لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٢ پیاو لەسەر كوشتنی ژن سزا دراون
06/12/2015 نوسەر: bzavpress

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٢ پیاو لەسەر كوشتنی ژن سزا دراون


ئاماری چاكسازییەكانی گەوران لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ١٢ پیاو بە تاوانی كوشتنی ژن رەوانەی چاكسازییەكان كراون، لە بەرامبەریشدا بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو كۆتایی مانگی ئاب ٤٤ ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون.


بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاكسازییەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆكەوە دەستى بزاڤ پرێس كەوتووە، لە ١-١-٢٠١٥ تاوەكو ١٦-٩-٢٠١٥، دۆسیەی ١٢ پیاو بە تاوانی كوشتنی ژن لەلایەن دادگاكانەوە یەكلایی كراونەتەوە كە دۆسیەی ئەمساڵ و ساڵانی رابردووشیان تێدایە، ئەوەش بە بۆچوونی بەڕێوەبەرانی چاكسازییەكان رێژەیەكی كەمە.
بەپێی ئاماری چاكسازیی گەورانی هەولێر، ئەمساڵ تەنیا ٥ پیاو لەسەر كوشتن بە پاساوی پاراستنی شەرەف سزادراون، ئەوەش بەلای دیدەوان محەممەد، بەڕێوەبەری چاكسازییەكەوە رێژەیەكی دڵخۆشكەرە، چونكە وەك ئەو گوتی، ساڵانی رابردوو بە تێكڕایی ٢٥ پیاو بە تاوانی كوشتن لەسەر شەرەف لە ساڵێكدا سزا دەدران، بەڵام رێژەكەی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر كەم بووەتەوە، ئەوەش بەلای ئەوەوە دابەزینێكی رێژەیی و دڵخۆشكەرە بۆ ئەو تاوانانەی بەو پاساوە دەكرێن.

هەروەها بەپێی ئاماری چاكسازیی گەورانی دهۆك ئەمساڵ تەنیا ٣ پیاو لەسەر هەمان تاوان سزادراون. موقەدەم محەممەد حەسەن، بەڕێوەبەری چاكسازیی گەوران لە دهۆك دەڵێت "كوشتنی ژنان لە دهۆك لەسەر شەرەف بەراورد بە پارێزگاكانی دیكە زۆر كەمترە".

موقەددەم محەممەد چەند هۆكارێكی بۆ كەمبوونەوەی كوشتنی ژن لەلایەن پیاوانەوە خستەڕوو، لەوانەش: هۆشیاربوونەوەی پیاوان كە لە كاتی دروستبوونی كێشەدا لە بری كوشتن، رێگەی یاسا و دادگا دەگرنەبەر و گوتی "ئەگەر ئێستا پیاوان كێشەیان لەگەڵ ژنەكانیشیان هەبێت، زۆرتر لەڕێگەی دادگاوە چارەسەری دەكەن، ئەوەش مایەی دڵخۆشییە".

ئاماری چاكسازیی گەورانی سلێمانیش ئاشكرای دەكات كە ئەمساڵ ٤ پیاو بە تاوانی كوشتنی ژن سزادراون، بەڵام بەپێچەوانەی بۆچوونی دوو بەرپرسەكەی دیكەی چاكسازیی گەوران لە هەولێر و دهۆك، شێركۆ عارف، بەڕێوەبەری چاكسازیی گەوران لە سلێمانی پێیوایە رێژەكە بەراورد بە تاوانەكانی دیكە زۆرە، لە كاتێكدا كوشتنی ژنانیش هیچ لێبووردنێك نایگرێتەوە.

بە مەبەستی كەمكردنەوەی رێژەی كوشتنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە، پەرلەمانی كوردستان كوشتنی ژنانی وەكو كوشتنی بە ئەنقەست هەژمار كردووە و بكەرانیشی لێبووردنی گشتی و تایبەت نایانگرێتەوە. جگە لەوەش تا دێت ژمارەی نووسینگەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شار و شارۆچكەكاندا زۆرتر دەبن. بەبۆچوونی دیدەوان محەممەد ئەو دوو میكانیزمە، لە هۆكارە گرنگەكانی كەمبوونەوەی رێژەی كوشتنی ژنن لەلایەن پیاوانەوە.
یەكێتی پیاوانی كوردستانیش كە هەمیشە باسی توندوتیژیی ژنان دەكات لە دژی پیاوان، هیچ بەرگرییەك لە ژنكوژان ناكات و دڵخۆشە بە سزادانیان.

بورهان عەلی، سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان رايگەیاند، بەپێی ئاماری نۆ مانگی رابردووی ئەمساڵ، رێژەی كوشتنی ژن لەلایەن پیاوانەوە بەرەو كەمبوونەوە رۆیشتووە و ئامارەكەی ئەمساڵیش دڵنیایی دەدات كە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر كەمترە، جگە لەوەش ئەوان بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ كوشتن و بەكارهێنانی توندوتیژی نین دژی ژنان، چونكە كۆمەڵگە بەرەو پێش دەڕوات و پێویستە ژن و پیاو بە دروستی مامەڵە لەگەڵ یەكتر بكەن، لە كاتی هەر توندوتیژی و تاوانێكیشدا پێویستە دادگا كەیسەكان یەكلایی بكاتەوە.

بورهان عەلی نەك هەر دڵخۆشە بە كەمبوونەوەی رێژەی سزادانی پیاوان بە تاوانی كوشتنی ژنان، بەڵكو پێیوایە ئەو ئامارە نیشانی دەدات كە هەرێمی كوردستان بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی دەوروبەریش لە ئاستێكی باشدایە و گوتی "ئەگەر بۆ نموونە سەیری وڵاتێكی دراوسێی وەكو توركیا بكەین، ساڵانە بە سەدان پیاو لەسەر كوشتنی ژنان سزا دەدرێن".

ئاماری سزادانی ئەمساڵی پیاوان لەلایەن دادگاكانەوە لە كاتێكدایە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژی ژنان كە دراوەتە (بزاڤ پرێس)، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو كۆتایی مانگی ئاب ٤٤ ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون، ئەو ئامارەش بەراورد بە هەشت مانگی رابردووی ٢٠١٤ زیاتر لە دوو هێندە زیادی كردووە.