وەفدێکی بزوتنەوەی جیھاد سەردانی مۆنۆمێتی ھەڵەبجە دەکات
27/12/2015 نوسەر: bzavpress

وەفدێکی بزوتنەوەی جیھاد سەردانی مۆنۆمێتی ھەڵەبجە دەکات


وەفدێکی بزوتنەوەی جیھاد سەردانی مۆنۆمێتی ھەڵەبجە دەکات و لەبارەی تاوانەکان و پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ یەکێتی سەرۆکی وەفدەکە دەدوێت و دەشڵێت"بینینی دیمەنەکان گەلێک ئازاری داین" و لێپرسراوی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی یەکێتی لەبەغدا بەڵێنێکی ئەو وەفدە ئاشکرادەکات.

ئەمڕۆ  ٢٧ی کانوونی یەکەم، وەفدێکی(حرکە الجھاد والبنا‌و کرد) کە گەورەترین دەسەڵاتیان لەناو حەشدی شەعبی لەقەزای خورماتوودا ھەیە، بەسەرۆکایەتی حاجی حەسەن ئەلساری ئەمینداری گشتی بزوتنەوەکە سەردانی پارێزگای ھەڵەبجەیان کرد و بەشە جیاجیاکانی مۆنۆمێتی شارەکەشیان بەسەرکردوە.

لەبارەی سەردانەکەیانەوە، حاجی حەسەن ئەلساری ئەمینداری گشتی بزوتنەوەکە، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بینینی دیمەنەکان گەلێک ئازاری داین ئەم تاوانەی دەرھەق بەھەڵەبجەکراوە تاوانێکی دڕەندانە بووە و ئومێد دەخوازم پەیوەندییەکان باشتربکرێن و جارێکی دیکە ھیچ پێکھاتەیەک  دژی یەکتر ئەم کارانە دووبارەنە کەنەوە.

وتیشی: سەردانەکەمان بەئامانجی پتەوکردنی پەیوەندیەکانمانە لەگەڵ یەکێتی و ڕێگریکردن لەدروستبوونی کێشە لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی حەشدی شەعبی شیعەکان، لەمڕووەشەوە ڕوڵی یەکێتی لە بەگرداچوونەوەی داعشدا بەرزدەبینین.

لای خۆشیەوە، سەعدون فەیلی لێپرسراوی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی یەکێتی لەبەغدا کەھاوڕێیەتی وەفدەکەی دەکرد، وتی: لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە بۆئەوەی گرفتەکان بەدیاڵوگ چارەسەربکەین لەو ناوچانەی کە ھێزی ھەردوولامانی تێدایە.

ژ.ک