07/12/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
حكومەتی هەرێم پرسی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە یەكلایی دەكاتەوە
لەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە، ئەمڕۆ وەفدێكی یەكێتی لەگەڵ پارتی كۆبوویەوە، بەڵام كۆبوونەوەكەیان بێ ئەنجام بوو، وە بڕیار درا لیژنەی باڵای حکوومەتی ھەرێم ئەوپرسە یەکلایی بکاتەوە لەبەر ئەوەی ئەوان ناتوانن بەم شێوەیە بگەنە رێککەوتن.
فازیل بەشارەتی، بەرپرسی لقی دوانزەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ شاندێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە سەردانیان كردین بۆ ئەوەی بەشداری لە حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە بكەین، بەڵام ئەو بەرنامەیەی ئەوان هەیانە ئێمە پێی ناڕازین و بەشداری تێدا ناكەین چونکە نامانەوێت فێڵ لە خەڵکی خۆمان بکەین، لەبەر ئەوە پشتیوانی و پشتگیریی خۆمان بۆ دەربرین.
وتیشی: ئەگەر ئەوان سوور بن لەسەر بەرنامەی خۆیان و بگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنی ڕابردوو ئەوا ئێمە بەشداری تێدا دەكەین، بەڵام بەم شێوەیەی ئەوان بێت ئێمە بەشدار نابین.
بەشارەتی ئەوەشی ئاشكراكرد: لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا نەگەیشتینە هیچ ڕێككەوتنێك بۆیە پێشنیاركرا بگەڕێینەوە بۆ لیژنەی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەوان بڕیارێك بدەن، لەبەر ئەوەی ئێمە ناتوانین بگەینە ڕێككەوتن چونكە تا ئێستا چەندین كۆبوونەوە كراوە و هیچ ئەنجامێكی نەبووە.
بەرپرسی لقی دوانزەی پارتی گوتیشی: ئێمە ئەگەر بەشداریش لەحكومەت نەكەین نابینە ڕێگر، بگرە پاڵپشتی و هاوكاری حكومەتی خۆجێی هەڵەبجە دەبین.
فازیل بەشارەتی ئەوەیشی ڕوونكردەوە: لەگەڵ لیژنەی باڵای حكومەتی هەرێم كۆدەبینەوە بۆ ئەوەی ئەو پرسە كەماوەی زیاتر لەساڵێكی خایاندووە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەبارەوە بدرێت و كۆتایی پێبهێنرێت.
ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداری كردن لەحكومەتی خۆجێی هەڵەبجە جگە لەپێدانی دوو بەڕێوبەرایەتی گشتی، پۆستی قایمقامیەتی هەڵەبجەشی پێ بدرێت، هەروەها كورسیەكانی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە لە سێ كورسییەوە زیاد بكرێت بۆ چوار كورسی.
هەروەها بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاكە تا ئێستا ٣١ كۆبوونەوەی جیا جیا ئەنجامدراون بەڵام زۆربەیان بێ ئەنجام بوون.