وەفدێکی باڵای هەرێم سەردانی بەغداد دەکەن
30/01/2016 نوسەر: bzavpress

وەفدێکی باڵای هەرێم سەردانی بەغداد دەکەن


بڕیارە سبەینێ‌ وەفدی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغداد بكات.

هێمن هەورامی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، سبەینێ‌ یەك شەممە، شاندێكی هەرێم، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد ده‌كه‌ن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، وەفدەکەی هەرێم لە سەردانەکەیدا چاوی بە هەریەکە لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، باڵیۆزی ئەمەریکا و له‌گه‌ڵ ژمارەیەکی ديكه‌ لە بەرپرساندا کۆدەبێتەوە.

سەردانی كردنی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد لە كاتێكدایە كە هەفتەی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و لایەنەكانی هەرێم، مەسعود بارزانی پێشنیاری ئەوەى كردبوو، كە پێویستە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغداد دەست پێبكەنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی بزاڤ پرێس، بڕیاربوو قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەشداری پانێڵی قەیرانی دارایی و ڕێگاكانی چارەسەر بكات لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی، بەڵام بەهۆی سەردانی ئەو شاندەوە بۆ بەغداد نەیتوانیوە بەشدار بێت.

كۆتای ساڵی 2014 هەرێمی كوردستان و بەغداد ڕێككەوتنێكیان لە بارەی هەناردەی نەوتی هەرێم و بودجەی هەرێم ئەنجامدا كە بەپێی ڕێككەوتنەكە هەرێم ڕۆژانە بڕی 550 هەزار بەرمیل بە نەوتی كەركوكیشەوە ڕادەستی بەغداد بكات، لە بەرامبەر بەغداد %17 بودجەی هەرێم بدات.

دواتر حكومه‌تى هه‌رێم له‌ مانگى حوزه‌يرانى ساڵى 2015 به‌شێوه‌ى سه‌ربه‌خۆى ده‌ستى به‌ فرۆشتنى نه‌وت كرد به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداد، تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.




‌ژ.ک