نوێترین زانیاری لەسەر کەمکردنەوەی مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران
17/01/2016 نوسەر: bzavpress

نوێترین زانیاری لەسەر کەمکردنەوەی مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران


بەھۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوتەوە، حکومەتی ھەرێم بڕیاریداوە موچەی فەرمانبەران کەمبکاتەوە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیش رایدەگەیەنێت: کەمکردنەوەکە موچەی مانگی ئەیلول ناگرێتەوە، بەڵام لە مانگی دواتر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەک لەنێوان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیری پەروەردە، یەکێتی مامۆستایان و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەکان، لەشاری ھەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا باسی قەیرانی دارایی و موچەی وەزارەتی پەروەردە کرا.

دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند:"لەو کۆبوونەوەیەدا حکومەت زۆر بەڕاشکاوی پێیڕاگەیاندنین کە ناتوانن ١٠٠%ی موچە دابەش بکەن، لەو ڕووەشەوە چەند پێشنیازێک خرایەڕوو کە حکومەت تاوتوێی دەکات و دەیکات بەبڕیار".

وتیشی: "بەڵێن درا لەم ھەفتەیەدا موچەی مانگی ئەیلولی وەزارەتی پەروەردە بەبێ ھیچ کەمکردنەوەیەک دابەشبکرێت، بەڵام بۆ موچەی مانگەکانی دیکە، حکومەت ناتوانێت ١٠٠% ی موچە بدات".

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ئەوەشی رەتکردەوە کە دەرماڵەی مامۆستایان ببڕێت و وتی: "حکومەت لەکۆی موچە کەمدەکاتەوە، بەڵام ئەو کەمکردنەوەیەش بەگوێرەی ئاستەکان دەگۆڕێت، ئێمە پێشنیازمان کردووە کەمترین بڕین لە وەزارەتی پەروەردە بێت".

وتیشی: "داوامان کردووە وەزارەتی پەروەردە دواین وەزارەت بێت کە موچەکەی کەمبکرێتەوە".


ژ.ک