دوو هەفتەیە کەس خۆی ناکات بەخاوەنی منداڵێکی ئۆتیزم
30/12/2015 نوسەر: bzavpress

دوو هەفتەیە کەس خۆی ناکات بەخاوەنی منداڵێکی ئۆتیزم


دوو هەفتەیە منداڵێک کە دوچاری نەخۆشی ئۆتیزم بووە، لای خانەی نەوجەوانانی سلێمانییە و کەسوکارەکەی کە هێشتا دیار نییە لە کوێن ئامادە نین بچن وەری بگرنەوە.

منداڵەکە تەمەنی ٩ ساڵانە دوو هەفتە لەمەوبەر لە بەرەبەیانێکی زوودا لە بەردەم یەکێک لە بەنزینخانەکانی شاری سلێمانی لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بینراوەتەوە و دواتر بردوویانەتە خانەی نەوجەوانان. لەو کاتەوە تائێستا کەس نەچووە بۆ وەرگرتنەوەی.

لەلایەن خۆشیەوە، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "سەردانی سەنتەری ئۆتیزم و چەندین هۆتێل و میوانخانەمان کردووە تا کەسوکاری بدۆزنەوە، بەڵام هەوڵەکانمان بێ ئەنجام بووە."

هەرچەندە منداڵەکە توانای قسەکردنی نییە، بەڵام پۆلیس گومان دەکەن کە کورد نەبێت.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند "بەپێی لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادوەریی دەرکەوتوو ئەو منداڵە لە سەدا ١٠٠ نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە و توانای قسەکردنی نییە و ڕەفتارەکانیشی هەمیشە دووبارەیە و خانەی نەوجەوانان دەڵێن هەندێک جاریش بێزاری دەردەبڕێت."

هەرچەندە هێشتا دیار نییە کەسوکاری ئەم منداڵە لە کوێن، بەڵام توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونزانی دەڵێن دایکوباوکی ئەگەر مابن لە ژیاندا زۆر ئازاری پێدەچێژن.

تاریق نەجیب، پسپۆڕی دەروونی ڕایگەیاند "نه‌خۆشی‌ ئۆتیزم بریتیە لەتێكچونی گەشەی منداڵ كە لە سێ‌ ساڵی یەكەمی تەمەنیدا دەردەكەوێت، یه‌كێكه‌ له‌و نه‌خۆشیانەش كه‌ کاریگه‌ریی‌‌ له‌سه‌ر ده‌روونی‌ منداڵ جێ دەهێڵێ و وا له‌منداڵی‌ توشبوو ده‌كات جیابێته‌وه‌ له‌ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی‌."

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە باشوری کوردستان تاوەکو ئێستا هەزارو ١١٠ حاڵەتی ئۆتیزم تۆمارکراوە.