بەشێك لە دانیشتوانی ناحیەی وارماوا بەهۆی كەمی كارەباوە دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و ڕێگەی سەرەكی سلێمانی- دەربەندیخانیان داخست.
خۆپیشاندەران تایە لەسەر ڕێگە سەرەكیەكە دەسوتاند و هاتوچۆی هاوڵاتیانیان پەكخست بوو.
كەمی كارەبای نیشتمانی و نەبونی پرۆژەی خزمەتگوزاری داواكاریی سەرەكیی خۆپیشاندەرانی ناحیەی وارماوای سەر بە قەزای شارەزورە.
بەڕێوەبەری ناحیەی وارماواش بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند: هێزەكانی پۆلیس و چالاكیە مەدەنیەكانمان ڕووبەڕوو نەكردونەتەوە، بەڵام لەحاڵەتی دروستبونی هەر گرژیەكیشدا ناچارین هێزەكانمان بخەینە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
دوا بەدوای سوتاندنی تایەکان، كامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوا، داوای لە خۆپیشاندەران كرد واز لە سوتاندنی تایە بهێنن و ڕێگای سەرەكی سلێمانی - دەربەندیخانیش بكەنەوە.
ناوبراوئەوەشی ئاشکراکرد ئەو گرفتە تەنها لەسنورەكەی ئێمەدا نیە بەڵكو بەهۆی لەكاركەوتنی دوو وێستگەی بەهەمهێنانی كارەباوە پێشبینی دەكرێت كارەبای نیشتمانی لەو بڕەش زیاتر كەمببێتەوە.
ژ.ک

