پەیامێکی تووند لە بزووتنەوەیی ئیسلامییەوە
31/12/2015 نوسەر: bzavpress

پەیامێکی تووند لە بزووتنەوەیی ئیسلامییەوە


بزوتنەوەی ئیسلامی ھەڵوێستی خۆی ئاشکراکرد سەبارەت بەئەگەری فرۆشتنی چەند وەزارەتێک بەکەرتی تایبەت، ڕاشیدەگەیەنێت، نابێت بەناوی چاکسازیەوە حکومەت ڕاستەوخۆتر لەجاران بکەوێتە دەست کۆمپانیا حزبیەکان، دەشڵێت:"ئەگەر ئەوە ڕویدا، مانایەک بۆ بونی حکومەت نامێنێتەوە"، داوا لەخەڵکیش دەکات ڕوبەڕوی حکومەت ببنەوە.

بەگوێرەی وتەی چەند پەرلەمانتارێک، حکومەتی ھەرێم بەنیازە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی، چەند ھەنگاوێک بنێت، یەکێک لەوانەش دەستبەرداربونێتی لەچەند سێکتەرێک بۆئەوەی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوەببرێن، بەگوێرەی زانیارییەکانیش، ژمارەیەک پێشنیاز لەوبارەیەوە پێشکەش بەئەنجومەنی وەزیران کراوە کە ژمارەیەک وەزارەت بدرێن بەکەرتی تایبەت.

لەو ڕوەشەوە د.شوان قەڵادزەیی سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان دژی ئەو ھەنگاوەیەو دەڵێت:"نابێت حکومەت بەناوی چاکسازییەوە وەزارەتەکانی کارەباو تەندروستی و ئەوانی تر بفرۆشیت یاخود بیانکاتە کەرتی تایبەت و بەکۆمپانیا زەبەلاحەکانی حزبیان بفرۆشێت".

چونکە وەکو د. شوان لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە، "بەوھۆیەوە تەنھاو تەنھا ھاوڵاتیانی کوردستان زەرەرمەند دەبن و حکومەتیش دەبێتە بازرگان و مانایەک بۆبونی نامێنێتەوە".

د. شوان ئەوەش ناشارێتەوە کە ئەو ترسی ھەیە لەوەی بەناوچی چاکسازییەوە حکومەت ڕاستەوخۆتر لەجاران بکەوێتە دەستی کۆمپانیا حزبیەکانەوە.

دەشڵێت:"ئەگەر چاکسازی ڕاستەقینە لەسیستمی سیاسی و گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ پپَش ١٢ی ئۆکتۆبەر دەستپێنەکات و سێکتەرەکانی نەوت و خاڵە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیاکان و سێکتەرەکانی خانەنشینی سەربازی و ئەوانی تر چاکسازییان تێدانەکرێت، بەدور نازانرێت حکومەت توشی داڕمان و ڕوخان بێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی باسی چاکسازیەکەی حکومەت دەکات، لەوڕووەشەوە ھۆشداریدەدات و دەڵێت:"بڕینی دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەلایەن حکومەتەوە لەژێر ھەرپاساوێکدابێت کارێکی نابەجێیەو مایەی قبوڵکردن نییە".

لەو ڕوەشەوە بزوتنەوەی ئیسلامی پەیامێک ئاراستەی ھاوڵاتیان دەکات و دەڵێت:"ئەگەر حکومەت ویستی دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەران کەمبکاتەوە یان موچە کەمبکاتەوە، پێویستە ھەموان بەتوندی بەگژیدا بچنەوەو چیتر موچە دەستاو دەستی پێنەکرێت".

لەبارەی پرۆسەی خوێندنیشەوە د. شوان ھۆشداریی بەحکومەت دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر چیتر موچەی مامۆستایان دوابکەوێت، بەدڵنیاییەوە بایکۆتکردنی دەوام و پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکات، "بەوھۆیەشەوە دۆخی ئارامی و دەرونی تەواوی خانەوادەکانی کوردستان دەشڵەژێت و بنەماکانی مانەوەی ئەم حکومەتە لەرزۆک و لەقتر دەبێت".