18/01/2016
•
نوسەر: bzavpress
•
حکومەت هەڕەشە لە دوو پەرلەمانتار دەکات
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، راگەیاندراوێک لەبارەی لێدوانی ھەردوو پەرلەمانتار سۆران عومەر و عەلی حەمەساڵح بڵاودەکاتەوەو تێیدا قسەکانی ئەو دوو پەرلەمانتارە لەسەر فرۆشی نەوت و داھاتەکەی، بە چەواشەکارانەو مەترسی خستنەسەر ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان ناودەبات، ھەڕەشەی ئەوەش دەکات لە حاڵەتی بەردەوامیی ئەم کردارە نابەرپرسانەدا، دەزگا پەیوەندارەکانی حکومەت ھەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ دووبارەنەبوونەوە و ڕێگرتن لەو مەترسیانە دەگرنەبەر.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە ...
لە بڵاوکراوەیەکی ھاوبەشی پڕ لە چەواشەکاریدا، ھەردوو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان عەلی حەمە ساڵح لە لیستی گۆڕان و سۆران عومەر لە لیستی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەربارەی فرۆشی نەوت و داھاتەکان و خەرجییەکانی پێشمەرگە، تەواو بە نەفەسی ھاندان و ورووژاندن و تێکدانی فەزای گشتی، ژمارە و حیساباتی بێ بنەمای خەیاڵییان بڵاو کردووەتەوە، بێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەکیش بۆ خەیاڵ و ھۆنینەوەکانیان بھێننەوە، نابەرپرسانە کەوتوونەتە قۆزتنەوەی دۆخی سەختی داراییی ھەرێم بۆ ئەوەی بە مەرامی سیاسی لە دژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەکاری بھێنن.
لەو بڵاوکراوە چەواشەکارییەدا ھاتووە کە خەرجییەکانی شەڕی داعش بۆ ساڵی ٢٠١٥ تەنھا (٢٠) ملیار دینارە، لە کاتێکدا تەنھا مووچەی کەرتی پێشمەرگە و ئاسایش بۆ یەک مانگ (٣٢٠) ملیار دینارە کە ئەگەر (٩) مانگی ساڵی ٢٠١٥ ئەژمار بکەین، ئەوا بۆ ساڵی ٢٠١٥ حکومەتی ھەرێم بڕی دوو تریلیۆن و ھەشت سەد و ھەشتا ملیار دیناری بۆ مووچە خەرج کردووە. ئەمە جگە لە خەرجکردنی بڕی (١٠٤) ملیار دینار بە بڕیاری ئەنجومەنی ھەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز لە داھاتی نەوت، کە ساڵی ٢٠١٤ بڕی (٥٢) ملیار و (٢١٠) ملیۆن دیناری لێ خەرج کرا و ساڵی ٢٠١٥ بڕی (٣١) ملیار و (٧٩٠) ملیۆن دیناری لێ خەرج کرا، سەرەڕای ئەوەی کە بودجەی بەکاربردنی مانگانەی پێشمەرگە و ئاسایش جگە لە مووچە، (٣٠) ملیار دینارە کە بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەگاتە (٣٦٠) ملیار دینار.
سەرباری ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە دەرەوەی تەرخانکراوی مانگانەی پێشمەرگە و ئاسایش بڕی (٢٠) ملیار دیناری دیکەی لە ساڵی ٢٠١٥دا خەرج کردووە، ئەمە بێجگە لە تێچووی دابینکردنی سووتەمەنی لە بەنزین و گاز و نەوتی سپی بۆ بەرەکانی شەڕی دژ بە داعش کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دابین کراوە لە دەرەوەی ئەو (٣٠) ملیار دینارەی مانگانەی بودجەی بەکاربردنی پێشمەرگە و ئاسایش. ئەمانە ھەمووی وێڕای تێچووی ئەو خزمەتگوزارییانەی لەلایەن وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاوەدانکردنەوە و وەزارەتی تەندروستی و دەزگای مینەوە پێشکەش بە بەرەکانی شەڕ دژی داعش کراوە.
ئەم زانیارییانە لە کۆبوونەوەیەکی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ لیژنەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکان و یاسایی و پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان و نوێنەری چەند فراکسیۆنێکی پەرلەمان، لەلایەن بەڕێز وەزیری دارایی و ئابوورییەوە بە ڕاپۆرتێک خرایە ڕوو.
ھاووڵاتیانی کوردستان دەزانن کە ھۆکارەکانی قەیرانی دارایی، بڕینی بودجەی ھەرێم، شەڕی داعش، دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت و بوونی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان، تێکڕا بوونەتە ھۆکاری دروستبوونی قەیرانی دارایی و بە ھەموو شێوەیەک داھات لە خەرجی زۆر کەمترە، کەچی ئەو دوو پەرلەمانتارە، ئازار و مەینەتییەکانی ھاووڵاتیان کە دەرھاویشتەی دۆخەکەن، دەقۆزنەوە و وێڕای ئەوەی دەستیان بە ھەموو داتا و ژمارەکان دەگات، بێ ئەوەی بۆ ڕاستی و دروستیی ئەو ژمارە و داتا خەیاڵییانە پرسیاری لایەنە پەیوەندارەکان بکەن، دێن درۆی شاخدار و چەواشەکاریی بێ بنەما بڵاو دەکەنەوە.
لە کاتێکدا کە پێشمەرگە قارەمانەکان ڕۆژانە بە گیان و خوێنیان بەرگری لە کوردستان دەکەن و شەھید دەبن، بەردەوامی لەم جۆرە کار و ڕەفتارە نابەرپرسانە، دەبێتە ھۆی تێکدانی مۆرال و فەزای گشتی و نانەوەی پشێوی و تێکدانی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، ھەروەھا ئاسایشی نەتەوەییی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە لە حاڵەتی بەردەوامیی ئەم کردارە نابەرپرسانەدا، دەزگا پەیوەندارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندیی باڵای وڵات دەخەنە سەرووی ھەموو شتێکی دیکەوە، سڵ ناکەنەوە و ھەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ دووبارەنەبوونەوە و ڕێگرتن لەو مەترسیانە دەگرنە بەر.
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
١٨/١/٢٠١٦
ژ.ک