02/01/2016
•
نوسەر: bzavpress
•
دوو ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەکەی قەزای سەیدسادق تێپەڕدەبێت و قایمقامیش دەنگۆیەک ڕەتدەکاتەوە
قائیمقامی قەزای سەیدسادق لەبارەی پێداویستی و داواکانی خۆپیشاندەرانی قەزاکە کە ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەریدا تێپەڕدەبێت، ڕایدەگەیەنێت کە دوو داواکاری سەرەکیان جێبەجێنەکراوە و ڕەتیشیدەکاتەوە کە ھێزە ئەمنییەکانیان خستبێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
دیاری ڕەفیق قائیمقامی قەزای سەیدسادق بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند:"ئەمڕۆ ھیچ جۆرە چالاکی و خۆپیشاندانێک بەبۆنەی ساڵیادی خۆپیشانەکەی سەیدسادقەوە بەڕێوەنەچوو، بارودۆخی شارەکەش ئارامە".
ئاماژەی بەوەشدا کە ھیچ کەس و ڕێکخراو و لایەنێک داوای وەرگرتنی مۆڵەتی خۆپیشاندانیانی نەکردوە، "بەڵام ڕۆژی ٥ شوبات لەکۆلێژی سەیدسادق یادی شەھید بڕیار دەکرێتەوە".
لەبارەی ئەگەری خۆپیشاندان و ئامادەکاری ھێزە ئەمنییەکان، وتی:" ھێزە ئەمنییەکان لەئەرکدان، بەڵام نەخراونەتەوە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئەگەری ئەنجامدانی خۆپیشاندان.
سەبارەت بەجێبەجێکردنی داواکارییە گرنگەکانی خۆپیشاندەرانیش دەڵێت:"ئەو داواکارییە گرنگانەی خۆپیشاندەران کەتائێستا جێبەجێنەکراوە، بریتییە خەرج نەکردنی بڕی ٤٠ملیار دیناری ئەنجومەنی وەزیران کەبەھۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیراوە، ھەروەھا بەپێی پێویستی شارەکەش دامەزراندنی ژمارەیەک لەدەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان کەدەبوو بکرایە، ئەویش جێبەجێنەکراوە".
ژ.ک