03/01/2016
•
نوسەر: bzavpress
•
پۆلیسی هەڵەبجە ئاماری کێشە و سەرپێچییەکانی ساڵی ۲۰۱٥ـی بڵاوکردەوە
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ئەمڕۆ ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کێشە و سەرپێچیەکانی پارێزگای هەڵەبجەی خستەڕوو.
نەقیـب بەرزان عوسمان وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند:"کێشەکانی خێزان لە پارێزگای هەڵەبجە لە ٢٠١٥دا خۆسوتاندنی ژنان پێنج حاڵەت بووە و توندوتیژی دژی ژنان ٦٥ حاڵەت، توندوتیژی خێزانی ١٠٥ حاڵەت و هاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگا ٣٧ حاڵەت بوون".
وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لە بەشێکی دیکەی کۆنگرەکەدا ئاماری ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون لە پارێزگاکە خستەڕوو:" تیایدا هات کە ٤١٠ پیاو و ٧٦ نەوجەوان و هەشت ژن بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیرکراون".
لە درێژەی کۆنگرەکەدا ئاماری چەند کێشەیەکی دیکەی پارێزگاکەی بڵاوکردەوە لەوانە "دەستوەردان لە کاروباری دادگا ٢٧ حاڵەت و سواڵکردن دوو حاڵەت و زەوتکردنی بەڵگە و سامان دوو حاڵەت و ئاگر و تەقەمەنی ١١ حاڵەت و ساختەکاری پارە و سەنەدات یەک حاڵەت و شاردنەوەی کەلوپەلی دزراو ٢٠ حاڵەت و تێکدانی عەقارات و گواستنەوەی سنور ٣٠ حاڵەت و سەرپێچی یاسای پاسپۆرت ٣ حاڵەت و لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەبێ مۆڵەت سێ حاڵەت و سوتاندنی ئۆتۆمبێل یەک حاڵەت و دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندانی هاتوچۆ سێ حاڵەت بوون".
وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لە کۆتای کۆنگرەکەدا وتی:" کۆی گشتی ئەو کێشانەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمارکراوە دوو هەزار و ٣٧٨ کێشە بووە بەڵام کۆی گشتی کێشەکان لە ساڵی ٢٠١٥ بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە بۆ هەزارو ٩٩٢ کێشە."