هەڵەبجە..گۆڕان و یەکێتی پۆستەکانی خۆیان یەکلایی دەکەنەوە
11/12/2015 نوسەر: bzavpress

هەڵەبجە..گۆڕان و یەکێتی پۆستەکانی خۆیان یەکلایی دەکەنەوە


حزبە سیاسییەکانی ھەڵەبجە لەسەر دیاریکردنی پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەکان گەیشتنە رێککەوتن و ناوەکانیش یەکلایی کراوەتەوە، بزاڤ-یش ئەو پۆستانە ئاشکرا دەکات کە بەر یەکێتی و گۆڕان کەوتوون.

نزار مەحمود باژێڕوانی بزووتنەوەی گۆڕان لەھەڵەبجە بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند: پۆستەکانی بەڕێوەبەرە گشتییەکان ھاوشێوەی کورسی ئەنجومەنی پارێزگا، لەسەر بنەمای دەنگی لایەنەکان دابەشکراوە و لەبەرامبەر دوو کورسی ئەنجومەنی پارێزگا، پۆستی بەڕێوەبەرێکی گشتی دانراوە.

وتیشی: گۆڕان و یەکێتی ھەریەکەیان سێ بەڕێوەبەری گشتیان بەردەکەوێت و لیستی خزمەت (یەکگرتووی ئیسلامی،کۆمەڵی ئیسلامی) چوار بەڕێوەبەرایەتی بەردەکەوێت و پارتی دوو بەڕێوەبەرایەتی و بزووتنەوەی ئیسلامیش یەک بەڕێوەبەرایەتی بەردەکەوێت.

سەبارەت بەناوی بەڕێوەبەرایەتییەکانیش، نزار مەحمود ئاشکرایکرد: گۆڕان بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ و کارەباو شارەوانییەکانی وەرگرتووە.

ئەوەشی ئاشکراکرد کە "یەکێتی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، شەھیدان و کاورباری کۆمەڵایەتی وەرگرتووە.

سەبارەت بە پۆستەکانی پارتی و بزوتنەوەی ئیسلامییش، کە ئەو دوو حزبە بڕیاریانداوە بەشداری لە حکومەتی خۆجێی ھەڵەبجە نەکەن، باژێڕوانی گۆڕان لەھەڵەبجە ئاشکرایکرد کە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی (تەندورستی، مین و رۆشنبیری) ماونەتەوە و ئەگەر پارتی و بزوتنەوە ئامادەنەبوون وەریبگرن، ئەوکاتە گۆڕان و یەکێتی بەوەکالەت پۆستەکان پڕدەکەنەوە.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەش کە باس لەوە دەکەن ھیچکام لەلایەنەکان ئامادەیی ئەوەیان تێدا نەبووە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە وەربگرن، نزار مەحمود وتی: "بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتییەکی سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە لایەنەکان خۆیان لەوەرگرتنی دزیوەتەوە.

وتیشی: "بەنیسبەت گۆڕانەوە بۆیە ئەو بەڕێوەبەرایەتییەمان وەرنەگرتووە، چونکە کادری باشمان نییەو دکتۆرێکمان نییە لەھەڵەبجە کە توانای وەرگرتنی ئەو پۆستەی ھەبێت.