کێشەی مرۆڤ لەگەڵ خوای پەروەردگار..
15/04/2016 نوسەر: bzavpress

کێشەی مرۆڤ لەگەڵ خوای پەروەردگار..



ماکوان کەریم :دیدێکی نوێیە لە ناسینی بیر و باوەڕ، شەوانی زیندان نوسیومە: بەشی یەکەم 

مرۆڤ بونەوەرێکی خاوەن هەستەو خوای گەورە ژیری پێبەخشیوە لەسەردەمی ئادەمەوە ، گومانی تێدا نیە کە پێش ئادەم مرۆڤ بوونی هەبووە لەسەر زەویدا، بەڵام باوکە ئادەم یەکەم مرۆڤە کە مەلەکەی ژیریو ئەقڵی پێبەخشراوە و لەگەڵ ئەوەشدا خوای گەورە پەرتوکی ئاسمانی بۆ ناردوە.. بۆ هەردوو کوڕەکەشی کە لەسەردەمی خۆیدا بەیکەوە ژیاون ، واتا بۆ شیثی کوڕی ئادەم و ئیدریسی کوڕی ئادەم کە هەردووکیان چاویان بە باوکە ئادەم کەوتەوە ... شیث پەنجا پەرتوکی ئاسمانی بۆ هاتووە ، ئیدریسی براشی سی هەندێك را دەڵێن لاوازە ، بەڵام بەهەردووکیان هەشتا پەرتوکیان بۆ هاتووە ..چونکە سەرەتای دەستپێکی ژیری بووە مرۆڤەکان زیاتر پێویستیان بە زانیاری هەبووە لەسەر چواردەور و گەردوون و ژیان و دەسەڵات و مرۆڤ و تەنانەت خودی خوای موتەعالیش.

بەم پێیە خوای گەورە پلەی مرۆڤی بەرز کردۆتەوە بەهۆی هەستەکانی و ئیدارکی لە ژیری و لە بیرکردنەوە و..تاد..

خوای گەورە هەموو مرۆڤێکی خۆش دەوێت کە لە نەبوونەوە هێناویەتە ئەم بوونە ، چونکە مرۆڤ کە ووجودی نەبووە لە عەدەمدا خوای پەروەردگار ئیجادی کردوە ئەوە بۆخۆی نیعمەتێکی زۆرگەورەیە کە لەم بوونەدا بە ئەبەدی دەمێنێتەوە..

دیسانەوە بەم پاوپێوەندە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە پەروەردگاری بوون مرۆڤی لە نەبوونەوە هێناوەتە بوون ، دەبێت شتێکی پێببەخشیت بۆ ناسینی زاتی پیرۆزی خۆی..

ئەویش سێ مەعەریفەی گرنگە .. یاخود سێ زانستی بنچینەییە کە مرۆڤ دەتوانێت خوای پێبناسێت..

مەعریفەی یەکەم: زانستی مەخلوقاتی خوای پەروەردگارە : ئەم زانستە هەموو کەس دەتوانێت تێیدا بەشدار بێت ، گەڕانە بەدوای نهێنیەکانی ئەم بوونە... لە هەموو زانستەکانی کە بریتیە لە زانستەکانی پزیشکی و گەردوونی ، ئەندازیاری، فیزیایی، کیمیایی، ئەدەبی ، میکانیکی...هتد.
واتا مرۆڤی خاوەن ژیری لە ڕێگای ئەم دروستکراوانەوە دەگاتە ئەوەی کە ئەم بوونە خاوەنی پەروەردگارێکە کە حەتمییە، بەڵام ئەم زانستە گشتیە ، کافرو موسڵمان و دیندارو بێدین تێیدا بەشدارن ، هەموو دەگانە ئەو باوەڕەی کە خالق هەیە ، بەڵام هەریەکە بە ژیری و ئیدراك و ئەقڵی خۆی پێناسەی دەکات، زۆرێکیان لە ڕێگادا بە جێدەمێنن و ناگانە ئامانج، خەڵکانێکی زۆر کەم و شاز لەم جیهانەدا مولحیدن و واتا بڕوایان بە ووجودی خالق نییە.. بۆیە زۆرینەی خەڵکی سەر ئەم هەسەرەی ئێمە باوەڕدارە.. لەڕیگای ئەم زانستانەوە گەیشتوە بە باوەڕ ..

مەعریفەی دووەم: زانستی فەرمانی خوای موتەعالە: ئەم زانستە تایبەتە بە پابەندانی ئاینە ئاسمانیەکان، لە ناویاندا ئیسلام .. کە من باسی زانستی فەرمانی خوایی دەکەم ئەویش بریتیە: لە هەموو ئەو بەندایەتیانەی کە ناسراون بە عیبادات و موعامەلات، ئەم زانستە پەیوەندی هەیە بە ئاکارو ڕەوشتی مرۆڤەوە واتا بەندایەتیە دروشمیەکان واتا عیباداتی شەعائیری قوبوڵ نابێت ئەگەر بەندایەتی کردارو ڕەفتاری لەگەڵدا نەبێت، واتا موعامەلاتی .. گریمان کەسێك با نوێژبکات ، بەڵام ئەگەر ماڵی خەڵکی بخوات لە قیامەتدا با بەندایەتی نوێژەکانی بەقەدەرچیایەك بێت پێغەمبەری خوا دەفەرموێت صلی اللە علیە وسلم دەبێت بە تەپوتۆز ، یان کەسێك با بەرۆژوو بێت گەر باسی خەڵکی بکات و بوختانو زەم و ملی خەڵکی بشکێنیت لێیقوبوڵ ناکرێت پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم دەفەرموێت: تەنها خۆی تینو برسی دەکات، واتا خۆی ماندوو دەکات و هیچ پاداشتێکی نیە، ئەو کەسەی کە بەپارەی حەرام دەچێت بۆ حەج ، خوای گەورە تەلبیەکەی دەگەڕێنێتەوە و بە ئاشکرا دەڵێت حەجەکەت قوبوڵ نیە ، هەروەها زەکات، خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت بە وویستی خۆیانو بە زۆریش بیدەن خوای گەورە لێیان قوبوڵ ناکات، تەنانەت شایەتومانیش ئەگەر حەقی خوی نەدرێتێ بەکردار ئەوا بە ووتنی تەنها چەند ووشەیەکە لەدەم دەردەچێت ، بۆیە لە فەرمودەیەکدا خۆشەویستمان دەفەرموێت صلی اللە علیە وسلم : حەقی شایەتومان جێبەجێکردنی مافەکانیەتی.. وەهەروەها .
کەواتە مەبەستی من لە بەشی دووەمدا ئەوەیە مەرج نیە هەرکەس نوێژ و رۆژ و بەندایەتی کرد پێی بوترێت خواناس و خوای ناسیوە .. هەیە مونافیقە ، هەیە فێربووە وەك کلتورێك ، هەیە وەك دابونەریتە ، هەیە چەواشەکاریە ..هتد .
یاخود هەیە زانایە بەم باسانەی عبادات و موعامەلات ، بەڵام فاسقە .. یان کاسەلێسی بەردەمی سوڵطانەکانە..
بەڵام زۆرێك لە مرۆڤەکان لەم ڕێگاییەوە دەگات بە ناسی و وخۆشەویستی خوای پەورەدگار..

بۆ باسی ناسینی پەروەردگار دەکەم ، چونکە ئەصڵی دین بۆ ئەوە هاتووە کە خوای پەروەردگار بناسیت..
کەواتە یەکەم زانست ئاماژەم پێدا.. زانستی مخلوقاتی اللە یە دووەم زانستی ئەمری اللە یە .. سێیەمیان زانستی ناسینی خودی زاتی اللە یە..!

مەعریفەی سێیەم: زانستی خواناسییە لە ڕێگای ناو و سیفاتە پیرۆزەکانی زاتی پیرۆزی اللە..
ئەم سیفات و ناوانە ئەگەر بە زانستی و ئەکادیمی ناسیت ئەوە کاریگەری ئەو سیفاتانە لە سەر مرۆڤ دروست دەبێت و مرۆڤ بەرەو کامڵ بوون دەبات ، ئەگەر ئەو دوو زانستەی کە ئاماژەم پێداوە ، نەیتوانی کاریگەری لەسەر دڵو دەرونت دروست بکات ، ئەوا بەدڵنیاییەوە ناو سیفاتە پیرۆزەکانی خوای گەورە کاریگەری تەواوەتی دروست دەکات لەسەر دڵی موسڵمان و کافرو دیندارو بێدینو زەردەشتیو بوزی مەسیحی و جولەکەش..
ئەمەش ئامانجی ئەم باسەیە کە دایدەمەزرێنم لە خزمەت خوێنەردا ... بۆ ئەوەی هەموومان خوای پەروەردگار بناسین..
کێشەی گەورەی مرۆڤ لەگەڵ خوای پەروەردگاردا ئەوەیە کە نایناسین وەك زاتی خۆی، خەڵکانیك خوایان لە مێشکی خۆیاندا داتاشییوە .نەك- وەك ئەوەی بەزانست خوا باناسن لە کاتێکدا ناسینی خوا دەبێت هەر بەزانست بێت .. بۆیە خوای پەروەردگار جەخت لەسەر ناسینی زاتی پیرۆزی دەکاتەوە بەزانست و دەفەرموێت:فَاعْلَمْ أَنَّهُ لَا إِلَٰهَ إِلَّا اللَّهُ

شەوانی زیندانی ئۆلشمۆ