له‌به‌ر که‌مته‌رخه‌می پزیشکانی سلێمانی کۆرپەیه‌ک هه‌ردوو قاچی له‌ ده‌ست ده‌دات
10/12/2015 نوسەر: bzavpress

له‌به‌ر که‌مته‌رخه‌می پزیشکانی سلێمانی کۆرپەیه‌ک هه‌ردوو قاچی له‌ ده‌ست ده‌دات

كۆرپەیەكی تەمەن 15 ڕۆژ لە شاری سلێمانییەوە بە تەندروستییەكی خراپ و نالەبارەوە، گواستراوە بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تاران، بەڵام بە هۆی كەمتەرخەمیی پزیشكانی شاری سلێمانی دەبێ هەر دوو قاچی تا سەر قوڵاپەی ببڕدرێتەوە.

له‌ ڕاپۆرته‌ هه‌واڵێكدا ئاژانسى کوردپرێسى ئێرانى تیایدا هاتووه‌" لەبه‌ر كه‌مته‌رخه‌می پزیشکانی سلێمانی کۆرپەیه‌ک هه‌ردوو قاچی له‌ده‌ست ده‌دات."

ڕاپۆرتی تایبەتی کوردپرێس لە کەمتەرخەمیی پزیشکانی هەرێمی کوردستان؛
به‌هۆی که‌مته‌رخه‌می پزیشکانی سلێمانی کۆرپەیه‌ک هه‌ردوو قاچی له‌ده‌ست ئه‌دات
کۆرپەیەکی ته‌مه‌ن 15 ڕۆژ لە شاری سلێمانییەوە به‌ ته‌ندروستییه‌کی خراپ و ناله‌باره‌وه‌، گواستراوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران، بەڵام بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکانی شاری سلێمانی دەبێ هەر دوو قاچی تا سەر قوڵاپەی ببڕدرێتەوە.
بە پێی هەواڵی کوردپرێس، بە داخەوە بە هۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی شارەزایی و پسپۆڕێی پێویست و که‌مته‌رخه‌می و گرینگی پێنه‌دانی پزیشکان لە نەخۆشخانەی "منداڵبوونەوەی" سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، کۆرپەیەکی چەند رۆژەی بە ناو "مستەفا بەرهەم" بە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی کانگێرن یان نەخۆشیی مەرگی دەمارەکانی عەسەب و خوێن، بڕیارە هەر دوو قاچی تا بەر قولاپەی ببڕدرێتەوە. ئەم کورپەیە کە رۆژی پێنج‌شەممە ٥ی سەرماوەز لە نەخۆشخانەی منداڵانی تاران خەوێندرا، هێشتا لە قۆناغە سەرەتاکانی وەرگرتن و پشکنینی پزیشکییە و چەندین پزیشکی پسپۆڕی منداڵان، ئۆرتۆپێد، دەمار و دەروونی وەک تیمی دەرمان و چارەکردن لە سەری ئیش دەکەن و بڕیارە پاش سارێژبوونەوە و ویشک بوونی زام و برینی ئاوەدزکردووی قاچی ئەو کورپەیە، بڕیاری کۆتایی لە سەر بدەن.
ڕوون کردنەوەی باوک و دایکی کۆرپەکە
باوک و دایکی ئەو کۆرپەیە، لە ناوەندی پزیشکیی منداڵانی "قوتبی زانستیی منداڵان"ی تاران بە هەواڵنێری کوردپرێسیان ڕاگەیاند: کاتێک ئەو منداڵە لە دایک بوو، پێیان وتین کە کورپەکە تووشی هەناسەبڕکێ هاتووە و دەبێ لە دەزگای شووشەییدا ڕایگرن. منداڵەکەیان لێ‌وەرگرتین و خستیانە ناو دەزگاوە. سێ رۆژ لە ناو دەزگاکە بوو. رۆژی دووم لە کاتی سەردان کردنی بینیمان کە چەندین خاڵی شین و مۆر بە سەر لاقی منداڵەکەمانەوەیە، کاتێک لە هۆکارەکەیمان پرسی، پێیان وتین بە هۆی خەستی خوێنەوە تووشی مەییوبوونی خوێنی هاتووە و بە دەرمان چارەسەر دەکرێت، بەڵام دوای دەرمان کردن نەک هه‌ر ئەو حاڵەتەی تێدا چارەسەر نەبوو، بەڵکوو لە رۆژی حەوتەمدا برینەکانی زیاتر تەشەنەیان سەند و یه‌کسه‌ر قاچه‌کانی مۆر هه‌ڵگه‌ڕا.
باوکی ئەو کورپەیە وتی: تا رۆژی حەوتەم هیچمان بە دایکی نەوت بۆ ئەوەی تووشی دڵەخۆرپە نەیەت، رۆژی حەوتەم هەر کە دایکی بەو شتەی زانی لە سەر خۆ چوو و بۆرایه‌وه‌.
بەرهەم وتیشی: دواتر هۆکاری شین بوونەوەی لاقی منداڵەکەیان گرێ داوە بە دابەزینی شەکەرەی خوێنی دایکی و وتیان کە بە هۆی نه‌شته‌رگه‌ری له‌دایکبوونی منداڵه‌که‌ی پێشووی تووشی خەستی خوێن هاتووە و بەو پێیە لاقی کورپەکەمان شین داگەڕاوە.
ئەو زیادیشی کرد: لە کاتی لە دایکبوونی منداڵی یەکەمیشمان، چەند خاڵی خوێنی بە سەر لاقییەوە بوو کە پزیشکانی حەڵەبچە پێیان زانی و لە رێگەی سورەنگەوە خوێنەکەیان دەرهێنا و لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو منداڵەمان تووشی گرفت نەهاتووە.
ناوبراو لە کۆتاییشدا ڕوونی کردەوە: بارودۆخی کورپەکەمان بە ڕادەیەک قەیراناوای بوو کە بە ناچار رۆژی یازدەهەم پێیان وتین کە دەبێ لاقی منداڵەکە لە ئەژنۆوە ببڕنەوە، ئەمە لە کاتێکدابوو کە لە رۆژی دووهەمەوە پێیان دەوتین کە نیگەران نەبین و بە دەرمان کێشەکە چارەسەر دەکەن، بەڵام ئەوڕۆ ئەو خاڵە شینە بووەتە بڕینێکی جیددی و ڕەش داگەڕاوە.
هەروەها دایکی منداڵەکە پێی وتین: لەم یەک رۆژە بە ڕادەیەک لە نەخۆشخانەی تاران پێمان ڕاگەیشتوون و پزیشکان وەڵاممان دەدەنەوە، کە لە ماوەی ئەو دوازدە رۆژە لە نەخۆشخانەی سلێمانی نەمانبینیوە. کاتێک لە سلێمانی لە پزیشک و سیسه‌ره‌کان دەپاڕاینەوە کە فریای کورپەکەمان بکەون، بە تووڕەیی پێیان دەوتین کە گەر بێدەنگ نەبن ئه‌وا منداڵەکەتان پێ دەدەینەوە و دەتان کەینە دەرێ و ئێمەش لە ترسدا ناچار دەبووین بێده‌نگ بین و ته‌نیا له‌ ڕێگای تەلەفون هەواڵی کورپەکەمان بپرسین و بەوەشەوە بە تەلەفونیش وەڵامیان نەدەداینەوە.
دایکی منداڵەکە وتیشی: لە رۆژی حەوتەمەوە ئامبۆلانسێکیان نەدەداینێ کە منداڵەکە بۆ نموونە هەڵگرتنەوەی خوێنی ببەینە ناوەندە پزیشکییەکان و ناچار بووین لە ژێر بارانی تووندی شاری سلێمانی ئەو کورپە هه‌ژاره‌ بە ته‌کسی ئەمبار و ئەوباری پێ‌بکەین. جارێک ئامبۆلانسمان پێ‌درا و ئەویش بە هۆی کون بوونی میچی ئامبۆلانسەکە و دڵۆپە کردن و سارد بوونی ناو ئۆتۆمبیلەکە ڕەزامان نەدا و پەشیمان بووینەوە.
ژنە بە دەم گریانەوە زیاتر وتی: هەرچی جارە کە بۆ نموونە هەڵگرتنەوەی خوێنی دەچووین، دەبوو بەو منداڵە چەند رۆژەوە دوو کاژێر و نیو چاوەروان بین تا خوێنی لێ هەڵگرنەوە و ئەویش بە هۆی نەدۆزینەوەی دەماری گونجاو تەواو لەشیان دەرزی ئاژن دەکرد.
دایکە جەختی لەوەش کردەوە: کورپەکەمان پزیشکێکی تایبەتی نەبوو و ئێمە هیچکات نەمانتوانی بزانین چەند پزیشک و کامه‌ تیمی پزیشکی بە کورپەکەمان ڕادەگەن، هەر بۆیە ناچار بووین ئەو منداڵە بەسته‌زمانە بە قاچی ڕەش داگەڕاوەوە بگوازینە بۆ تاران.
لێکدانەوەی پزیشکانی نەخۆشخانەی تاران
دوای گفتوگۆ لە گەڵ چەندین پزیشکی پسپۆڕی منداڵان، کورپەکە لە ناوەندی سه‌رۆ پسپۆڕیی منداڵانی "قوتبی زانستیی منداڵان"ی تاران خەوێندرا و دوای بینی بارودۆخی منداڵەکە خێرا تیمێکی پزیشکی کە لە چەند پزیشکی پسپۆڕی بواری منداڵان، ئۆرتۆپێد و دەماری عەسەبی و خوێنی پێکهاتبوو، بۆ چارەسەریی ئەو کۆرپەیە کۆبوونەوە.
لەوبارەوە پزیشکی پسپۆڕی منداڵانی ناوەندی پزیشکیی منداڵان وتی: بە داخەوە منداڵەکە زۆر درەنگ گواستراوەتەوە بۆ ئێرە و گەر زووتر بگەشتبایەتە ئێرە ده‌مانتوانی چاره‌سه‌ری بۆ بکه‌ین و قاچه‌کانی بپارێزین.
ئەو پزیشکە وتیشی: ئێمە هەوڵ دەدەین کە بە پێ‌ڕاگەیشتنی تایبەتی لانی‌کەم شوێنی زیان پێ‌گەیشتووەکە کەم کەینەوە و ڕەنگە بەو شێوەیە بەشێکی کەمتر لە لاقی ئەو کورپەیە ببڕدرێتەوە.
هاوکات دوکتۆر عەباسیان پسپۆڕی تایبەتی دەمار و نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی سینای تاران وەک ڕاوێژکاری لە گەڵ تیمی پزیشکیی ئەو ناوەندە سەبارەت بە بارودۆخی کورپەی ١٥ رۆژەی سلێمانی، ڕایگەیاند: بە داخەوە زۆربەی دەمار و عەسەبەکانی ئەو کۆرپەیە لە ناو چوون و دەبێ بەشێک لە قاچی منداڵەکە ببڕدرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە پسپۆڕی ئۆرتۆپێدی ناوەندی پزیشکیی منداڵانیش دوای ئاماژە بە نەبوونی هیچ نیشانەیەک لە حەرەکە و بزاوتن لە دەمارەکانی ئەو کۆرپەیە تا ژێر ئەژنۆی، وتی: بە داخەوە ئەو خوێن مردوویی و مەییوییە و پێ‌ڕانەگەیشتنە بووەتە هۆی لە ناوچوونی دەمارەکانی پای منداڵەکە و خوێن بە دەمارەکانی پای نەگەیشتووە و ئەو کۆرپەیە لە ئێستادا لە ژێر چاوەدێریی تایبەتییە و تیمی پزیشکی هەوڵ دەدەن بە کەمترین زیانەوە دەرمانی کەن.
پزیشکانی ناوەندی پزیشکیی منداڵان ڕایان گەیاند: هەندێک تاقی کردنەوە لە سەر ئەو منداڵە کراوە و ئێمە چاوەروانین کە بتوانین هۆی تووشبوونی بەو نەخۆشییە بدۆزینەوە.
یەکێک لە مامۆستایانی پزیشکیی ناوەندی منداڵان وتی: پێدەچێت ئەو نەخۆشییە بە هۆی ناتەواوی خوێنیی دایک و باوکی کورپەکە بوو بێت کە دەبوو بە وردبوونەوەی زیاتر و لە کاتی لە دایکبووندا سەرنجی بدرایە.
پزیشکانی نەخۆشخانەی پزیشکیی منداڵانی تاران بە خستنەڕووی ئەو بابەتە کە لە پێناو دەرمان کردنی یەکجاریی ئەو کورپەیە تەواو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ، وتیان: بە داخەوە بە هۆی کەمتەرخەمییەک کە لە سەرەتای لە دایکبوونی بە نیسبەتی ئەو کورپەیە کراوە، شایەدی بارودۆخی ئێستاکەی منداڵەکە و بڕینەوەی بەشێک لە لاقی ئەو کورپە ١٥ رۆژەین. بەڵام هەوڵ دەدەین کە لانی‌کەم بەشێکی کەمتر لە لاقی منداڵەکە ببڕدرێتەوە.‌
ئێستا ئەوە جێی پرسیارە کە لەمناوە کێ وەڵامداری سازبوونی ئەو نەهامەتییە بۆ کۆرپەیەکی ئاوا کرچ و بڕانەوەی لاقەکانیەتی و کاتێک ئەو منداڵە پێ‌گەیشت دەبێ کێ بە تاوانباری سەرەکیی کەمئەندامی خۆی لە داهاتوودا بزانێت؟
شیاوی ئاماژەیە کە رۆژانە کەسانێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان بۆ پێوشوێن‌گرتنی کاروباری پزیشکی سەردانی ئێران دەکەن و ئەو نرخە بە پێی ئاماری فەرمیی کۆنسولخانەی ئێران لە هەولێر و سلێمانی لە سەدا نرخێکی زۆر باڵای ئەو کەسانەن کە ڤیزای هاتنە ئێران وەردەگرن.
لەمناوە بەشێکی زۆر لەوانەی بۆ ئەو مەبەستە دێنە ئێران، ئاماژە بە پسپۆرێتی و بەرپرسایەتی باڵای پزیشکانی ئێرانی دەکەن و بەشێکی دیکەشیان وێرای بڕوا بە پسپۆڕایەتیی پزیشکانی ئێرانی، گونجاوبوونی نرخی خزمەتکارییە پزیشکییەکانی ئێران بە نیسبەتی وڵاتانی ناوچە و هەروەها نزیکیی ئاستی فەرهەنگیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەنرخێنن.
لە ڕووە ئێران بە هۆی پۆتانسیەلە باڵاکانی لە بواری تەندروستی لە ئێستادا بووەتە ئامانجێک بۆ نەخۆشانی وڵاتانی عێراق، ئازەربایجان، ئەفغانستان، تاجیکستان و .. و بەو پێیە پێویستە دەوڵەت و وەزارەتی تەندروستی لە پێناو پەرەدان بە بەستێنی خزمەتکاریی پزیشکی و سەرمایەدانەری لە بەشی ژێرخانەکاندا، بەهای تایبەت بەو بوارە بدەن.