24/12/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
خۆپیشاندانەکەی هەولێر گرژی تێکەوت
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٤ی کانوونی یەکەم، بەمەبەستی ئیدانەکردنی ھەڵوێستەکانی تورکیا لەبەرامبەر کوردانی باکوری کوردستان، خۆپیشاندانێک لەبەردەم پارکی شانەدەر لە شاری ھەولێر ئەنجامدرا، بەڵام لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگری لەخۆپیشاندانەکە کراو بەو ھۆیەشەوە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە.
تارا حسێن، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی و یەکێک لەڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، ڕایگەیاند: لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە وێڕای ئەوەی ئابلۆقەیەکی زۆر توندمان خرایەسەر، ھەوڵدرا بڵاوە بەخۆپیشاندانەکە بکەن و ڕێگریمان لێ بکەن، بەڵام ئێمە سوور بووین لەسەر ئەوەی چالاکییەکە ئەنجام بدەین و ئیدانەی ھەڵوێست و ڕەفتارەکانی تورکیا لەبەرامبەر کوردانی باکوری کوردستان بکەین.
تارا حسێن ئاشکراشیکرد: ھێزە ئەمنیەکان بەجلوبەرگی سەربازی و مەدەنییەوە خۆیان کردبووە ناو خۆپیشاندانەکەو وێڕای ئەوەی سوکایەتیەکی زۆریان پێکردین، ھەڕەشەی تونیشیان لێکردین و چوار کەسیش لەخۆپیشاندەران برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشدا کە بەھێزە ئەمنیەکانمان ڕاگەیاندووە ئەگەر ئێوە ھاوکاری ئەردۆغانن خۆتان یەکلابکەنەوە، چونکە ئێمە دژ بەسیاسەتەکانی ئەردۆغان چالاکی ئەنجام دەدەین.
ئەو چالاکوانە نەشی شاردەوە کە بەھۆی ڕۆژانی پشووەوە نەیانتوانیوە مۆڵەت بۆ گردبوونەوەکەیان وەربگرن و ئەوەشی ڕاگەیاند: تەنھا دەمانویست بەیاننامەکەمان بخوێنینەوە.
ژ.ک