داوای بەفەرمی کردنەوەی مەرزی شۆشمێ ده‌كرێت
23/12/2015 نوسەر: bzavpress

داوای بەفەرمی کردنەوەی مەرزی شۆشمێ ده‌كرێت

شاندی ژووری ھەروەزیی کرماشان داوای بەفەرمی کردنەوەی مەرزی شوشمێ لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا دەکات
شاندێکی باڵای ژووری ھەروەزی شاری کرماشان سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن و، لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ، داوای بەفەرمی کردنەوەی مەرزی شوشمێ لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا دەکات.

لەدیدارێکی نێوان بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوو شاندێکی ھاوبەشی ژووری ھەرەوەزیی کرماشانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی غەفار محەمەدی سەرۆکی ژوورەکەو بە ئامادەبوونی نوێنەرانی چەندین کۆمپانیای فرەپسپۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵی کرماشان و بەڕێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاودا باس لە چەند بوارێکی جیاجیای ھەماھەنگی و ھاوکاریی نێوان ھەرێمی کوردستان و پارێزگای کرماشان کرا.

لەو دیدارەدا باس لە ھاوردەکردن و ھەناردەکردنی بەروبوومی تەماتەو شیرەمەنی و بەرھەمەکانی ئاژەڵ و ماڵات ھەروەھا چاندن لەرێگای ئاو بێ بەکارھێنانی خۆڵ(ھایدرۆرپۆنیک) کرا.

شاندی میوان ھیوایان خواست کە وەزارەتی کشتوکاڵ زیاتر ھاوکاری و ھەماھەنگییان بکات بە تایبەتیش داوایان کرد کە شاندێکی باڵای وەزارەت سەردانی کرماشان بکات بۆ ئەوەی لەنزیکەوە بە پێشکەوتن و پەرەپێدانی رەوشی کشتوکاڵ ئاشنابن.

لای خۆیەوە بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم داوایە دووپاتکردەوە، لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا شاندەکە جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە خوازیارن ئەوان زیاتر ھاوکاریی پارێزگای ھەڵەبجە بکەن لە بواری کشتوکاڵدا، ھەروەھا مەرزی شوشمێ بە فەرمی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێتەوە.

ج.هـ