کێ  مام ئاراس ی کوشت
03/09/2013 نوسەر: bzavpress

کێ مام ئاراس ی کوشت



ئەگەر بەمێژوی دەیان ساڵەی ئەو "شت"ەی کە بەناهەق ناویان ناوە شۆڕش وکوردایەتی،گوایە ئەمانە بۆ ڕزگاری کوردو نیشتیمانەکەی دروست بوون و دەیانەوێت دژی دەگیرکەری بەغدا بجەنگن،بچینەوە،ئەگەر ئەو مێژوە لەلایەن هەندێ مێژونوسی بێلایەنەوە بنوسرێتەوە،ئەگەرلانی کەم سەرژمێری هەمووشەهیدان و قوربانیانی شاخ وشاری ئەم هێزە بەناو

شۆڕشگێرو لەپڕاکتیک و ناخدا چەتەیە بکەین،بۆمان مەعلوم دەبێت زۆربەی ئەو قوربانیانە لەشەڕی ناوخۆداو بەدەست ئەم ‌هێزە چەتانە کوژراون، کەمترین شەهیدمان دەبێت کەلەسەنگەردا یان لە زیندانەکاندا بەدەستی بەعس شەهید کرابن.

هەموو حیزبەکانی باشور ئەرشیفیان ئەوەندە گڵاو پیسە بیگوشە جگە لە چڵکاو هیچی لێناچۆڕێت،لێرەدا تەنها ڕوداوێک، یان تاوانێکی تری ئەم هێزانە باس دەکەین وەک خۆی و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە دوور لە قازانجی حیزبی و مجامەلەو شاردنەوەو درۆکردنێک،ئەویش،شەڕی"سوارەی سۆیلەمیش" و گرتن و ئەسیرکردنی "مام ئاراس"و کوشتنیەتی.

کۆتایی هاوینی هەزارو نۆسەدو هەشتاو یەک

چەند ڕۆژێک بەرلەجەژنی قوربانی ساڵی هەزارو نۆسەدوهەشتاو یەک،هێزێکی حسک بڕیاری داوە لە شاخی سورێنەوە بێتە خوارەوەو بە نهێنی خۆی بگەیەنێتە شارباژێڕ،مەسئولەکانیان کەسانی وەک مام ئاراس وجەباری علی عەوێز دەبن، هەندێ پێشمەرگەی وەک کامەرانی سەعا چەتەو سیروان و دەیان کەسی تر کە زۆربەیان لەشەڕەکەدا بەئەسیری دەستگیرکران و دواتر بوون بە یەکێتی وەک ڕزگاری کەریم باقی و نەوەی سەمون  بەرزانی عوسمانی مارف خەرابەیی کە لەو شەڕەدا دەکوژرێت و برایەکیش یەکێتی دەبێت و دوای ئەم شەڕە وازدەهێنێت ودادەنیشێت،هەندێکیشیان وەک جەباری عەلی عەوێز رادەکەن و نەگیران.
لە ئێورەیەکدا هێزەکانی یەکێتی لە دوو گوند تەوزیع دەبن بۆنانخواردنی ئێوارە "تەبەکەلی" بەردەم سەیدساد ق و گوندی "سۆیلەمیش"،حسکەکان بەسواری تراکتۆر دێن و دەکەونە  ناو ئەو بەشەی سۆیلەمیش ویەکێتیەکان دەسبەجێ لێیان دەدەن،مام ئاراس وکۆمەڵێکیان بەدەست دەگیرێن،جەباری علی عەوێزو هەندێکی تریان هەڵدێن،هەندێکیشیان دەکوژرێن و گیراوەکانیش وەک کەسانی" کامەرانی سەعا چەتە،سیروان،نەورۆزی سەمون،ڕزگاری کەریم باقی، ئەمانە لە لایەن یەکێک لە سەرتیپەکانی ئەوکاتەوە ڕزگار دەکرێن و پاشان دەبن بە پێشمەرگەی یەکێتی و بڕێکیشیان لە شارباژێڕ وەک عەسکەری فیرار دادەنیشن.
مام ئاراس تاکە دیلێک دەبێت کە ناهێڵن تەنها یەک کاتژمێری پێبچێت و دەیبەن بە ئەسیری ڕەمی دەکەن،ئەوکەسەیشی کە مام ئاراس دەکوژێت" شەوکەتی حاجی موشیرە بەدەرەجەی یەکەم و پاشان "حامیدی حاجی غالی"،حامید بەوجۆرەی کە لەوکاتەدا لەگەڵ شەوکەت سەرپەرشتی ئەو هێزەیان کردوە،ئەوەیشی کە تەقەی لە مام ئاراس کردوە خودی شەوکەت بووە،مامۆستا شاهۆ لەوشەڕەدا دەبێت،هەرچەندە هەندێ سەرچاوە دەڵێن ئەو مام ئاراسی کوشتوە،بەڵام ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە و بکوژی سەرەکی شەوکەت ی حاجی موشیرە،لەوشەڕەدا جگە لەسەدان پێشمەرگەو دەیان فەرماندەی یەکێتی فەیسەڵی مەلا علی و مەحمودی حاجی فەرجیش بەشدار دەبن.
هێزەکانی یەکێتی پێک هاتوون لە هێزی شارەزورو قەرەداخ ،ئەم هەرێمە شەوکەتی حاجی موشیرو حامیدی حاجی غالی سەرپەرشتیان دەکرد،هێزی قەرەداخیش شێخ جەعفەر وەزیری پێشمەرگەی ئێستای یەکێتی سەرپەرشتی دەکرد،واتە هەرێمی پێنجی قەرەداخ،بەم پێیە هێزەکانی شارەزورو قەرەداخ و هەموو ‌هێزەکەی یەکێتی نزیکەی سێ سەد کەسێک دەبن،بەڵام ئەم هێزە هەمووی بەشداری شەڕەکە ناکات،وەک لەسەرەوە ئیشارەم پێداوە کە بەسەر دوو گونددا دابەش بوون، ئەوبەشەی لە گوندی سۆیلە میش دابەش بووە شەڕەکەیان کردوە واتە ئەوانەی دێێ"تەپەکەل" تەنها دەمەو ئێوارە کە تەقەکان دەکرێت گوێبیست دەبن و پاش کەمێک دەچن بەدەم تەقەکانەوە کە دەچن هەموو شەڕەکە کۆتایی هاتووە، ئەو هێزەی تر وەک شەوکەتی حاجی موشیرو فەیسەڵی مەلا علی و بەشی زۆری هێزەکەی شارەزور و لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانی قەرەداخ لەوێ واتە"سوالی سۆیلەمیش" دەبن لەبەردەم سەیدسادقدا، کە جەماعەتی مام ئاراس دێن دەکەونە ناو ئەوان.
ئەو رقە ئەستورەی لە مام ئاراسیان بوو تەنها ئەوە بوو کە دووجاری تر چەک کرابوو لەلایەن یەکێتییەوە،جارێک لە شارباژێڕو جارێکی تر لە مقەڕی بلەکێ حەمەی حاجی مەحمود کە ئەوکاتە یەکێتی دەبێت چەکی دەکات،ئەوە سێیەم جار دەبێت کە دەسگیر دەکرێت،وە کەسێکی زۆر پێداگرو جدی بوەو زۆریش دژی یەکێتیەکان بووە، هەتا زۆرێک لە یەکێتیەکان کە لەو شەڕەدا دەبن بە کوشتنی مام ئاراس زۆر دڵ تەنگ و غەمبار دەبن و پێیان ناخۆشە.
ئەمەوێ ئەو ڕاستیە بخەمە ڕوو کە سەرکردایەتی یەکێتی.لە مام جەلالەوە تا نەوشیروان مستەفاو هەموو ئەوانەی تر دوورو نزیک پەیوەندیان بەم کوشتنەوە نییەو ئاگادار نەبوون،لەوکاتەدا هەرکەسە خۆی حاکم بووە،خۆی بکوژ بووە، لەوکاتەدا کە هێشتا جیهازیش نەبوە،ئەگەر تەتەرێک لە شارەزورەوە نامەیەکی ببردایە بۆ سەرکردایەتی لانی کەم هەشت ڕۆژی پێدەچوو،هەرسەرتیپێ،ئامرکەرتێ،ئامر هێزێ،بە میزاجی خۆی چی ویستبێت کردویەتی و زۆری ئەم ڕوداوانەیش لە کینەی شەخسی و میزاجی کەسەکانەوە بووە،پاش ئەوەی نامەیەک دەگەیەنرایە  سەرکردایەتی ڕادوێ بە جفرە دەیخوێنرایەوە کە چی بکرێت،لێرەوەیە کە کوشتنی مام ئاراس بە میزاجی شەوکەت کراوە،هەزاران  کەس ئاوا وەک قوربانیەکی بێگوناه کوژراون،شایانی وتنە جەباری علی عەوێزیش هەر بە ناهەق،دوای ئەوەی لەم شەڕەدا دەرچوو یەکێتی بە زیندوی خستیانە بیرێک وسەلیەیەک فیشەکیان نا بە ناو بیرەکەوەو بەداخەوە کوشتیان.
ڕەنگە کەسانێک پەیدا ببن و بپرسن ،ئەی بۆ ئەسیرە شارەزوریەکانیان نەکوشتوە؟،ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەمیشە پێشمەرگە  لە شەڕی عەشایەری ودوژمنایەتی خۆیان لاداوە،مام ئاراس هەم خەڵکی سلێمانی بوو،هەم عەشیرەتی نەبوو، هەم زۆر دژی یەکێتی بوو،هەم دوو جار بەدیل گیرابوو چەک کرابوو.
هەتا  شەوکەت هەوڵی داوە کە ئەوانەی سلێمانی وەک"کامەرانی سەعا چەتەو سیروان و نەوەی سەمون و ڕزگاری کەریم باقی" بکوژێت"چونکە لە کێشەی عەشایەری نەدەترساند،چەند سەرتیپێک وئەوانەی سلێمانی ڕێگا دەگرن لە کوشتنی ئەمانەیش،دەنا شەوکەت هەمویانی دەکوشت.
لەم شەڕەدا لیژنەی هەرێم شەوکەت و حامید بوون،خۆیشیان لەناو یەکدا کێشەیان هەبوە لەسەر مەسئولیات،بەشێک لە کێشەی حەمەی حاجی مەحمودیش جگە لە مەسەلەی پارە کۆکردنەوە کێشەی شەخسی بووە و لەسەر مەسئولیات ڕێک نەکەوتوون،دوای ڕۆیشتن و وەدەرنانی حەمەی حاجی مەحمودو چوونی بۆ ناو حسک  شەوکەت و حامید لێژنەی هەرێم دروست دەکەن،ئەولیژنەیەش پێک دێن لە"شەوکەت و حامیدی حاجی غالی و حاکم عومەر"واتە یەک شۆڕشگێڕان،یەک کۆمەڵە،یەک خەتی گشتی.
یەکێت و پارتی وحیزبەکانی تر،وەک ئەوەیە تەنها بۆ کوشتنی کورد خولقابن،چ لە شاخ یان لە شار تەنها خەریکی کوشتنی یەکیتر بوون ،لە خۆڕا نییە نەوشیروان مستەفا یەکێک لە کتێبەکانای ناو دەنێت"پەنجەکان یەکتر دەشکێنن"ئەوان ئەونەی یەکتریان کوشتوەو شکاندوە،ئەوەندە خوێنی یەکیان حەلاڵکردوە،ئەوەندە بەرامبەر بە دوژمنی سەرەکی واتە بەعس توند نەبوون،ئەگەر لە دوای حەفتاو پێنجەوە شەهیدانی کوردستان سەرژمێری بکەین،دیارە بەدوور لە کارەساتی جەرگبری وەک هەڵەبجەو ئەنفالەکان،زۆربەی ئەوانەی شەهید کراون ئەم حیزبانە خۆیان کوشتونیان کە دەکاتە زۆرینەی هەرەزۆری شەهیدان،واتە بەڕوبعێکی ئەوە لە بەرامبەر بەعسدا  شەهیدنەکراون،یەکێتی وپارتی و حیزبەکانی تر خاوەنی سەدان تراژیدیای ئاوان کە بەسەریەکیاندا هێناوە،هەزاران کەسیان لە یەکیتر کوشتوە،هەرئەوەیشە ئەم هێزانە کە لەدوای ڕاپەڕین دێنەوە چونکە کرۆکیان زەلکاوە کۆمەڵگای کوردی دەکەن بە زەلکاو،کەسانێک لەشاخدا ئاوا بێڕەحمانە یەکتریان کوشتبێت وئەتک کردبێت، ناکرێت لە بەڕیوەبردن و حوکومەتکردندا لەمەی ئیستا باشتر بن کە هەن،ئەم پیاو کوژانەی شاخ لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئەم ساتەوەختە لە کوشتن و بڕینو دزیو تالانی بەردەوامن، لە خۆوە نییە، برایم جەلال لە کتێبەکەیدا دەڵێت،لە شەڕی بێتواتەدا کە بە فەرماندەیی مام جەلال بەڕێوەچوو،پێشمەرگەی یەکێتی گاو مانگایان دەکوشت لەبەرخاتری "جگەر"ەکەی،جاهێزێک کاتێک لەشاخەوهیچی بەدەست نییە مانگا بکوژێت بۆ جگەرەکەی،دەبێت لە سەردەمی دۆلار باریندا چۆن کوردو کوردستان ناکوژن بۆی،چۆن نابڕێ وناسوتێنێ وکاول ناکات ونابات،هەرئەوەشە کە بونەتە حوت وتێرخواردنیان نییە.
 
تێبینیەکی کورت
 
هەمیشە ئەو قوربانیە بێگوناهانەی کە شەهیددەکرێن و لەناو دەچن،کەس خۆی لە باسکردنی کەسایەتیان نادات،بە حوکمی شەهیدبونەکەیان یان ئەو غەدرەی لێیکراوەو خۆیان نادەن لەقەرەی ئەو زوڵم و  غەدرەی کە شەهیدەکە پێش لەناو چوونی بەرامبەر خەڵکی نەیاری خۆی کردویەتی،"مام ئاراس ناوی "یاسە هەتیوو"ەو خەڵکی سلێمانییە،تا چۆتە پێشمەرگایەتی ئیش وکاری شەڕە چەقۆو ئەوەی لەو سەردەمانەدا باو بوە،کەسێکی نەخوێنەوارو تەنها باوەڕی بە کوشتنو بڕین هەبووە، ئەمەی کە دەیڵێم شمولی زۆربەی زۆری پێشمەرگەکانی یەکێتی و پارتی و حیزبەکانی تر دەکات و خەڵکانێکی کەمی تێدا بووە وەک کاک ئارام و شەهید ئازاد هەورامی و ئاوات قارەمانی ودەیانی ترخاوەنی کەسایەتیەکی بەرزو خاوەن بەهرەی  ئینسانی و خاوەن سۆز بووبن،زۆربەیان خەڵکانی نەخوێنەوار بوون و بە هیچ جۆرێک لە مانای ئازادیو چەمکی شۆڕش و پارتایەتی تێنەگەیشتوون و تەنها توانیویانە شەڕە فیشەک بکەن و بکوژن.