هەڵەبجە.. یادی‌ تیرۆركردنی‌ كاوە گەرمیانی‌ كرایەوە
05/12/2015 نوسەر: bzavpress

هەڵەبجە.. یادی‌ تیرۆركردنی‌ كاوە گەرمیانی‌ كرایەوە


ئەمڕۆ لە پارێزگای‌ هەڵەبجە یادی‌ تیرۆركردنی‌ كاوە گەرمیانی‌ كرایەوە و چالاكوانێكی‌ مەدەنیش دەڵێت حزبەكان خوێنی‌ ڕۆژنامەنووسان وەك كاڵایەكی‌ سیاسی‌ و ڕیكلامی‌ هەڵبژاردن بەكاردەهێنن.

ناسیح عەبدولڕەحیم، چالاكوانی‌ مەدەنی‌ بە بزاڤ پرێسی‌ ڕاگەیاند: شەهید كردنی‌ كاوە ئەو وەهمەی‌ كە گوایە ناوچەیەك بۆ ڕۆژنامەنوسان ئارامە، ڕەواندەوە.

وتیشی‌: بێدەنگی‌ ئێستای‌ حزبەكان لە ئاستی‌ خوێنی‌ ڕۆژنامەنووسان و هاتوو هاواری‌ پێش هەڵبژاردنەكان ئەوەمان پێ دەڵێت كە خوێنی‌ ڕۆژنامەنووسان وەك كاڵایەكی‌ سیاسی‌ و ڕیكلامی‌ هەڵبژاردن بەكارهێنراوە و هەر ئەمەشە هۆكاری‌ ئەوەی‌ حزبەكان دەست دەبەن بۆ كوشتنی‌ ڕۆژنامەنووسان.

ناسیح عەبدولڕەحیم ئەوەش ئاشكرادەكات: ئەوەی دوای شەهیدکردن ڕۆژنامەنووسان بۆیان دەکرێت ئەگەر پێشتر و لەکاتی هەڕەشەکردنەکانیان پشتگیری بکرێن ئەوا دەسەڵات و حزبەکان جورئەتی ئەوە ناکەن ڕۆژنامەنووس تیرۆر بکەن.

لەلایەكی‌ دیكەوە و لە بەیاننامەیەكی‌ كۆمیتەی‌ هەڵەبجەی‌ ڕێكخراوی‌ كوردۆساید-چاك و گرووپی‌ شەقامدا، كە وێنەیەكی‌ دەست بزاڤ پرێس كەوتووە، هاتووە: بەداخەوە دەسەڵاتی‌ یاسا و دادوەریش لەلایەن حزبەكانەوە بەلاڕێدا براوە و نەیانتوانیوە كەیسەكانی‌ تیرۆر و ڕەشەكوژی‌ ڕۆژنامەنووسان و قەڵەمە ئازادەكان و دەیان كەیسی‌ گرنگ و چارەنوس سازی‌ تر یەكلایی‌ بكەنەوە، هەربۆیە لەم یادەدا جەخت دەكەینەوە دەبێت دەسەڵاتی‌ دادوەری‌ گوڕێك بەخۆی‌ بدات و ڕێچكەی‌ ئاسایی‌ خۆی‌ بگرێتەبەر ستەمكاران و تاوانباران ڕاپێچی‌ بەردەم دادگا بكات.

ئەوەشی‌ تێدا هاتووە:لەم یادەدا دەڵێین هەموومان كاوە گەرمیانین دژ بە گەندەڵ و ستەمكارانین، دژ بەڕەشەكوژی‌ و تیرۆرین، دژ بە پێشێلی‌ یاساین.

كاوە گەرمیانی‌ لە بەرواری‌ ٥-١٢-٢٠١٣ دا و لە بەردەم دەرگای‌ ماڵی‌ باوكیدا لەلایەن چەند چەكدارێكی‌ نەناسراوەوە دەدرێتە بەر دەستڕێژی‌ گوللە و گیان لەدەست دەدات.