بزووتنەوە و پارتی‌ پۆستەكانیان بەوەكالەت پڕدەكرێنەوە
06/12/2015 نوسەر: bzavpress

بزووتنەوە و پارتی‌ پۆستەكانیان بەوەكالەت پڕدەكرێنەوە


ئەمڕۆ حزبە سیاسیەكانی‌ هەڵەبجە بۆ دابەشكردنی‌ بەڕێوبەرايەتيە گشتییەكانی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە كۆبوونەوە و باژێڕوانی‌ مەكۆی‌ هەڵەبجەش دەڵێت ئەو پۆستانەی‌ دراون بە پارتی‌ و بزووتنەوەی‌ ئیسلامی‌ بەوەكالەت پڕدەكرێنەوە تا بڕیاری‌ ئەوە دەدەن بەشداربن لە حكومەتی‌ خۆجێی‌ هەڵەبجە.

نزار مەحموود، باژێڕوانی‌ مەكۆی‌ هەڵەبجەی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان بە بزاڤ پرێسی‌ ڕاگەیاند: ئەو پۆستانەی‌ كە بۆ پارتی‌ یان بزووتنەوەی‌ ئیسلامی‌ یان هەر لایەنێكی‌ دیكە بێت، نەیەوێت بەشداری‌ بكات شتێكی‌ ئارەزوومەندانەیە.

وتیشی‌: بزووتنەوەی‌ ئیسلامی‌ و پارتی‌ تاوەكو ئەو كاتەی‌ بڕیاری‌ بەشداری‌ كردنی‌ حكومەتی‌ خۆجێی‌ هەڵەبجە دەدەن ئەو پۆستانەی‌ وەریانگرتووە بەوەكالەت پڕدەكرێنەوە.

نزار مەحموود، ئەوەشی‌ ئاشكراكرد: ئەگەر ئەو دوو حزبە بڕیاری‌ كۆتاییان دا كە بەشداری‌ نەكەن ئەوا ئەو پۆستانەی‌ وەریانگرتووە دەدرێت بەو كەسانەی‌ كە سیڤییان ناردووە و دابەش ناكرێت بەسەر حزبەكاندا.