04/09/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
هەڵبژاردن و بەڵێنی كاندیدان و متمانەی میللەت
بەرواری 28-8-2013 لە هەرێمی كوردستان یەكەم ڕۆژی پڕو پاگەندەی هەڵبژاردنی قەوارە سیاسیە كوردیەكان وەك ساڵانی پێشوو دەستی پێ كرد و ئەم پرۆسەیەش چوار ساڵ جارێك دووبارە دەبێتەوە وەك هەموو وڵاتێكی دونیا و كۆمەڵێك خەڵك خۆیان كاندید دەكەن و چاوەڕوانی متمانەو دەنگی میلەتن ، لەهەمان كاتدا كۆمەڵێك خەڵك لە خزم و ناسراو خۆیان یەكلایی دەكەنەوە بۆ كەسێك و دەنگی خۆیانی پێ دەدەن بە هیوای ئەوەی لە داهاتودا لە ڕیگای ئەو كەسە متمانە پێكراوەیانەوە بتوانن دەنگیان بەرز كەنەوەو داوای مافەكانی خۆیان لە دەسەڵات دارانی كورد بكەن ، هەموان دەزانین دەنگ دان واتە شاهیدی دان لەسەر ئەو كەسەی كە متمانەی خۆتی پێ دەبەخشیت،بەڵام ئایا تا ئیستا كەسێك هەبوە دوای 23 سال خەباتی پەڕلەمانی كوردستان دەنگی لە ڕێگای كاندیدو هەڵبژاردنەكانیانەوە گەشتبێتە دەسەڵات داران و لەو ڕیگایەشەوە گۆڕانكاریەك لە ژیانیدا ڕووی یابێت؟ بۆ ئەم مەبەستە كۆمەڵێك هاووڵاتیمان دوان و لەم بارەیەوە بۆچونی خۆیان خستە ڕوو ... كاك دانا أحمد كاسب كار : من كە تەمەنم 40 ساڵەو ئەوە ماوەی 22 ساڵە بەشداری هەلبژاردنەكانی كوردستان دەكەم بەڵام هیچ سودێكم لە هیچ كەس و لایەنێك نەدیوە و زۆربەی ئەو كەسانەش كە من و خانەوادەكەم دەنگمان پێداون لە پەڕلەمان بینراون بەڵام بەدەر لە گۆڕینی ژیانی ماڵ و منداڵی خۆی و پلەو پۆست و ناوبانگی خۆی هیچ كارێكی بۆ هەواداران و دەنگ دەرانی نەكردوە بەداخەوە بۆیە بڕیارم داوە چی تر بەشداری لەو پرۆسەیەدا نەكەم نە خۆم نە ماڵ و مندالیشم . إبراهیم عبدالرحمن مامۆستای قوتابخانە : من پێم وایە بەرپرسانی كورد میلەتیان بیر ناكەوێتەوە هەتا كاتی هەڵبژاردن نەیەت ، پێم خۆش بوو ڕیكلام كردن بۆ هەڵبژاردن لە 12 مانگی سالدا 11 مانگ بوایە چونكە بەڕاستی ئەوەی لە كاتی ریكلام و پڕوپاگەندەی هەلبژاردندا دەوترێت لە كاتەكانی تردا هەر بەبیری دەسەڵاتدارانیشدا نایەت ، وتیشی ئاخر رەوای حەقە من ئەوە 18 ساڵە زەواجم كردوەو دوو منداڵم هەیە هەتا ئێستا كرێنشینم و هەر ساڵەی لە كۆلانێك ئەژیم ؟ ئەو باسی لەوە كرد كە سێ ساڵە بەناو سولفەی زەواج و خانوبەرە و قەرزی بچوك بە هاووڵاتیان دەدرێت بەڵام برایەكی من زیاتر لە سالێك چاوەڕوانی سولفەی زەواجی كرد هیچی نەدی و ئیستاش ئەوە خەریكە ئەبێت بە باوك تا ئێستاش پیم وایە هێشتا هەر چاوەڕوانە ،زۆر كەسیش دەناسم كە دوو ساڵە هەیكەلی هەیەو بە تەمای بەشی دوەمی سولفەی خانوبەرەیە ئیتر با ئەو كەسانەش باس نەكەین كە لە چاوەڕوانی وەرگرتنی معامەلاتی 2013 دان و هیچ ئومێدیكیان نەماوە ئەبێ چ دڵێكمان بە حكومەت و هەلبژاردن خۆش بێت؟. كاك حەمە علی كە دوكانی وشكە فرۆشی هەیە : بەم جۆرە و بە دەم پێكەنینەوە وتی حكومەتی چی و كوردی چی و هەلبژاردنی چی ؟ با بێ یا بۆران باری من هەر چل مەنە ! ئەو بەدەم خەم و پەژارەیەكی زۆرەوە وتی ئەوە سێ ساڵە كوڕو كچێكم زانكۆیان تەواو كردوەو تا ئێستاش چاوەروانی تاعیناتن كورەكەم لەم دوكانە شاگردی خۆمەو كچەكەشم شاگردی بەردەستی دایكی ئیتر ئەبێ چاوەڕوانی چی بم لە هەلبژاردن ؟ ئەو وتی هەلبژاردن لە كوردستان تەنها گۆڕینی دەم و چاوەكانەو هیچی تر! لە پرسیارێكدا بۆ ئەوەی ئایا بڕیارت داوە بچیت و دەنگی خۆت بدەی بە كەسێك كە شایستەی متمانە بێت ؟ ئەو وتی نەخێر من متمانەم بە كەس نیەو ناشچمە صندوقەكانی دەنگ دان و باكم بە كەس نیە ئەو مەعاش و پێداویستیانەی دەسەڵاتدارانی كورد پێیان داوین لەمەو پێش با لەمەو دوا بیبڕن . كاك ڕەحمان عبدالرحیم قەصاب : وتی من منەتم بە هیچ كەسێك یان لایەنیك نیە خوا بكا خۆم لەشم ساغ بێت بتوانم كاسبی خۆم بكەم كێ دەر ئەچی یان دەرناچێ كێشەی من نیە خۆ هیچكام سودیان بۆ میلەت نیە هەموویان تەنها هەوڵی خۆدەرخستن و ناو ناوبانگ و پوڵ و پارەیانە میلەتی چی و هەژاری چی؟ لە ساڵی 1991 وە كورد حوكم ڕانی ئەكات تا ئێستا جگە لە بەرپرسان و دەسەلاتداران و مەسئولەكان یەك فەقیرم پێ بڵی دەوڵەمەن بوبێت لەوانەیە كەسانیك بە سەخت ترین ژیاندا رەدبوبن ئێستا باشتر بن بەڵام شك نابەم ژیانی فەقیرێك لە هەژاریەوە گۆڕا بێت بۆ دەوڵەمەندی لە كاتێكیشدا ئەو هەولەی چینی كەم دەرامەت و هەژار ئەیدەن بۆ پێداویستیەكانی ژیان هەرگیز نیوەی ئەوە مەسئول و دەسەلاتداران نەیانداوە . مامە حاجیەك لە پەنا دیواری دوكانێكەوە بە خۆیی و گۆچانەكەی دەستیەوە دانیشتبوو وتی : هەلبژاردنی چی كوڕێكی من ئەوە 3 مناڵی هەیەو خریجی قانونە تا ئێستا تاعین نەبوەو كرێكاری ئەكات وتیشی جاران قوتابی پۆلی شەشی سەرەتایی ئەكرا بە مامۆستا و فەرمانبەر و مەعاشیكی باشیان وەر دەگرت و ئەیان توانی بەو مەعاشە ژیانی دوو خێزان دابین بكەن كەچی ئیستا لە ماڵێكدا چوار مەعاش خۆریش هەبی فریای ژیان ناكەون . مامە حاجی بەدەم هەناسە هەڵكیشانەوە وتی باشە بۆ صەدام بەو هەموو زاڵمیەوە لە داهاتی عیراق تەنها %5 بۆ هەموو عێراق دابین ئەكردو هەرچی خەڵكە تاعینی ئەكردو خانوی موجەمەعەكانی بە بەلاش ئەیا بە خەلكی گوندو كەمدەرامەتەكان و بایعی مانگانەی بە ڕێكو پێكی ئەیاو دەفتەری ئەسواق مركەزی بۆ ئەو كەسانە ئەكرد كە لە دائیرەیا بوون بە نیوە قیمەت هەموو پێداویستیەكی بە میلەت ئەیا ئەی بۆ دەسەڵاتی كوردی ناتوانێت %17 لە داهتی كوردستان كارێك بكات خەڵك و میلەت ڕازی بكات ؟ خۆ ئەوان بە هەوڵی میلەت دەسەلاتیان گرتە دەست بۆ وا لە خۆیان گۆران؟!! ئەمە وتەی ناخی هەندی لە هاووڵاتیانی كوردە كە خۆیان بە چەوساوە دەزانن لە ژیر حوكمی دەسەڵات دارانی كوردی و باوەڕیان بە هەڵبژاردن و هیچ كام لەو كەسانەش نەماوە كە تێكەڵی دەسەڵات و حكومەت و پەڕلەمان دەبن ، مافی خۆشیانە گلەیی بكەن چونكە زۆربەیان چەندین جار ماڵیان وێران كراوەو مەكانیان تێكچوەو ئاوارەی وڵاتانی دراوسی بوون تا ئەم ڕۆژە بە چاوی خۆیان ببینن كەچی ئێستا هەناسەی سارد بۆ ڕەنجی بەبا چوی خۆیان هەڵدەكێشن و گلەیی و گازندە لەو دەسەڵاتە دەكەن كە خۆیان كرد بە قوربانی بۆیی و خوێنیان بوو بە ئاو لە پێناو ڕوخانی ڕژێمێكی دیكتاتۆرو گەشتنی سەركردەكانی كورد بە كورسی حوكمڕانی ..!!