30/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
سەرۆکی پەرلەمان: دەبێت بە گوتارێکی یەکگرتووی نیشتمانییەوە قسە لەگەڵ دەرەوەی خۆمان بکەین.
سەرۆکی پەرلەمان: لە بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی لە بڕۆکسل
دەبێت بە گوتارێکی یەکگرتووی نیشتمانییەوە قسە لەگەڵ دەرەوەی خۆمان بکەین.
لە یەکەمین وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ دەرەوەی وڵات، ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی ئەورپا، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، سەردانی بارەگای سەرەکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی لە بڕۆکسل کرد و لەگەڵ(زوبێر ئایدار، رەمزی قەرتاڵ، حاجی ئەحمەدی، ڕۆدی مەجید)ئەندامانی سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کۆبوویەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بە کارەکانی ئەم خولەی پەرلەمان کرد و ئاماژەی بە یەکێتی نەتەوەیی نێوان پارچەکانی کوردستان کرد و خەباتی مەدەنیانە و دیموکراسییانەی لە پارچەکانی کوردستان بەرز نرخاند." لە بارەی تایبەتمەندی پارچەکانی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان وتی "دەبێت هەمو لایەک ڕێز لە تایبەتمەندی خەباتی سیاسی پارچەکانی تری کوردستان بگرین و دەتوانین بە گوتارێکی یەکگرتووی نیشتمانییەوە قسە لەگەڵ دەرەوەی خۆمان بکەین."
دواتر زوبێر ئایدار و حاجی ئەحمەدی، بەناوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردەوە، نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەڕەوشی سیاسی باشوری کوردستان خستە ڕوو، هەڵوێستی نەتەوەییانەی پەرلەمانی کوردستانیشیان لەبەرامبەر ڕووداوەکاندا بەرز نرخاند، بەتایبەتی لەم خولەدا، پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی پێشوازی لە لایەنە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان کرد و پەرلەمان سەۆکی هەمو هێزە کوردییەکان بوو."
لەبارەی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بەوەدا، جێگەی سەرسوڕمانە هێزێکی سیاسی هەبێت دەزگایەکی شەرعی و هەڵبژێراوی وەک پەرلەمان پەک بخات و ڕێگە نەدات سەرۆکی پەرلەمان بچێتەوە سەرکارەکەی، پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان ڕووخساری دیموکراتی هەرێمی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات خستە ژێر پرسیارەوە.