لە هەڵەبجە ڕادیۆیەک نیوەی پەخشەکەی تەرخان دەکات بۆ ئاوارەکان ‌
31/01/2016 نوسەر: bzavpress

لە هەڵەبجە ڕادیۆیەک نیوەی پەخشەکەی تەرخان دەکات بۆ ئاوارەکان ‌


بۆیەکەمجار لە هەڵەبجە ڕادیۆیەک نیوەی کاتی پەخشەکەی ‌بەزمانی عەرەبی و کرمانجی تایبەت دەکات بە ئاوارەکانی سوریا و عێراق و بەشێک لە کارمەندانی ڕادیۆکەش ئاوارەن و پەیامی پەخشەکەشیان لە ئاوارەوە بۆ ئاوارە یە.

ڕەنگین سەلام بەڕێوبەری ڕادیۆی دەنگی نوێ، بەبزاڤ پرێسی ڕاگەیاند:"ئەم بەشەی ڕادیۆی دەنگی نوێ کە ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨ـی بەیانی بۆ ۱۲ـی نیوەڕۆ تایبەتە بە ئاوارەکان و لەخۆیانەوە هەستمان ئەکرد ئەم خەڵکە پێویستی بە زمانی خۆی هۆشیاری پێ بدرێت و بەزمانی خۆی هەواڵەکانی خۆیان ببیستن و لە زمانی خۆیانەوە موعاناتەکانی خۆیان باس بکەن".

کارمەندانی بەشی بەیانییانی دەنگی نوێ کە بەزمانی عەرەبی و کوردی کرمانجی پەخشی خۆیان دەکەن، سەرجەمیان کچان و ژنانی ئاوارەی سوریا و عێراقن و پێش دەستپێکردن بەم پەخشەش لەلایەن کارمەندەکانی ڕادیۆکەوە ڕاهێنانراون بۆیە ئێستا بەشی کرمانی و عەرەبی ئەم ڕادیۆیە ڕۆژانە باس لە کێشەکانی ئاوارەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەکەن.

یەکێک لە کارمەندەکان کە هاوکات ئاوارەیە بەبزاڤ پرێسی گووت:"من هیوادارم دیدارێک لەگەڵ خەڵکی سووریادا بکەم بۆئەوەی موعاناتی خەڵکەکە بگەیەنم و باس لە ئێش ئازارەکانی خەڵکی سووریا بکەم و بیگەیەنمە گوێگرانی ڕادیۆکە".

کارمەندە ئاوارەکانی ئەم ڕادیۆیە پێشتر لە ناوچەکانی خۆیان خوێندکاری بەشە جیاوازەکانی زانکۆکانی سوریا و عێراق بوون و هیچ کارێکی ڕاگەیاندنیشیان نەکردووە.

ڕادیۆی دەنگی نوێ لەساڵی ۲۰۰٥ وەک ڕادیۆیەکی سەربەخۆیی و لەلایەن ژمارەیەک گەنجەوە دامەزرا و ئامانجیشی وشیارکردنەوەی ژنان و لاوانە و ڕۆژانە لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە پەخشی خۆی بەزمانی عەرەبی و کوردی دەست پێ دەکات.




‌ژ.ک