06/01/2016
•
نوسەر: bzavpress
•
"یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی" وەڵامی ئەمینداری یەکگرتوو دەدەنەوە
سێ فراكسیۆنی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو دەدەنەوە و رایدەگەیێنن: "كاتی گفتوگۆكردن لە سەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2016 تەنیا یەك پەرلەمانتاری یەکگرتوو ئامادەی دانیشتنەکە بووە". راشیدەگەیێنن:"ئەوە غیابی روئیا وستراتیژی بەشێك لە قیادەی ئەحزابی كوردییە كە دۆخەكەیان بە ئەمڕۆ گەیاندووە، نەك ناكارایی و نا ئامادەیی نوێنەران".
ئەمڕۆ چوارشەممە 6-1-2016 هەر سێ فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە روونكردنەوەیەك وەڵامی محەممەد فەرەج ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەدەنەوە.
لە روونكردنەوەكەدا ئەو سێ لایەنە دەڵێن:"لە كاتێكدا نیگەرانین لە وتەكانی و لە بەكەمگرتنی رۆڵی نوێنەران لەلایەن بەڕێز مامۆستا محەممەد فەرەجەوە، پێمانوایە پێویست بوو بەڕێزیان لە وردەكاری ئەو گفتوگۆیانە و ئەو هەوڵانەی بپرسیایە و دەستخۆشی لە تێكڕای نوێنەرانی كورد بكردایە".
لە بەشێكی دیكە روونكردنەوەكدا هاتووە: "پێمانوایە راستە لە كاتی گفتوگۆكانی بودجەدا جگە لە (د.جەمال كۆچەر) كەسی دیکە ئامادە نەبووە لە فراكسیۆنی یەكگرتوو، بۆیە جەنابی مامۆستا دەكرا بگەڕایەتەوە بۆ د.جەمال كۆچەر تاكە پەرلەمانتاری یەكگرتوو كە لە نزیكەوە ئاگاداریی هەوڵەكان بووە، واشی نابینین دكتۆر جەمال ئەو شایەتییەی بۆ ماندووبوونی نوێنەرانی كورد نەدابێت".
لە روونكردنەوەی یەكێتی، گۆڕان و كۆمەڵدا هاتووە:"ئەوەی نوێنەرانی كورد كردوویانە ئەركە و هیچ منەتێكی تێدا نییە، بەڵام گرنگە راستییەكان روونبن، سەبارەت بە رۆڵ و سەنگی كوردیش كە ئەمڕۆ لە بەغدا كەمبووەتەوە و كاڵبوەتەوە كە بە شێكی دیکەی قسەكانی مامۆستایە، ئەوە غیابی روئیا وستراتیژی بەشێك لە قیادەی ئەحزابی كوردییە كە دۆخەكەیان بە ئەمڕۆ گەیاندووە، نەك ناكارایی و نا ئامادەیی نوێنەران".
د.جەمال كۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووە ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە لە كاتی گفتوگۆكردن لە سەر بودجە تاكە پەرلەمانتاری یەكگرتوو بووە لە بەغدا.
جەمال کۆچەر رایگەیاند:"ئێمە چوار پەرلەمانتارین خوشكە ئاسیا حاجی، نەشتەگەری بە پەلەی بۆکرا و هەفتەیەك بوو مۆڵەتی وەرگرتبوو، د.موسەننا ئەمین بە ئیفادی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمان لە ئەندەنووسیا بوو، كاك عادل نووریش بە ئیفادی لیژنەی دەستپاكی لە ئیتاڵیا بووە، یەعنی هەموو ئەو بەڕێزانە پاساویان هەبووە كە ئامادەی دانیشتنەكە نەبوونە، نەك لە خۆرا ئامادە نەبووبن".
د.جەمال كۆچەر نیگەرانی خۆشی لەو روونكردنەوەو وەڵامدانەوەی نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەربڕی و گوتی:"لە سیاسەتی حیزبە كوردستانییەکان زۆر نیگەرانم هەر خەریكی یەكدی ناشیرین كردنن، ئەگەرچی كاتێك ئەمینداری یەكگرتوو حەق بە خۆی دەدات قسەبكات، دەبێت حەق بە لایەنی دیكەش بدات قسە بكات".
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە هەڤپەیڤینێكی تەلەڤزیۆنی رەخنەی لە پەرلەمانتار و وەزیرە كوردەكان لە بەغدا گرتبوو كە كارەكانی خۆیان بۆ ناكرێت و تەنیا سەرقاڵی ئیفاد و سەفەرن.
ژ.ک