بزاڤ بەدواداچوون بۆ شەش بەڕێوبەرایەتی‌ دەكات كە تائێستا نەگەڕێندراونەتەوە هەڵەبجە
09/12/2015 نوسەر: bzavpress

بزاڤ بەدواداچوون بۆ شەش بەڕێوبەرایەتی‌ دەكات كە تائێستا نەگەڕێندراونەتەوە هەڵەبجە


نزیكەی‌ دوو ساڵە لەڕووی‌ یاساییەوە هەڵەبجە بووە بە پارێزگا، تا ئێستاش چەندین كۆبوونەوە ئەنجامدراون بۆ پێكهێنانی‌ ئەنجومەن و حكومەتی‌ خۆجێی‌ پارێزگاكە،چەند بەڕێوبەرایەتییەكیش گەڕێندراوەتەوە شارەكە، بەڵام چەند بەڕێوبەرایەتیەكی‌ دیكە ماون بگەڕێنەوە.

عەبدووڵا محەمەد،پارێزگاری‌ هەڵەبجە لە لێدوانێكی‌ تایبەتیدا بە بزاڤ پرێسی‌ ڕاگەیاند: ئەو وەزارەتانەی‌ بەڕێوبەرایەتییان هەیە هەوڵمان لەگەڵدا داون و نوسراومان بۆ كردوون كە ئەو بەڕێوبەرایەتیە گشتیانەی‌ هەیە بگەڕێندرێنەوە هەڵەبجە و بەڕێوبەرەكانیان بە (وەكالەت) دەست بەكاربێت، تاوەكو بەڕێوبەری‌ گشتی‌ بۆ دادەنرێت.

ڕاشیگەیاند: ئەو وەزارەتانەی‌ كە بەڕێوبەرە گشتییەكانیان نەگەڕاندوەتەوە هەڵەبجە لەوانەیە بەهۆی‌ قەیرانی‌ داراییەوە یان بەهۆی‌ بوونی‌ ڕۆتین لەو وەزارەتەدا نەتوانرابێت بەڕێوبەرایەتییەكان بگەڕێندرێنەوە، هەروەها ئەو دەنگۆیانەش پشت ڕاستدەكاتەوە كە هیچ وەزارەتێك وتبێتی‌ ئەو بەڕێوبەرایەتیانە دروست ناكرێت و ناگەڕێندرێنەوە بۆ هەڵەبجە.

عەبدووڵا محەمەد، دەربارەی‌ ئەو بەڕێوبەرایەتییانەی‌ كە دابەشكراون بەسەر حزبە سیاسیەكانی‌ هەڵەبجە،بەڵام هێشتا نەگەڕێندراوەتەوە،وتی‌: ئەو حزبەی‌ كە پۆستەكەی‌ پێدراوە كەسێكی‌ بۆ دیاری‌ دەكات و فەرمانی‌ بۆ دەردەچێت  وەكو بەڕێوبەری‌ گشتی‌، وە ئەو كەسەی‌ كە دیاری‌ كراوە بەهاوكاری‌ پارێزگا و وەزارەتەكەی‌ خۆیدا دەتوانین ئەو بەڕێوبەرایەتییە گشتییە دروست بكەین.

پارێزگاری‌ هەڵەبجە، ئەوەشی‌ ئاشكراكرد: ئەگەر ئەو حزبە سیاسیە كاندیدەكەی‌ خۆی‌ بۆ بەڕێوبەری‌ ئەو بەڕێوبەرایەتییەی‌ پێ دراوە، زووتر دەستنیشان بكات ئەوا كارەكەی‌ ئێمە زیاتر ئاسان دەكات.

بەپێی‌ زانیارییەكانی‌ بزاڤ پرێس ئەو بەڕێوبەرایەتییانەی‌ كە تائێستا نەگەڕێندراونەتەوە هەڵەبجە شەش بەڕێوبەرایەتییە، ئەوانەش بریتین لە:
١- بەڕێوبەرایەتی‌ گشتی‌ كتێبخانەكان.

٢- بەڕێوبەرایەتی‌ گشتی‌ وەرزش و لاوان.

٣- بەڕێوبەرایەتی‌ گشتی‌ چالاكی‌ و دیدەوانی‌.

٤- بەڕێوبەرایەتی‌ گشتی‌ حەج و عومرە.

٥- بەڕێوبەرایەتی‌ گشتی‌ كاروباری‌ كۆچ و كۆچبەران.

٦- بەڕێوبەرایەتی‌ گشتی‌ دیوانی‌ پارێزگا.

هەڵەبجە دەكەوێتە ٨٣ كیلۆمەتر خۆرهەڵاتی شاری سلێمانیەوە و ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی ١٢٠ هەزار كەس دەبن و لە بەرواری‌ ١٣-٣-٢٠١٤ دا بڕیاری بە پارێزگابونی بۆدەرچوە.

بزاڤ پرێس لە هەواڵەكانى داهاتوودا زانيارى زياتر بڵاودەكاتەوە..