پارێزگاری هەڵەبجە بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی تایبەت بە پارێزگاکەی دەکات
03/01/2016 نوسەر: bzavpress

پارێزگاری هەڵەبجە بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی تایبەت بە پارێزگاکەی دەکات


پارێزگاری ھەڵەبجە بەمەبەستی بەداواچوون بۆ چەند پرسێکی تایبەت بە پارێزگاکەی، سەردانی ئەنجومەنی وەزیران دەکات و راشیدەگەیەنێت: بەمنزیکانە فەرمانی بوون بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ سەرجەم ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە دەردەچێت کە تائێستا فەرمانیان نییە.

عەبدوڵڵا نەوڕۆڵی، پارێزگاری ھەڵەبجە لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، لەلێدوانێکدا بە بزاڤ پرێسی راگەیاند:" پێنج بەڕێوەبەرایەتی لەسنوور پارێزگای ھەڵەبجە، کە بریتین لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی (پەروەردە، رۆشنبیری، کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، وەبەرھێنان و تەندروستی)، فەرمانیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکانی (کشتوکاڵ، کارەبا، شارەوانی، ئاوەدانکردنەوەو رێگەوبان، ئەوقاف و کاروباری ئاینی) تائێستا فەرمانی بوون بەبەڕێوەبەراتیان بۆ دەرنەچووە".

سەبارەت وادەی دەرچوونی فەرمانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەش، عەبدوڵڵا نەوڕۆڵی وتی: "ھەفتەی رابردوو لەئەنجومەنی وەزیران بووم، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێی راگەیاندم کە بەمنزیکانە فەرمانی بوون بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەش دەردەچێت، چونکە لەلایەن وەزارەتەکانەوە نوسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیران کراوە".

لەبارەی درەچوونی فەرمان بۆ ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ھاتوچۆ، پارێزگاری ھەڵەبجە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییە نابنە گشتی و تەنھا وەک بەڕێوەبەرایەتی دەمێننەوەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانیان لەھەولێر دەبێت".

پێشتر نزار مەحموود باژێڕوانی مەکۆی هەڵەبجەی بزووتنەوەی گۆڕان بە بزاڤ پرێسی وتبوو ئەوان وەک گۆڕان دان بە حکومەتی ھەرێمدا نانێن و بە ناشەرعیی دەزانن.

ژ.ک