بەپێی دواین راپۆرتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی کە رۆژی ٢١ی کانوونی یەکەم بڵاوکرایەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن کۆچبەر لە ساڵی ٢٠١٥ دا روویان کردووەتە ئەوروپا. دکتۆر دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند بەپێی بە دواداچوون بۆ ئەو ئامارانەی کە لە لایەن رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بڵاوکرایەوە دەرکەوتووە لەو عێراقیانەی کۆچیان کردووە ژمارەیەکی کەمیان کوردن کە لە باشوورەوە روویان کردووەتە ئەوروپا.
زێباری کەمی ژمارەی کۆچکردنی لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە عێراق و وڵاتانی دیکە گێڕایەوە بۆ ئەو پێکەوە ژیانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و گوتی " بەهۆی ئەو زەمینەی پێکەوە ژیانەی کە لە کوردستاندا رەخساوە بۆ هەموو کەمایەتیە ئاینیەکان، ژمارەیەکی کەم لەم خەڵکە بیر لە جێهێشتنی کوردستان و کۆچکردن بەرەو ئەوروپا دەکەنەوە".
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا کە بە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دراوە سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە رێکخراو، کەسایەتی و سیاسەتمەدارانی جیهانی کە سەردانی کوردستانیان کردووە گەواهیدەری ئەو پێکەوە ژیانەن کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، چونکە سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی رووبەرووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە حکومەتی هەرێم باوەشی بۆ نزیکەی (2) ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کردووەتەوە و هاتنیان بەردەوامە ئەمە لە کاتێکدا کە وڵاتانی دەوروبەری عێراق و سوریا بە ئاشکرا رایانگەیاندووە ناتوانن چیدیکە پەنابەر وەربگرن.
لە لایەکی دیکەشەوە زیادبوونی ژمارەی عەرەب و کریستیانەکان بەتایبەت کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا لە هەرێمی کوردستان پاش هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ ئەوەی کە پێکەوە ژیان وەک چۆن لە رابردوودا لە هەرێمی کوردستان هەبووە ، بەردەوامە. زێباری رایگەیاند:"لە ئێستادا 657هەزار و 700 عەرەب و 67 هەزار و 790 کریستیان لە هەرێمی کوردستان دەژین".
لە راپۆرتەکەی ئای ئۆ ئێمدا هاتووە، لە کۆی ملیۆنێک و پێنج هەزار و پێنجسەد و چوار کەس کە گەشتوونەتە ئەوروپا هەشت سەد هەزاریان لە تورکیاوە گەیشتوونەتە ئەورووپا کە 445 هەزاریان کۆچبەری سوورین، هەروەها زیاتر لە 186 هەزار کۆچبەریش ئەفغانین. بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 50% لە کۆچبەرەکان سوورین ، 20%یان ئەفغانی و 7%یان عێراقین، بەڵام ئاماژە بەو کۆچبەرانە نەکراوە کە لە وڵاتانی باڵکانەوە روودەکەنە ئەوروپا و ئامارێکی وردو دروست لەبەردەستدا نیە بۆ ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە ئەوروپا.
سەبارەت بەو ئێزدیانەی کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون دکتۆر دیندار دەڵێت:"لە یەکەم رۆژی رفاندنی خوشک و برا ئێزدیەکانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستەوە هەوڵەکانی خۆی دەستپێکرد بۆ رزگارکردنیان لەژێر دەستی داعش و بەپێی دواین ئامارەکان بەشێکی زۆر لەو ئێزیدیانەی کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون ئێستا رزگارکراون و گەڕاونەتە ناو بنەماڵەکانی خۆیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان. لە دواین ئاماریشدا ئاماژە بەوە کراوە لە کۆی 5838 کەس کە رفێنراون 2302 کەسیان رزگارکراوە.