە کەس لەسەر زەوی نامێنێت!
خەڵکی چاوەڕێ بوو، بوو بەساڵی (١٠٠٣).. سێ ساڵ خەڵکی چاوەڕێی کرد هیچ رووی نەدا کڵێسا زۆر ئیحراج بوو؛ دوای وتیان ئەو بەروارە هەڵە بووە؛ دەبێت تەمەنی مەسیحیشی بخەینە سەر واتا ساڵی (١٠٣٣) ز.. سیوسی ساڵی تر چاوەڕێ بکەین، پارەیەکی زۆریان لە خەڵك وەرگرت بەناوی ئەوەی ئیتر دونیا کۆتایی دێت، خەڵك زۆر بێزار بوو لەدەسەڵاتی ئەکلیرۆسەکان، ئینجا دوایی ئەوە بوو بەو ساڵە هیچ رووی نەدا، لەدوای مردنی» گریگۆری» ئەو قه‌شەیەی ئەم قسەی کردبوو کە گوایە قیامەت دێت و، « پاپای گەورەی دەوڵەتی بێزەنتی شەرقی بەدەستی موسڵمانان گیراو بە ناوی «ئۆرمانۆس ی چوارەم» دیل کرابوو واتا بە دەستی دەوڵەتی سەلاجیقە لە جەنگی «مەلازگرد» ئینجا بە تەواوەتی هەیبەتی کڵێسا روخا، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کڵێسا بگەرێتەوە پاپا گەوره‌ی ئەو سەردەمە لە رۆما بە ناوی « ئۆربانی دووەم» خەڵکی کۆکردوە وتی ئەم مێژوو بەروارەی کە بۆ مەسیح دانراوە هەڵەیە بەڵکو (٢٠٠) ساڵی ماوە لەگەڵ ئەویشدا توانی جەنگی خاچ دروشمان بەرپا بکات، ئەو ماوەیە ئەم وتانە بەردەوام بوو لە مێشکی خەڵکیدا تا هەیبەت و دەسەڵاتی کڵێسا لەبەردەم خەڵکیدا نەما و بەتایبەت کڵێسا زۆر دژایەتی زاناو فەیلەوسوفەکانی دەکرد بۆیە رێگا خۆش بوو بۆ ئەم ریفۆرمە نوێیەی کە مارتن لۆسەر دەستی پێکرد و سەرکردایەتی کرد.
دۆزینەوەی ئەمریکا و شۆڕشی فەره‌نسا..
ئەم رووداوانەی کە باسمانکرد هاوکاتە لەگەڵ دۆزینەوەی خاکی ئەمریکادا، هەوەك چۆن پێشتر یەهودیەکانیان ئازارئەدا لە ئەوروپادا بە دەستی کاتۆلیکەکان؛ ئەمجارە پڕۆتستانت هاوشێوەی ئەو ئەشکەنجانە بوویەوە لە ئەوروپادا کە پێشتر جولەکە دەیان چەشت بە دەست مەسیحیەکانەوە، ئەم خاوەن فیکرە پرۆتستانتیە یەهودیە هەموو روویان کردە خاکێکی نوێ بەناوی (ئەمریکا) لە ماوەیەکی زۆر کورتدا زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا بوونە پرۆتستانت تەنانەت لە مەسیحیە ئیسپانیەکان زۆر زیاتر بوون کە کاتۆلیك بوون پێش ئەوان چووبوونە ناو خاکی ئەمریکا.
لەم سەروبەندەدا رووداوێکی زۆر گەورەتر روویدا لە بەرژەوەندی مەزهەبی پرۆتستانتی، ئەویش هەڵگیرسانی شۆڕشی فەره‌نسا لە ساڵی(١٧٨٩)ی ز، ئەم شۆڕشە دژی هەموو باوەکان و قسەکانی کڵێسا بوو لە فەره‌نسادا، نەك دژی دەوڵەتی پاشایەتی بون بەڵکو هەر دینیان پەراوێز کرد، زانایانی دژی دین توانیان بە تەواوەتی بە سەر کلێسادا سەربکەون، دژایەتی بیرو هزری کاتۆلیکی بکەن، چونکە بەدرێژای مێژوو ئەوروپا لە کارەساتدا بوو بەدەست ئەو ئاینەوە، لەدوای ئەوەی کە مەسیحیەت هیچ ئەرزشی نەما، ئەوروپا لە رووی ئەخلاقیەوە بە تەواوەتی داڕما ناچار سەرلە نوێ سۆسیۆلۆژەکان بۆ پارسەنگ راگرتنی هێزو زانست پێویستیان بە رەوشتە، سەرلە نوێ ئاینیان زیندوو کردەوە بەوشێوەی کە خۆیان دەیانەوێت دین لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە، بەڵام مەزهەبی پڕۆتستانتی سەرلەنوێ زیندوو کرایەوە لە هەموو ئەروپادا، بێجگە «رۆما» هەموو لاکانیش دەزانن کە ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی عەلمانی بەحت بوو بۆ لە ناوبردنی دین، بەڵام ئەوروپا زوو هەستی بەوەکرد کە مرۆڤ بونەوەریکی دیندارە بە سروشتی ناتوانیت لە ئاین جیابێتەوە وەك مارکس دەڵێت» ئاین تریاکی گەلانە»..
لە ساڵی (١٧٩٩)ی ز، ناپلیۆن پۆناپارت، لەسەر بنەمای مەزهەبی پرۆتستانتی هێرشی هێنایە سەر فەڵەستین، بانگەوازی هەموو جولەکەکانی دونیای کرد کە بگەڕێنەوە بۆ خاکی خۆیان لە فەڵەستین بۆ ئەوەی دەوڵەتیان بۆ دابمەزرینێت، هەرچەندە تەمەنی ئیمپراتۆریه‌تەکەی تەنها چەند ساڵێکی کورتی خایاند، لەوێدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناو دەوڵەتی عوسمانی بە هاوکاری ئینگلتەراو رووسیا توانیان ناپلیۆن بشکێنن و لە خاکی فەڵەستین بیکەنە دەرەوە، ئیتر بە تەواوەتی دەرکەوت کە ئەم بیرە دەبێت هەموو وڵاتانێک بیچەسپێنن کە دروستکردنی دەوڵەتێکە بۆ یەهود، کە لەگەڵ ئەوەیشدا کە فەره‌نسا لە روودا کاتۆلیکە، بەڵام پێدەچێت کاریگەریی پرۆتستانتیان لەسەربێت، مەبەستم ئەو بەشەیە کە بە کاتۆلیکی ماونەتەوە، ئەگینا زۆربەی زۆری وڵاتانی ئەوروپا ئێستا هەر باوەڕیان بە ئاین نەماوە.
بەم شێوەیە بانگەوازی دەوڵەتی جولەکە لە هەموو جێگاکانی دوونیاوە دەستی پێکرد، لەسەر بنەمای بیروباوەڕی پرۆتستانتی، کە دەبێت خاکێک بۆ جولەکە دابینبکرێت، لێرەدا شتێك هەیە دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم... ئەویش ئەوەیە.. کە جولەکە بۆ خۆی داوای فەڵەستینی نەکردوە، بۆ یەکەم جار ویستی لە «ئۆغەندا» وڵات دابمەزرێنێت، بە هۆکاری ئەوەی کە ئۆغەندا ئەفریقین ئەمانیش سامی نەژادن، نەدەکرا لەو جێگایەدا دەوڵەت دابمەزرێنن، پاشان ویستیان لە «ئەرجەنتین» دەوڵەت دابمەزرێنن، بەڵام مجلیسی یەهودی لە سویسرا ئەو بڕیارەی رەت کردەوە، بانکی بارکلی یەهودی هیچ هاوکارییەکی نیشان نەدا، بە هۆکاری ئەوه‌ی ئه‌و جێگایە دوورە و هەموو جولەکەی دوونیا لەوێدا کۆنابێتەوە، ئینجا «تیۆدۆر هرتزل» هاتە لای سوڵتانی عوسمانی داوای «قوبروسی» لێکرد، بەڵام پێینەبەخشی، دوای ئەوە چونە رووسیا لە ناوچەکانی رووسیادا بە دوای خاکدا دەگەران، بەڵام قه‌یسەر رێگەی پێنەدان..
لە ساڵی(١٨٩١)ی ز، ئەمریکا بە فەرمی هاوکاری جولەکەی کرد لە ریگای» ولیەم بلاکستۆن» کە دەڵێت بزوتنەوەی گەڕانەوەی جولەکە دابمەزرێت بۆ فەڵەستین، ئەم کەسە گەورە پیاوی پرۆتستانتی ئەمریکیە، لە وتارەکەیدا بە کۆنگرێس دەڵێت بۆ ئەوەی «رەب خاکی خۆی بەسەر گەلاندا دابەش بکاتەوە سەرلەنوێ» ئەو لە کۆنگرێسی ئەمریکیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت خاکی فەڵەستین بکرێتە دەوڵەتی جولەکە، بەم شێوەیە لەو سەردەمەوە بەم پڕۆتستانیانە دەوترێت مەسیحی زایۆنیست (سەهیۆنی) ئەم بزوتنەوەیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە جولەکە بگەڕێتەوە بۆ خاکی یەهود کە فەڵەستینە، یاخود ناسراون بە رەوه‌ندی سەهیۆنی- سەهیۆنیش شاخێکە لە فەڵيستین بەلای جولەکەوە زۆر پیرۆزە و هەروەها لای پرۆتستانتیش.
ئەگەر تەماشای ئەم بیری بزوتنەوە گەڕاندنەوەی جولەکەیە بکەین دەبینین پێش «هێرتزل» ە، چونکە بانگەشەی ئەم بۆ فەڵەستین لە ساڵی (١٨٩٧)ی ز، دەستی پێکردوە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ فەڵه‌ستین.
بیروباوەڕی ئەمریکاو بەریتانیا..
سەرلەنوێ چاوێك بگێرینەوە بە ستراتیژیەتی نوێی ئەم دوو وڵاتەدا، دوای ئەوەی کە زەمینە کۆمەڵایەتی و رەوشە مێژوویی و سیاسیەکەیمان ناساند..
لە راستیدا پێکهاتەی پرۆتستانت لە ئەمریکادا گەورەترین مەزهەبە واتا لە (٧٠٪) پێكهێناوە، کاتۆلیك (٣٠٪) پێکهناوە لە بەریتانیادا لە (٧٦٪) گاوری پڕۆتستانتین، لە (٢٤٪) کاتۆلیکن، ئەڵمانیا زۆرینەی پڕۆتستانتن لەگەڵ ئەسکەندناڤیادا، بەڵام فەرەنسا و ئیتالیاو ئیسپانیا زۆرینە کاتۆلیکن.
هەموو دەزانین ئەستێرەی ئینگلیزو ئەمریکا رۆژ لە رۆژ لەبەرزیدایە، جولەکەش لەو دوو وڵاتەدا بەشێوەیەکی بەرفراوان بوونیان هەیە، لە رووی ئابوریی و سیاسیەوە دەسەڵاتی تەواویان هەیە، بگرە لە هەموو جیهاندا هەر دەستیان هەیە، تەنانەت پاپای کاتۆلیکی لە رۆمادا فشاریان خستە سەر لە ساڵی (١٩٦٦)ی ز، کە بەیانامەیەکی زۆر ترسناك و کارەساتی دەرکرد لە مێژووی کاتۆلیکدا شتی وا رووینەداوە، ئەویش ئەوه‌ بوو بەرامبەر بە فشاری ئەمریکاو بەریتانیا وتی: جولەکە پاکە لە خوێنی عیسای مەسیح ئەوان نەیانداوە لە خاچ!..
لە پاشاندا لەسەر ئەم وتەی پاپا.. کاردانەوەی زۆر هەبوو بە تایبەت لە خەڵکی ئەوروپا کە رقی تەواویان هەڵگرتوە لە جولەکە بەم وتەیە، بەڵام لە ناو دڵدا نەیانوێرا لەبەر پرۆتستانتەکان و یەهودی سەهیۆنی بە ئاشکرا دەریببڕن، بەڵکو ئەمریکا رایگەیاند کە تەنها ئەوە بۆ پارسەنگی سیاسیە هیچ پەیوەندی بە بیرو باوەڕەوە نیە، چونکە ترسان لەوەی کە کاردانەوە گەورە دروست بکات.
کەواتە ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە خۆشەویستی ئەمریکاو بەریتانیا لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە بۆ جولەکە، بەردەوام هاوکاری جولەکەن بۆ دامەزراندنی و دەوڵەتەکەی لە سەر خاکی موسڵمانان و فروان کردنی جولەکە هاوردەکان کە ناسراون بە (ئیستیتانی داگیرکەر)، ئێستا ئەو روون دەبێتەوە کە ئەوان چەندە بەدڵ و بە گیان هاوکاری جولەکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەکەی، بۆ ئەوەی مەسیحەکەی خۆیان بگەڕێتەوە، ئەمیش ئەوە نیشان ئەدات کە ئەو گەلانە چەندە پابەندن بە ئاینەکەیانەوە.
ئەم باسەی کە کردمان هەموو گەلی پرۆتستانتی ئەو بیروباوەڕەی هەیە، ئەی گەورە لێپرسراو بەرپرسەکانیان چۆن بیر دەکەنەوە، ئایا هەر هەمان بیرو بۆچونیان هەیە؟
دینداری لای سەرکردەکانی ئەمریکا..
پێدەچێت هەندێك لە موسڵمان وا بزانن کە سەرکردەکانی ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاینەوە نیە، یاخود وەك ئەدەبیاتی عەلمانی تەماشای سەرکردەکانی ئەمریکا دەکەن کە کە ئاین تێكڵاو ناکەنەوە بە سیاسەت؛ تا ئەوکاتەی لەسەر کورسی دەسەڵاتن، بەڵام لەڕاستیدا ئەو کەسانەی کە دەبنە سەرۆك لەو وڵاتەدا هەموو پابەندن بە ئاینەوە. واتا (مولتەزیمن) زۆر جار لە پێشبڕکێ و بانگەشەی بوون بە سەرۆك کامیان پابه‌ندتربێت بە ئاینەوە ئەوە زیاتر رەواجی هەیە، ئەوەشی کە زیاتر ئاڵای دین بەرز بکاتەوە و دژی ئیسلام بێت ئەوە زیاتر و باشتر هەڵدەبژێردرێت، لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا...
بەڵگە چیە بۆ ئەم چەند دێڕەی نوسیومە..
لەسەرەوە ئاماژەمان داوە بەوەی کە ئاینی خەڵکی ئەمریکا خاوەنی مەزهەبی تایبەتی پرۆستستانتین، وە چۆن گەشەی کردوە لە ئەورپاو ئەمریکادا؛ ئەم مەزهەبەیش چەندە رۆحی پابەند بوونی داوە بەم گەلانە بە ئاینەکەیانەوە لەوەتەی وڵاتەکەیان دروست بووە، بەتایبەت ئەمریکا زۆر پابەندن بە ئاینەکەیانەوە..
ئەگەر بە وردی تەماشای مێژووی ئەمریکا بکەین لە کۆن و نوێدا دەبینین ئەم رابوونە پرۆتستانتیە چەندە کاریگەریی لەسەر خەڵک داناوە، لەدوای پەنجاکانی سەدەی بیستەوە، هەروەها کاردانەوەی لەسەر سیاسیەکان و ئینجا سەرکردەی ئەو وڵاتانە دروستکردوە..
لێرەدا پرسیارێك خۆی زیت دەکاتەوە دەڵێت: ئادەی سیمای ئاینی ئەم دەوڵەتە زەبەلاحە لەکوێدایە تا ئەو کاریگەرییە گەورەیەی دروست کردبێت..؟
لە دوای ناسینی زەمینە ئەو وڵاتەو لێکۆڵینەوەم لەسەر خەڵکەکەی کرد، ئەوەم بۆ دەرکەوت کە خەڵکی ئەمریکی بە تەواوەتی پابەندن بە ئاینەوەو سیمای ئەو دەوڵەتە ئاینی تەواوە، بەڵام ئەو خراپەکاری و دزی پیاو کوژی دەعارەی جنسی و هەموو ئەو کارە ناقۆڵایانەی کە رووئەدەن لە دونیادا هەر لە ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتوە،
 بۆ؟
لە وەڵامدا دەڵێم: ئەگەر وردبینەوە لە مەزهەبی پڕۆتستانتی، رێك ئەو گرێکوێرانەمان بۆ دەکرێتەوە، لە مەزهەبی پرۆتستانتی وا باوە کە مرۆڤ هەر تاوانێك بکات خوا لێی خۆش دەبێت، چونکە عیسا لەبەر خاتری تاوانەکانی مرۆڤ خۆیداوە لەخاچ ئیتر مرۆڤی مەسیحی ناچێتە ناو ئاگر، ئەو بۆ تاوانی مرۆڤە مەسیحەکەیان تاوانەکانی هەڵگرتوە، ئەمە وای کردوە خەڵکی لەچەند تقوسێکی دینی مەراسیمی سەری ساڵیان و «کریسمس» و هێلکە رەنگ کردن (ئیستەر) ئەوا ئەو ساڵە هەرچی گوناهێکیان کردبیت ئیتر پاك دەبنەوە.
بەم پێیە ئەم رابونە هەموو ئەمریکای گرتۆتەوە، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بۆ نمونە ئەو سەرۆکەی خۆی هەڵدەبژێرێت، یان ئەوەتا دیندارە و پابەندی تەواوە بە ئاینەکەیەوە یاخود عەلمانیە، بەڵام ئەوەی کە عەلمانیە دەبێت رێزو ئیحترامی تەواوی هەبێت بۆ دیندارەکان، کە تائێستا ئەم عەلمانیە وەك سەرۆك دەرنەکەوتوە، ئەوەی بینراوە لە ماوەی رابوردوو تا ئەمرۆش هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا دیندار بوون خاڵی سەرەکیان پابەند بوونیان بوە بە مەزهەبی پرۆتستانتی.
ئاشکرایشە رابونی مەزهەبی پرۆتستانتی لە بنەمادا لە کۆمەڵگای ئەمریکادا میحوەرێکی سەرەکیە لە ژیانیاندا، بەسە بۆ ئەوەی ئەوە تێبگەین کە هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا لە سەدەی بیست و بیستویەکدا هەموو پرۆتستانتن، ئەوەی کە کاتۆلیك بوو تەنها «جۆن کەندی» بوو سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەویش لە کارەساتێکی تەماویدا کوژرا، هەرچەندە دوای ئەوە ئاشکرا بوو کە تەنها پەیوەندی هەبووە بە ئاینەکەیەوە!!..
گەلی ئەمریکی سەرۆکی کاتۆلیکی هەڵنابژێرن، تەنانەت ئێستا وەك چۆن کۆتاییان بە هیندە سوەرکان هێنا لە ماوەی چەند ساڵێکدا ٨٠ ملیۆن هیندە سوریان قاتو ‌قڕ کرد لە ئەمریکا، بەهەمان چاو تەماشای کاتۆلیكیش دەکەن!.. با موسڵمان لەولاوە بوەستێت!..
هەموو ئەوە باش دەزانین کورسی ئەو وڵاتە لە نێوانی دیموکراتیەکان و کۆماریەکاندا دابەش کراوە، دیموکراتیەکان ناسراون بە ئازادیخوازو لیبراڵی ئاینی و پاراستی مافی کەمە نەتەوه‌یەکان، کۆمارییەکانیش ناسراون بە پارێزگارە- کارەکان لە ئاین و پابەندیان بە دینەوە، هەمیشە دەیانەوێت خەڵکی ئەو وڵاتە هان بدەن لە رێگای کەنیسەکانەوە لە دیموکراتخوازەکان، کە پەیوەندیەکی ئەوان بە توندڕەوە مەسیحیەکان کە هەموویان پروتستانتن، ئەوانەی لە مجلیسی پیرانی ئەمریکادا و لە شارەوانیەکاندا هەموویان پرۆتستانتن و پابەندن بە ئاینەوە بێ جیاوازی، بێجگە لە پرۆتستانت کەسی تر بۆی نیە بێتە ناوی.
ئەمەش وایکردوە کە حیزبی کۆماریەکان زۆرترین پۆستی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆخۆیان دەستە بەربکەن، لە (٦٠٪) توانیویانە هەموو پۆستە گەورەکان بۆ خۆیان دابین بکەن، کۆماریەکان لە ناو کۆنگرێس و مەجلیسی پیراندا بوونیان هەبێت، ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت؛ کە گوتاری دینی چەندە کاریگەریی هەیە لەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا، تەنانەت عەلمانیەکان توانای رووبەرووبونەوەیان نیە لەگەڵ ئەو رەوتە ئاینیە ئوصولیە پڕۆتستانتییە.
لە ساڵی (١٩٧٧)ی ز، بزوتنەوەیەکی ئاینی کەچالاکی بەردەوامی هەیە، ناسراوە بە کەنیسەی تەلەڤزیۆن، لەو رێگایەوە بیروباوەڕی خۆیان دەخەنە هەموو ماڵێکی پرۆتستانت، ئەم رابوونە داوای هەموو ماڵێکی ئەمریکیە، ئەو هۆزە ئاینیە ئوصولیانەی کە هەن لە ئەمریکادا بریتین لە:..
- (Baptist) ناسراوان بە هۆزی مەعمەدانی.
- (Methodist) ناسراون بە هۆزی مەنهەجی کە بەڕەوتی لە دایك بووە مەسیحەکان ناسراون (موەلدین).
- (Born Again Christians) ناسراون بە هۆزی مەسیحی زایۆنی کە ئەم هۆزە زۆر پیرۆزی ئەدەن بە جولەکە، پێیان وایە گەلی هەڵبژێراوی خواوەندن.
کەسێك لەم بیروباوەرە ترسناکە گەیشتە دەسەڵاتی سەرۆك کۆماری بۆ یەکەم جار لە ساڵی(١٩٧٦)ی ز، بەناوی “جیمی کارتەر” کە سەرۆك کۆمارێکی زۆر دیندارو پابەند بوو بە پرۆتستانتی، لەساڵی (١٩٧٩)ی ز، بە راشکاوانە رایگەیاند کە پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا پەیوەندییەکی ئاینە و لەسەر بنەمای بیروباوەڕ دامەزراوە، ئەمە دەقی وتەکەیەتی کە رۆژنامەی ئەهرامی میسری تەرجومەی کردوە” إن علاقة أمريكا بإسرائيل أكثر من علاقة خاصة، لقد كانت ولا تزال علاقة فريدة، وهي علاقة لا يمكن تفويضها؛ لأنها متأصلة في وجدان وأخلاق وديانة ومعتقدات الشعب الأمريكي”.
کە پێوایە پەیوەندی ئەمریکاو ئیسرائیل زۆر لە تایبەت تایبەت ترە، پەیوەندیەکی ناوازەو بێ پسانە، ئەم پەیوەندیە هیچ کاتێک هەڵناپەسێنرێت، بەردەوام لە ناخو هەستو رەوشتی ئاین و بیروباوەری خەڵکی ئەمریکادایە.
پاشان رووداوێکی گەورە روویدا لە شانۆی سیاسی ئەمریکادا، سەرۆکێکی نوێی ئەو وڵاتە خۆی هەڵبژارد، بۆ سەرۆك کۆماری بە ناوی “رۆناڵد ریگن” لە ساڵی (١٩٨١)ی ز، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەپێش هەڵبژاردنی وتی: ئەجیندای کاری من لەم وڵاتەدا پیادەکردنی ستراتیژی و ئەدەبیاتی راسترەوی مەسیحی توندڕەوە، لەدوای ئەم قسەیە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کەسێك بەناوی” جیری فالویل” کە سەرۆکی کڵێسەکانی چەند ویلایەتێک بوو، تەنها بۆ ئەو وتەیەی پێش هەڵبژاردنەکان کردی لە کاتی هەڵبژادنەکاندا دەنگی سێ ملیۆن کەسی بۆ کۆکردەوە، رووداوی هەڵبژاردنەکە ساڵی(١٩٨٠)ی ز بوو، هەروەها رۆناڵد ریگان سەردانی رێکخراوێکی جولەکەی کرد لە واشنتۆن ئەوسەردانەشی هەر لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەیدا بوو، بە ئاشکرا لە وتارێکیدا لەو جێگایەدا وتی: بەڕاستی ئیسرائیل تەنها ئومەتێک نیەو بەس، بەڵکو رەمزە بۆ ئێمەی ئەمریکی، بە ئاشکرا بەرگری لە مافەکانی ئیسرائیل دەکەین، چونکە ئەو بەرگریە سەرچاوەکەی لە ئاین و خووڕەووشتمانەوە سەرچاوەیگرتوە.
پاش بردنەوەی ریگان لە هەڵبژاردنەکاندا! بەڵکو جاری دووەمیش سەرکەوتەوە لەساڵی (١٩٨١-١٩٨٩)ی ز، ئەو چەند ساڵەی حوکمرانی ریگان وەك نوسەری بەناوبانگی ئەمریکی”جیمس ملیز” دەڵێت: هەموو سیاسەتی ریگان لە سەربەنەمای کتێبی پیرۆز بوو واتا تەورات، بەتایبەت لەسەر سفری حزقیال، کە لەوێدا بە روونی دەڵێت پەروەردگار منداڵەکانی خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ خاك گەڕاوەی خۆیان، ریگان زۆر باسی جەنگی “هارمجدۆن”ی دەکرد، کە واتاکەی ئەو جەنگە یەکلا کەرەوەیە کە سەربازەکانی عیسای کوڕی مەریەم بە دەستی دەهێنن دژی دووژمنەکانیان سەردەکەون، هەرمەجدۆنیش شاخێکە کە ئەو شەڕە تێیدا روو ئەدا ئەویش لە تەوارتدا باس کراوە، ریگان دەڵێت: ئێمە ئەو رەوەندەین کە ئەو شەڕە لە زەمەنماندا روو ئەدات.
پاشان جۆرج بۆشی باوك لەسەر ئەو رێبازە رۆشتەوە، بەڵکو باشترین خزمەتی پێشکەش بە کیانی زایۆنستی کردو، بەتایبەتیش مەسیحی توندڕەو، ئەویش لە رێگای ئاراستەی سەربازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بۆ ئەوە خەونی هارمجدۆن بەم نزیکانە رووبدات، ئەمەیش بۆ جوڵاندی سۆزی هەموو مەسیحیەکان بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی جولەکە.
لە سەردەمی کلینتۆن بە هۆکاری ئەوەی تەنها داوای دوو دەوڵەتی کرد لە سەرخاکی فەڵەستین، ئەوە بوو ئەو کێشە ئەخلاقیە بۆ زیندوو کردەوە تەنها کە وتی دەبێت کێشەی فەڵەستینی و ئیسرائیل لەسەر ئەو خاکە چارەسەر بکرێت، ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی کە (١٩٩٣-٢٠٠١)ی ز، هێواشیەك بەخۆیەوە ببینێت گەورەترین کێشە لە رووی ئیدارەی ئەمریکییەوە رووبەروی کلینتۆن دەکرایەوە، تا لە کۆتایدا چوو لەناو کڵێسادا داوای لێبوردنی کرد لە ئیسرائیل و لە گەلی ئەمریکی و ئینجا لە خێزانەکەی کە ئەم رۆحی پیس تێکەڵ بووە بە گیانی..!
لەدوای کلینتۆن جۆرج بۆشی کوڕ هاتە سەر حوکومرانی کە بە توندڕەوترین سەرکردە هەژمارد دەکرێت، لە مەسیحییە توندڕەوەکان بوو، خۆیشی نەیدەشاردەوە کە کەسێکی ئوسوڵی توندڕەوی مەسیحی بوو، بە ئاشکرا رایگەیاند کە گەلی جولەکە گەلێکی تاك و هەڵبژێراون لە خواوەندەوە، ئەم پێچەوانەی وتەکەی کلینتۆن وتی زفەی رۆژئاوا و غەزە بەشێكن لە دەوڵەتی جولەکەو بە هیچ شێوەیەك جیا نابێتەوە لەو وڵاتە، ئەم قسەیەشی هەروا بە سادەی نەکرد بەڵکو چەند دێرێکی لە کتێبی پیرۆز خوێندەوە، پاشان بێ دوو دڵی هەر لەو پەیامەیدا رایگەیاند بە ئاشکرا کە ئەو جەنگی خاچپەرستی دەکات دژی موسڵمانان، دوای ئەوەی کە زانی زۆر لەسەری کەوت وتی لە دەمم دەرچووە دوای لێبوردنی لە خەڵكی موسڵمان کرد، کە گوایە نایەوێت هەست و سۆزی خەڵکی تر تێك بچێت!!
لەگەڵ ئەوەی باراك ئۆباما لە دیموکراتی لیبراڵەکانە بەڵام ئەمیش ناتوانیت لە ریگای ئەوان لابدات، لە کاتێکدا کە بنەچەو بنەڕەتی لە خانەوادەیەکی موسڵمانە، بەڵام بە ئاشکرا پڕۆتستانتی خۆی راگەیاند و، وتیشی بڕوای تەواوی هەیە بە هەموو بنەماکانی پڕۆتستانتی، هەرگیز دژی ئەو باوەڕە کارناکات، خۆشی دەوێت و هەوڵی سەرکەوتنی ئەدات.. ئەمە لە کاتی هەڵبژاردنی یەکەمیدا بوو!!
لە راستیدا هەموو کارەکانیان وەك رۆژی درەخشان دیارن، چونکە دینداری و ئاین لەو وڵاتەدا بنەمای سەرەکی جوڵێنەری مرۆڤەکانە لە ئەمریکادا، بەڵکو زۆر لەوە زیاترە کە من ئێستا لە باسێکی ئاوادا بۆ خوێنەرم کورت کردۆتەوە، زۆر جار بە ئاشکرا سەرکردەکانی ئەمریکا بە فەخرەوە باسی ئاینەکایان دەکەن هەوڵی بۆ ئەدەن ناترسن لە باسکردنی و پابەند بوونیان بە ئاینەکەیانەوە، چونکە دەزانن ئاین کاریگەریی هەیە بەسەر گەلەکەیانەوە.
 تۆ بڵێیت رۆژێك بێت لە وڵاتی ئێمەشدا سەرکردەکان شانازی بە ئاینەکەیانەوە بکەن، کە دەست دەکەن بە قسە کردن چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز بخوێننەوە، باسی بنەماکانی ئیسلام بکەن و بڵێن ئێمە پابەندین بە ئیسلامەوە، باس لە تەنبوئاتی قورئان و فەرمودەکانی پێغەمبەر بکەن، بەرگری بکەن لە بیرو باوەڕێکی نەگۆڕاو دەستکاری نەکراو کە لەلای خواوە هاتووە بۆ مرۆڤایەتی؟
یان وا خەریکە سەرکردە ئیسلامیەکانیش تەنازول لە بیروباوەڕیان دەکەن بۆ رازیکردنی دڵی دوژمنیان دەڵێن ئیسلام و دیموکراسی موتوربە دەکەین، یان دیموکراسی و لێبراڵی دەکەنە ئالیەتی کارکردن، ئیسلامیش کە ئاینەکەیانە روویان نایەت باسی بکەن.
ئەوەی باسم کرد لە وڵاتی ئەمریکا روویداوە، نەك وڵاتی موسڵمان.

سەرچاوە..
١- أثر الدين على رؤساء أمريكا.. د. راغب السرجانی
٢- هل للدين أثر على علاقة اليهود بأمريكا.. د. راغب السرجانی
٣- الامریکیون و التجربة الدیمقراطیة.. دانیل. جی بورستین
٤- Verdens Hstorie.. En Spektakulær Gjennom Historien