لە گەڕەكی (۱۲۱)ی گوڵان لە هەولێر، بە هۆی شۆتی كارەباوە ماڵێك سووتا و دوو منداڵیش گیانیان لە دەستدا.
نەقیب هۆگر عەزیز، وتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بنكەی پۆلیسی سەروەران ئاگادار كرانەوە كە لە گەڕەكی (۱۲۱)ی گوڵان لە هەولێر، بە هۆی شۆتی كارەبا ماڵێك سووتاوە..
نەقیب هۆگر دەشڵێت، لە ئاكامی سووتانی ماڵەكەدا، دوو منداڵ بە ناوەكانی (مەلەك یاسین) تەمەن (۵) ساڵ، (نەباء یاسین) تەمەن (٤) ساڵ، گیانیان لە دەست داوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، وتەی داواكارانی مافی كەسی وەرگیرا و دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری داخستنی پەڕاوەكەی دا.