دۆسیەی کچە پارێزەرەکەی شاری هەولێر گەیشت بەکوێ؟
28/01/2016 نوسەر: bzavpress

دۆسیەی کچە پارێزەرەکەی شاری هەولێر گەیشت بەکوێ؟


لەسەر دۆسییەی گیان لەدەستدانی کچە پارێزەرەکەی شاری هەولێر، کوڕێک دەستگیرکراوە کە هاوڕێی بووە لەکاتی خوێندنیدا لە زانکۆ.

لە دوایین دەرکەوتنیدا ناز بە هێواشی لە شوێنی کارەکەی دەچێتە دەرەوە، لە حەوشەکەدا جانتاکەی بە شانەوەیە و مۆبایلەکەیشی بە دەستەوەیە، چەند هەنگاوێک دەڕوات و دەگات بە چەند هاوڕێیەکی خۆی کە لە حەوشەکەدا وەستاون، لێرەدا کامێراکە دادەخرێتەوە.

دوای زیاتر لە ٢٥ ڕۆژ لە گیان لەدەستدانى ناز سڵێمان، هێشتا دۆسێییەکەى بە تەواوى ڕوون نەبووەتەوە.

دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە گیانلەدەستدانى، هیچ کام لەو سەرچاوانەی دەبوو ڕوونکردنەوە بدەن ئامادە نەبوون لێدوان بدەن بە خودی بنەماڵەی ناز خۆشیەوە، بەڵام زانیاریی نوێ دەستخراون.

هەرچەندە پێشتر پۆلیسى هەولێر ڕایگەیاند، ناز خۆى کوشتووە، بەڵام ئێستا کوڕێک دەستگیرکراوە بە تۆمەتی کوشتنی ناز کە لە زانکۆدا پێکەوە هاوڕێ بوون، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ماڵی ناز وتی "دایک و باوک و خوشک و براکانی هیچ گومانێکیان لەو کوڕە نییە و ئامادە نین سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن".

هەندێک لەو کەسانەى بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن، دەڵێن دەستگیرکردنى ئەو هاوڕێیەى سیناریۆیە و نایشارنەوە کە گومانیان لە لێکۆڵینەوەکانى دەزگا پەیوەندیدارەکانى دۆسیەکە هەیە.

بەپێى زانیارییەکان ئەو کوڕەی دەستگیرکراوە مەسیحییەکی دانیشتووی شاری هەولێرە و تێکەڵاوی خێزانی لەگەڵ ماڵی باوکی ناز هەبووە، هەروەها هەرسێ ڕۆژی پرسەکەی لەوێ ئامادە بووە. بۆیە خانەوەدەى ناز دەڵێن ناتوانن باوەڕ بەو تۆمەتە بکەن و دەڵێن لەو ڕووداوەدا بێتاوانە.

دۆسیەی ناز لە پۆلیسی هەولێرەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژی ئافرەتان، بەڵام هیچ لایەکیان ئامادە نین لێدوان بدەن پاساوی ئەوان ئەوەبوو کە هێشتا دۆسیەکە یەکلایی نەبووەتەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەن.

بەڵام چەند سەرچاوەیەک ئاشکرایان کرد بە دەستگیرکردنی ئەو هاوڕێ کوڕەی ناز، دۆسێکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژی ئافرەتان داخراوە. بەڵام کەسوکاری ناز بڕوایان بە هیچ کام لەو قۆناغانەی لێکۆڵینەوەکان نییە کە تائێستا ڕاگەیەندراون بە دەستگیرکردنی هاوڕێکەی نازیشەوە.

بۆ ئەو لێکۆلێنەوانەی دوای دۆزینەوەی تەرمی ناز ئەنجامدراون، سەرچاوەکەی نزیک لە بنەماڵەی ناز دەڵێت پرس و ڕا بە کەسوکارەکەی نەکراوە. بۆیە ئەوانیش هێشتا ئۆتۆمبێل و کەرەستەکانی کچەکەیان وەرنەگرتووەتەوە و ئامادەش نین وەریان بگرنەوە تا بەڵگەی تەواویان دەست دەکەوێت.

لایەنێکی دیکە کە بەم پرسەوە پەیوەندی هەیە ئەویش دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤە لە هەرێم، بەڵام بەرپرسانى دەستەکە ئامادە نەبوون لێدوان بدەن، پاساویشیان ئەوەیە کە بنەماڵەی ناز ئامادە نین سکاڵا لەسەر هیچ کەس و لایەک تۆمار بکەن، بۆیە ناتوانن لە دۆسیەیەکی لەوشێوەیەدا هیچ ڕێوشوێنێک بگرنەبەر.

ئێستا بنەماڵەی کچە پارێزەرەکەی هەولێر چوار دیواری ماڵه‌که‌یان به‌ وێنه‌کانی داپۆشیوه‌، تەنیا شتێک کە بە ڕوون و ڕەوانی دەیڵێن ئەوەیە "حەقی کچە ستەم لێکراوەکەیان دەدەنە دەستی خوا". هەروەها ئەوە دوپاتدەکەنەوە کە نە خۆیان و نە کچەکەیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا کێشەیان نەبووە، بۆیە لە پرسێکی وادا چاوەڕوانن دادگا و پۆلیس بکوژی ڕاستەقینەی کچەکەیان بۆ ئاشکرا بکات چونکە خۆیان ناتوانن گومان لە هیچ کەسێک بکەن، وەک خۆیان دەڵێن.

ڕۆژی ٣ ی کانووی ٢٠١٦ لە گەڕەکی دریم سیتی لە شاری هەولێر تەرمی ناز سلێمان دۆزرایەوە و پۆلیسى هەولێریش ڕۆژی ٧ ى کانوونی دووەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەو پارێزەرە خۆی کوشتووە و هیچ کەسێک نەیفڕاندووە و نەیکوشتووە.

هەروەها پۆلیس گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە لە ٦ خولەک و ٣٠ چرکە پێکهاتبووە و تیایدا ئوتومبێلێکی سوور دەردەکەوت کە ئۆتۆمبێلی کچە پارێزەرەکە بوو.




‌سەرچـاوە:NRTTV
‌ژ.ک