پۆلیسی سلێمانی چەند تۆمەتبارێكی دەستگیركرد كە شەوانە تەقەیان لە ماڵی هاوڵاتیان دەكرد، هەندێكیشیان پێنج سكاڵایان لەسەر بووە.
موقەدەم ئیسماعیل نووری، ئەفسەری بنكەی پۆلیسی ڕزگاری بە بزاڤ پرێسی ڕاگەیاند: لەلایەن بنكەكەیانەوە شەش تۆمەتبار دەستگیركراون، بەهۆی تەقەكردن لە ماڵی هاوڵاتیان.
وتیشی: دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەلایەن سەرچاوە تایبەتەكانیانەوە مەفرەزەكان توانیویانە شەش تۆمەتبار دەستگیربكەن.
ئەو ئەفسەرە ئەوەیشی ووت: ئەوانەی دەستگیركراون كاریان ئاژاوەگێڕی بووە لە گەڕەكی شێخ محێدینی شاری سلێمانی بە سواری ماتۆڕسكیلەوە تەقەیان لە ماڵی هاوڵاتیان كردووە.
موقەدەم ئیسماعیل ئەوەشی ئاشكراكرد: ئەو تۆمەتبارانە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٢٦ ساڵیدایە و لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا، دوو دەمانچەی بێ مۆڵەتیان پێ بووە پێشتریش پێنج سكاڵای یاساییان لەسەر تۆماركراوە.
تۆمەتبارەكان ئێستا دەستگیركراون بە گوێرەی ماددەی ٤٩٥ لەیاسایی سزادانی عێڕاقی دەستگیركراون و دانیان ناوە بەتاوانەكانیاندا.