18/01/2016
•
نوسەر: bzavpress
•
ڕاگەیاندراوێکی تووند لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە
فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان سەبارەت بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستانی بە یاساشکێنی و سزادانی خەڵک تۆمەتبارکرد.
فراكسیۆنی گۆڕان بە ئاماژەکردن بە هەوڵەکانیان رایگەیاندووە "ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته تاكلایه‌نه‌كه‌ی پارتی به ئه‌نقه‌ست ملنادات بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خه‌ڵك و جێبه‌جێكردنی داواكانی مامۆستایان، فه‌رمانبه‌ران، كه‌سوكاری شه‌هیدان و هێزی پێشمه‌رگه".
فراكسیۆنی گۆڕان بڕیاری حکومەت بۆ دابەشکردنی نیومووچەی مامۆستایان بە "سزایەکی نوێ بەسەر هاووڵاتیان و فەرمانبەران" ناودەبات و دەڵێت"لەوە دڵنیاین له هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافیه‌ت بنهبڕبكرایه، دۆخەکە نه‌ده‌گه‌یشتینه ئه‌م ئاسته له قه‌یران و ئێستاش ده‌تواندرا پێداویستییه‌كانی خه‌ڵك و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكرایه".
فراکسیۆنی گۆڕان داوای وەرگرتنی هەڵوێستی هاوبەش لەو هێزە سیاسییانە دەکات کە خۆیان بە هاوخەمی خەڵک دەزانن و رایدەگەیێنێت: "پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازی نیشتمانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هاوبه‌ش بخرێتەگەڕ تا ببێتە رێگر له‌به‌رده‌م سیاسه‌تی تاكڕه‌وانه‌ی پارتی له فه‌رمانڕه‌وایی دا".
دەقی بەیاننامەكە:
به‌یاننامه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی كوردستان
پارتی ده‌یه‌وێت خه‌ڵك و هێزه سیاسیه‌كان ڕابهێنێت له‌گه‌ڵ زوڵم، یاسا شكێنی، سزادانی خه‌ڵك.
له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، به تایبه‌ت له سه‌ره‌تای قه‌یرانی داراییه‌وه تاكو ئێستا، به به‌رده‌وامی ڕه‌خنه‌و پڕۆژه‌و هه‌ڵوێستمان له‌باره‌ی شێوازی مامه‌ڵه‌كردن و ناشه‌فافیه‌ت و گه‌نده‌ڵی له بواری دارایی و ئابووری هه‌رێمدا هه‌بووه، به دیاریكراوی داهاتی نه‌وت و گاز، ئه‌وه‌مان ڕاگه‌یاندووه كه ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته تاكلایه‌نه‌كه‌ی پارتی به ئه‌نقه‌ست ملنادات بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خه‌ڵك و جێبه‌جێكردنی داواكانی مامۆستایان، فه‌رمانبه‌ران، كه‌س و كاری شه‌هیدان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، كه له سه‌نگه‌ری به‌رگریدا شه‌ونخونی ده‌كێشن بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیمان.
له‌دوا بڕیاری حكومه‌ت بۆ دابه‌شكردنی مووچه، سزایه‌كی تازه‌یان به‌سه‌ر هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌راندا سه‌پاندووه، ئه‌ویش بڕیاری نیو مووچه‌یه، چونكه دڵنیاین له‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافیه‌ت بنهبڕبكرایه نه‌ده‌گه‌یشتینه ئه‌م ئاسته له قه‌یران و ئێستاش ده‌توانرا پێداویستیه‌كانی خه‌ڵك و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكرایه.
ئێمه فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نیو مووچه‌یی نیشانه‌ی فه‌شه‌ل‌و شكستی به‌ڕێوه‌به‌رانی حكومه‌ته‌و درێژه‌دانه به بردنی سامانی خه‌ڵك‌و فریودانیان. بۆیه داواده‌كه‌ین : یه‌ك، ئه‌و هێزه سیاسیانه‌ی له ئاست قه‌یرانه‌كاندا بیركردنه‌وه‌یان لێكنزیكه و خۆیان به هاوخه‌می خه‌ڵك ده‌زانن، بانگیان ده‌كه‌ین بۆ ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌ش.
دوو، بانگی ئه‌و هێزه سیاسیانه ده‌كه‌ین بۆ خستنه‌گه‌ڕی پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازی نیشتیمانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هاوبه‌ش، كه‌له هه‌مانكاتدا ببێته ڕێگر له‌به‌رده‌م سیاسه‌تی تاكڕه‌وانه‌ی پارتی له فه‌رمانڕه‌وایی و پێشێلكارییه گه‌وره‌كانی له ئاست دامه‌زراوه شه‌رعیه‌كانی نیشتیمان، چونكه پارتی به‌م هه‌نگاوانه‌ی، ده‌یه‌وێت خه‌ڵك و هێزه سیاسیه‌كان ڕابهێنێت له‌گه‌ڵ زوڵم ، یاسا شكێنی و سزادانی خه‌ڵك.
فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان
18/1/2015
ژ.ک