لاهور شێخ جەنگی،هیچ حیزب و لایەنێک ناتوانێت ئیرادەی پەرلەمان پەکبخات
23/11/2015 نوسەر: bzavpress

لاهور شێخ جەنگی،هیچ حیزب و لایەنێک ناتوانێت ئیرادەی پەرلەمان پەکبخات


سەرۆکی پەرلەمان و بەڕێوبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاریی کۆبونەوە.

لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان سوپاسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی دژە تیرۆری کرد، کە قارەمانانە بەرگرییان لە خاکی کوردستان دەکەن، دژ بە تیرۆرستانی داعش.
ئەمڕۆ ٢ شەممە، ٢٣-١١-٢٠١٥ د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیکرد لە لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی هەرێمی کوردستان. لە کۆبونەوەیەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان دەستخۆشی لە کارو چالاکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری و دژە تیرۆرکرد لە پاراستنی هەرێمی کوردستان، لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان باسی لە بارودۆخی کوردستان و ململانێی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و وتی "پێویستە ڕێز لە دامودەزگا شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت، کە دەربڕی ئیرادەی گەلی کوردستانە، دەبێت هاوسەنگی سیاسی لە نێوان لایەنەکاندا بپارێزێت و ڕێگریی لە قۆرخکاریی بگیرێت.
لاهور شێخ جەنگی، لە بارەی پەکخستنی پەرلەمان و کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، وتی "هیچ حیزب و لایەنێک ناتوانێت ئیرادەی پەرلەمان پەکبخات، چونکە پەرلەمانی کوردستان دەزگایەکی شەرعی و هەڵبژێراوی خەڵکی کوردستانە. ئەوەی لە ڕابردوشدا بەرامبەر بە پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەرامبەر بە حیزب و لایەنێکی دیاریکراو نەکراوە، بەرامبەر ئیرادەی خەڵکی کوردستان وپرۆسەی دیموکراتی کراوە".