داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ نێوان ئه‌مریكا و عیراق ده‌كرێت
20/11/2015 نوسەر: bzavpress

داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ نێوان ئه‌مریكا و عیراق ده‌كرێت


كوتله‌ی‌ ئه‌حرار له‌په‌رله‌مانی‌ عیراق داوایكرد حكومه‌تی‌ به‌غدا رێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ عیراق له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و به‌دوای‌ هاوبه‌شی‌ نوێدا بگه‌ڕێت.

ریاز غالی‌ ساعدی‌ په‌رله‌مانتاری‌ كوتله‌ی‌ ئه‌حراری‌ سه‌ربه‌ڕه‌وتی‌ سه‌در له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، زۆربه‌ی‌ ئه‌و هێرشانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا له‌لایه‌ن فرۆِكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌ناو له‌دژی‌ رێكخراوی‌ تیرۆرستی‌ داعش ئه‌نجامدراون، یه‌كه‌كانی‌ سوپا و حه‌شدی‌ شه‌عبییان كردۆته‌ ئامانج و هه‌ندێك جار ئه‌و هێرشانه‌ بوونه‌ته‌ فریادڕه‌سی‌ چه‌كدارانی‌ داعش.

ساعدی‌ ووتیشی‌، ئه‌گه‌ر به‌راوردی‌  هێرشی‌ فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی‌ رووسیا بكه‌ین بۆسه‌ر مۆڵگه‌كانی‌ رێكخراوی‌ تیرۆرستی‌ داعش له‌سوریا و ئه‌و زیانه‌ی‌ به‌و رێكخراوه‌ گه‌یشتووه‌ له‌گه‌ڵ هێرشی‌ فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی‌ ئه‌مریكا بۆسه‌ر تیرۆرستانی‌ داعش گه‌لێك نیشانه‌ی‌ پرسیار دروست ده‌بن به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی‌ سوودی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژی‌ نێوان عیراق و ئه‌مریكا كه‌له‌سه‌رده‌می‌ نوری‌ مالكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ عیراق واژۆكرا.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ كوتله‌ی‌ ئه‌حرار ووتیشی‌، به‌وپێیه‌ی‌ ئه‌مریكا شكستی‌ هێناوه‌ له‌له‌ناوبردنی‌ تیرۆرستانی‌ داعش، پێویسته‌ جارێكی‌ تر به‌غدا بیر له‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتننامه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی‌ بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ واشنتۆن و به‌دوای‌ هاوبه‌شێكی‌ راسته‌قینه‌دا بگه‌ڕێت كه‌ توانای‌ له‌ناوبردنی‌ رێكخراوی‌ تیرۆرستی‌ داعشی‌ هه‌بێت.