جه‌لال تاڵه‌بانی‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ خه‌ڵاتی‌ نۆبڵی‌ ئاشتی‌ كاندید ده‌كرێت
05/02/2016 نوسەر: bzavpress

جه‌لال تاڵه‌بانی‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ خه‌ڵاتی‌ نۆبڵی‌ ئاشتی‌ كاندید ده‌كرێت


ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، میدحه‌ت مه‌حمود، سه‌رۆكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ریی‌ فیدراڵی‌، جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ پێشووی‌ عیراقی‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ خه‌ڵاتی‌ نۆبڵی‌ ئاشتی‌، كاندید كرد. 

له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌بدولستار به‌یره‌قدار وته‌بێژی‌ فه‌رمی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ریی‌ فیدراڵی‌ له‌ لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند: "دادوه‌ر میدحه‌ت مه‌حمود، سه‌رۆكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ریی‌ فیدراڵی‌، نوسراوێكی‌ ره‌وانه‌ی‌ ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراق كردووه‌ و تێیدا داوای‌ كردووه‌، حكومه‌ت عیراق،  جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ پێشووی‌ عیراقی‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ خه‌ڵاتی‌ نۆبڵ بۆ ئاشتی‌ كاندید بكات"، ئاماژه‌ی‌ به‌ رۆڵی‌ كاریگه‌ریی‌ مام جه‌لالیش كرد له‌ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ نێوان پێكهاته‌كانی‌ عیراق  له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003وه‌ كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و، توانیویه‌تی‌ به‌وپه‌ڕی‌ دڵسۆزییه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ عیراق بكات و ببێته‌ فاكته‌رێكی‌  گرنگ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی‌ چه‌ندان ئاژاوه‌ و فیتنه‌ی‌ تایه‌فه‌گه‌ریی‌ و نه‌ژادی‌ له‌ وڵات، وێڕای‌ مێژووه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ و خه‌باته‌ پڕشنگداره‌كه‌ی‌. 

به‌یره‌قدار وتیشی‌: "كاندیدكردنی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌، له‌ڕێی‌ توێژنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ واقع و دۆخی‌ عیراقه‌وه‌ بووه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكان و له‌ڕێی‌ ئه‌و خزمه‌ت و هه‌وڵه‌ دانه‌بڕاوانه‌وه‌ بووه‌ كه‌ وه‌ك سه‌رۆك كۆمار له‌پێناو چه‌سپاندنی‌ ئاشتی‌ و خۆشه‌ویستی‌ له‌نێوان توێژه‌ جیاجیاكانی‌ گه‌لی‌ عیراق، خستبویه‌گه‌ڕ". 

هه‌ر له‌و باریه‌وه‌ فه‌رهاد قادر، په‌رله‌مانتاری‌ یه‌كێتیی‌ نیشتیمانیی‌ كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق، وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر راستی‌ هه‌واڵه‌كه‌ كرده‌وه‌، به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند:"ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ریی‌ فیدراڵ له‌م قۆناغه‌ی‌ ئێستای‌ عیراقدا كه‌ نوسراوێكی‌ بۆ ئه‌میندارێتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراق ناردووه‌ تا حكومه‌تی‌ فیدراڵ مام جه‌لال بۆ وه‌رگرتنی‌ خه‌ڵاتی‌ نۆبڵ كاندید بكات، درك كردنه‌ به‌ رۆڵی‌ گرنگی‌ مام جه‌لال و دۆخی‌ ئێستای‌ وڵات". 

فه‌رهاد قادر، مام جه‌لالی‌ به‌ كه‌سێتییه‌كی‌ گرنگ له‌ مێژووی‌ سیاسی‌ عیراق و قۆناغی‌ پاش ساڵی‌ 2003 وه‌سفكرد و ئاماژه‌ی‌ به‌و رۆڵه‌ كاریگه‌ره‌ش كرد كه‌ مام جه‌لال له‌ یه‌كخستنی‌ نێوان پێكهاته‌ جیاجیاكانی‌ عیراقدا، گێڕاویه‌تی‌.   

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ یه‌كێتی‌، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی‌ ئێستای‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ریی‌ فیدراڵی‌ عیراقی‌ به‌ هه‌وڵێكی‌ شایسته‌ له‌قه‌ڵمدا و وه‌ك شانازییه‌كیش بۆ كورد ناوی‌ برد. 

جه‌لال تاڵه‌بانی‌ له‌ ساڵی‌ 2005 تا  2014، سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا و به‌ر له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی‌، رۆڵێكی‌ گرنگ و كاریگه‌ریی‌ هه‌بووه‌ له‌ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ نێوان پێكهاته‌ جیاجیاكان و دوورخستنه‌وه‌ی‌ ئاژاوه‌ و فیتنه‌ی‌ تایه‌فه‌گه‌ریی‌ و نه‌ژادی‌ و چه‌سپاندنی‌ ئاشتی‌ له‌ عیراق. 






ژ.ك