خوێندنى ئێواران لە زانکۆ حکومیەکان دەکرێتەوە
11/01/2016 نوسەر: bzavpress

خوێندنى ئێواران لە زانکۆ حکومیەکان دەکرێتەوە


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێنمایی پێدانی نازناوی زانستی پەسند دەكات و بڕیار لە كردنەوەی خوێندنی ئێواران لە زانكۆ حكومیەكان دەدات بە پارەیەكی كەمتر لە زانكۆ ئەهلیەكان و بڕیاریش درا بە نەهێشتنی (3) نمرەی خوێندكارانی دەرچووی 12ی ئامادەیی.

لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی-دا، كە ئەمڕۆ دوو شەممە بە سەرپەرشتی د. یوسف گۆران ؛وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ بەڕێوەچوو، ڕێنمایی پیدانی نازناوی زانستی پەسندكرا، هەروەك گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان كرا، بۆ ئەوەش چەند بڕیارێكی گرنگ دران.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، كە وێنەیەكی بۆ (بزاڤ پرێس) نێردراوە، د.یوسف گۆران ڕایگەیاندووە، هەرێمی كوردستان وەك هەموو ئەو وڵاتانەی، كە بۆ دابینكردنی داهاتەكانیان پشت بەنەوت دەبەستن ڕووبەڕووی قەیرانیكی دارایی سەخت بۆتەوە، ئەوە جگە لەشەڕی داعش، كە بارگرانیەكی گەورەی خستۆتە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە دەبێت هەموو هەولێك بدەین بۆ ئەوەی بەیەكەوە كار بكەین بۆ زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجیەكان بەشێوەیەك زانكۆكان بتوانن بەردەوامی بەپرۆسەی خوێندن بدەن و لەهەمان كاتدا ببنە سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتیش بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاماژەی بەڕێنمایی پیدانی نازناوی زانستی كرد و ڕاگەیاند، یەكێك  لە ئەركەكانی وەزارەت بەپێی یاسای وەزارەت بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی زانكۆكانە، بۆیە وەك وەزارەت هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتی خوێندن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانست زانكۆكان.

وتیشی: "یەكێك لەو ڕێگەیانە پێدانی نازناوی زانستیە، بەشێوەیەك دەبێت نازناوی زانستی بدرێت بەو كەسانەی شایەنی ئەوەن ببتە مامۆستایی زانكۆ و خۆیان بۆ بوارەكە تەرخان بكەن و زانكۆ بەرەوپێشەوە ببەن".

ڕاشگەیاند، خۆشبەختانە دوای ئەوەی لەلایەن لێژنەیەكی باڵاوە ڕێنماییەكانی پێدانی نازناوی زانستی ئامادەكرا، ئەمڕۆ دەیخەینە بەردەست ئەندامانی ئەنجومەن بۆ پەسندكردنی.

 لەو چوارچێوەیەشدا دوای ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی لایەنەكانی ڕێنماییەكە كرا، لەگەل زیادكردنی چەند پیشنیازێك ڕێنمایی پێدانی نازناوی زانستی خرایە دەنگدانەوە و پەسند كرا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی خوێندن بەشێوەی سیستمی پارالێڵ كرا، لەو چوارچێوەیەشدا دوای ئەوەی گفتوگۆ لەسەر لایەنەكانی سیستمی پارالێڵ كرا، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بەكردنەوەی سیستمی پارالێڵ بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦) و زانكۆكانیش سەرپشك كران لە كردنەوەی ئەو شێوازی سیستمی خوێندن لەبەشەكانی زانكۆكانیان بەشێوەیەك بۆ هەر بەشێك نابێت ڕێژەی وەرگرتن لە (١٠%) پلانی پەسندكراو تێپەڕ بكات.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی كردنەوەی خوێندنی ئێواران لە زانكۆكانی حكومی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٥-٢٠١٦) كرا، بۆ ئەوەش دوای ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیارەكەی پەسند كرد، بەشێوەیەك زانكۆكان ڕاستەوخۆ فۆرمی وەرگرتن دابەش بكەن و دواتر بەرزی بكەنەوە بۆ وەزارەت.

سەبارەت بەو بەشانەی، كە خوێندنی ئێوارانی لێ دەكرێتەوە، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند، لە كردنەوەی هەر بەشێكدا دەبێت ڕەچاوی كواڵیتی خوێندن و پێداویستی بازاری كار بكرێت و كرێی خوێندنیش بەڕێژەی لە (٣٠%) لە زانكۆ تایبەتەكان كەمتر بێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بەنەهیشتنی پێدانی (٣) نمرە بەدەرچوانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی، ئەوەش ڕونكرایەوە ئەو بڕیارە لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧) بەسەر خوێندكارانەدا جێبەجێ دەكرێت، كە قۆناغی (١٢)ی ئامادەیی تەواو دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجیەكان كرا، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاری پێویست درا.