میدیایی یەکێتی گومانیان لەمردنی سێ سەرکردەی دیاری ناو پارتی هەیە
30/12/2015 نوسەر: bzavpress

میدیایی یەکێتی گومانیان لەمردنی سێ سەرکردەی دیاری ناو پارتی هەیە


میدیای فەرمی یەكێتی راپۆرتێك لە سەر گیانلەدەستدانی بەرپرسانی پارتی بڵاودەكاتەوە و دەڵێ‌:" لەماوەی چەند مانگی رابردوودا سێ كەسایەتی ناسراوی ناو پارتی گیانیان لەدەستداوە، كە هەریەك لەوانە لە رووداوێكی تەمومژاویدا بووە و بەئاشكرا هۆكاری گیان لەدەستدانەكانیان تاوەکو ئێستا دیارنییە".

رۆژی چوارشەممە 30-12-2015 ماڵپەری pukmedia كە زمانحاڵی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، راپۆرتێك لە سەر مردن و خۆكوشتنی بەرپرسانی سەربازی و سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاودەكاتەوە و رووداوەكان بە تەمومژاوی وەسف دەكات، لە كاتێكدا دیار نییە لەم كاتەو بۆ چ مەبەستێك ئەم راپۆرتە لە میدیای فەرمی یەكێتی بڵاودەكرێتەوە.



ماڵپەرەكەی بڵاویكردووەتەوە:" لەماوەی چەند مانگی رابردوودا سێ كەسایەتی ناسراوی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە، كە هەریەك لەوانە لە رووداوێكی تەمومژاویدا بووە و بەئاشكرا هۆكاری گیان لەدەستدانەكانیان تاوەکو ئێستا دیارنییە، تەنیا ئەوە نەبێت لەلایەن پارتییەوە یان پۆلیسی هەولێرەوە راگەیێندراوێك بڵاوكراوەتەوەو دواتر بێدەنگی لە رووداوەكە كراوە و وردەكاری و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان بڵاونەكردووەتەوە، كە ئەوانیش هەریەك لە (فەرەیدون جوانڕۆیی، غازی ئەتروشی و نەجم تۆفیق)ن".

لە كۆتایی راپۆرتەكەی میدیای فەرمی یەكێتیدا هاتووە:"پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە بۆچی تاوەکو ئێستا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە یان ئاسایشی هەولێرەوە بڵاونەكراونەتەوە؟ بۆچی هەریەكەیان بەشێوەیەكی تەمومژاوی وا گیانیان لەدەستداوە كە جێی باوەڕكردن نییە؟ بەڵكو تەنیا بە راگەیێندراوێك كۆتایی بە رووداوەكە هێنراوە، كە ئەمەش دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتیانی كوردستان بەگشتی و لایەنگرانی پارتی بەتایبەتی، كە ترسێك لەدڵیاندا دروستببێت رۆژێك ئەوانیش لە رووداوێكی نادیاردا گیانلەدەست بدەن".

سەرچاوە:تۆڕی میدیایی ڕووداو